fbpx
Shadow Shadow

ڕوفاتى ئەنفالکراوان چییان لێدەکرێت؟

وەزارەتی شەهیدان: نزیکەی 80 ڕوفات لە یەک گۆڕى بەکۆمەڵی سەماوەدان

14:55 پێنج شه‌ممه‌ 25 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

کارکردن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە بەردەوامە، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش ڕایدەگەیەنێت، تائێستا یەک گۆڕ هەڵدراوەتەوە کە  نزیکەی 80 ڕوفاتی تێدایە و سەرجەمیان ژن و منداڵن.

.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی هەڵدراوەتەوە لە سەماوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نزیکی 80 ڕوفاتی تێدایە و سەرجەمیشیان ژن و منداڵن.

.

وتیشی، تائێستا ڕوفاتەکان هەر لە شوێنی خۆیاندان و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەیانن و پێدەچێت ڕۆژی شەممە دەستبکرێت بە هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان، پاشان دەبرێنە بەغدا بۆ پشکنین.

.

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئاماژەی بەوەشكرد: “لە بەغدا لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووفاتەکان دەکرێت و پشکنینی مۆخیان بۆ دەکرێت، دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بە خاک سپاردن”.

.

هاوکات فوئاد عوسمان ڕەتیکردەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا هیچ ئاسەوارێک یاخود شتێکی تایبەتی قوربانییەکان دۆزرابێتەوە و باسی لەوەکرد، ڕەنگە لەکاتی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکاندا ئاسەوار و شتی تایبەتی ئەو قوربانیانە بدۆزرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی لەوشێوەیە نەدۆزراوەتەوە.

.

سەبارەت بەوەی کە ئایا پشکنین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکرێت، بۆ ئەوەی ناسنامەی ڕوفاتەکان دیاری بکرێن، فواد عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە پرسێکی گەورە و گشتییە و تەنها تایبەت نییە بەو ڕوفاتانەی سەماوە، لە ئێستادا تەنها کۆدێک لەسەر قەبری ئەو قوربانیانە دادەنرێت و هەرکات پشکنین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان کرا، ئەوکات بەپێی کۆدەکە ناسنامەی قوربانییەکە دەدۆزرێتەوە.

.

باسی لەوەشکرد، پاش تەواوبوونی کارەکانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە، دەستدەکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە.

.

پارێزگای سەماوە دەکەوێتە ناوەڕاستی عیراق و 280کم لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، لە رۆژئاوای شارەکەوە بیابانێکی گەورە هەیە و بەپێی زانیارییەکان ڕوفاتی سەدان هاوڵاتی ئەنفالکراوی کورد لەو ناوچەیەدا لەناو چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵدان.

.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل