fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

کاتی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت

وەزارەتى کارەبا نوێترین زانیارى لەبارەى دۆخى کارەباى نیشتیمانى ڕادەگەیەنێت

11:19 دوو شه‌ممه‌ 02 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

خراپی دۆخی کارەبا بەردەوامە و بەوهۆیەوە گۆڕانکاریی لە کاتی پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکاندا دەکرێت، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، ئەگەر خواست لەسەر کارەبا لەئێستا زیاتر نەبێت، پێدەچێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بتوانن کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکەن.

.

لەئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەوهۆیەوە قایمقامییەتی سلێمانی مۆلیدە ئەهلییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتیمانیدا بەیانیان لە کاتژمێر 6:30 خولەک تا 8:00، لە 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 1:00ی شەو، کارەبا بدەن بە هاوڵاتییان.

.

لەوبارەیەوە ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ناس کوردی ڕاگەیاند “دۆخی کارەبا تا ناوەڕاستی ئەم مانگە هەر بەوشێوەیە دەبێت، بەڵام ئەگەر لە دوو هەفتەی داهاتوودا، بڕی غاز لە وێستگەی خۆرمەڵە زیاد بکرێت و هەروەها وێستگەی نوێی خەبات بکەوێتە کار، پێدەچێت پێدانی کاتژمێرەکانی بە هاوڵاتیان زیاد ببێت”.

.

وتیشی، لەڕاستیدا ئەوەش گرەنتی زیادبوونی کارەبا ناکات، چونکە لەگەڵ ئەو زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبایەدا، پێویستە خواست جێگیر بێت، ئەوکات ڕێژەی پێدانی کارەبا زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر خواست لەسەر کارەبا زیاد بێت، ناتوانن کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکەن.

.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕوونیشیکردەوە، پێویستە هاوڵاتیان فێری ڕۆشنبیری بەکارهێنانی کارەبا ببن و ئەوانیش لە هەوڵی ئەوەدان، پێدانی کارەبا جێگیر بکەن بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەردوولا بتوانن دۆخەکە بەرەو باشتر ببەن.

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کارەبا، لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادیكردووە و گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی پێنج هەزار مێگاوات، لەكاتێكدا وەزارەتی كارەبا لە توانایدایە سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت.

.

بەپێی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان توانایی بەرهەمهێنانی شەش هەزار و700 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام لە ئێستادا سێ هەزارو 200 میگاوات بەرهەم دەهێنێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل