fbpx
Shadow Shadow

وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

20:33 چوار شه‌ممه‌ 21 ئاب 2019
article image

ناس کورد-

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە بە ئامادەبوونی سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان بەڕێوەچو، چەند بڕیارێکى تایبەت بە کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی ده‌رچوو، گفتوگۆش له‌باره‌ی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کرا، لە کۆی بڕیارەکانیشدا “جەخت لە  کوالیتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان کرایەوە”.

,

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2019 ئەنجومەنی وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2019ی بەسەرپەرشتی ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و ئامادەبوونی سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان ئەنجامدا.

,

لە کۆبوونەوەکەدا ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا بە سەرۆکى زانکۆکانى هەرێمى ڕاگەیاندووە: “پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکان لەڕوی کوالیتی، فەراهەمکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی، ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و گەشەکردنی توێژینەوەی زانستی، گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کواڵێتی زانستیان، هەروەها ڕیفۆرمی کارگێڕی و دارایی بکەن بە خاڵی سەرەکی بەرنامەی کار”.

,

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەتى خوێندنى باڵا:

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت چەند ڕاسپاردەیەکی تر گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا لەوانە:

,

کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسی ئەکادیمی، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی هەرێم بەهەمان ستانداردەکانی پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەی کۆتایی بە شێوەیەکی مەرکەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایی نوێی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵی ئەکادیمی (2019-2020) دەردەچێت.

,

سەبارەت بە و کاندیدانەی کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەی ئیمیدیست، لە دوای ڕێکەوتی (24/8/2019) پاڵپشت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی خۆیان.

,

سەبارەت بە داواکارانی نازناوی زانستی، سێنتەرەکانی زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنی پێشنیاز و چارەسەری تایبەت بە پرسی زمانی ئینگلیزی بەهۆی ئەوەی داواکارانی نازناوی زانستی کەیسی جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.

,

لە داهاتوودا ستراتیژیەتی وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانی زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی دابڕێژن بۆ ئەوەی لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنی سەرجەم سێنتەرەکانی زمان.

,

لەم خاڵانەی سەرەوەدا ڕەچاوی ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنی کواڵێتی زمانی ئینگلیزی.

,

سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەی کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجی  توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەی بکات، بەڵام بڕوانامەی پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانی مەرجی زمان.

,

لەبارەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندنی باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکایەتی دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەی ئامادەکردنی ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

,

سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەی داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

,

بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و بەدەستهێنانی سەرجەم مەرجەکانی نازناوی زانستی و بڵاوکردنەوەی دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانی دەرەوەی شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانی (سەڵاحەدین – سلێمانی – دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەی زانکۆکان دەکرێت.

,

لەسەر داوای خۆیان و، لەچوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکی قازانج نەویست.

,

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان ڕاو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵەکانی تری کۆبونەوەکە خستەڕوو کە پەیوەست بون بە پرس و بابەتەکانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل