Shadow Shadow

"هاوڵاتیان هۆکارن"

وەرزی گەرما یان وەرزی ئاگرکەوتنەوە؟

20:52 هه‌ینی 07 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەمڕۆ هەینی بەشێک لە دەغڵودانی جوتیارانی گوندەکانی قاسم ئاغا و بەرلووت و بەردەسور لە گەرمیان سووتان کە زیاتر له‌ 50 دۆنم ده‌غڵودان و خه‌له‌ی هاولاتیان به‌هۆی ئه‌و ئاگره‌وه‌ سوتاوه‌.

.

هاوکات لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژندا تەنها لە سنوری پاڕێزگای دهۆک نزیکەی 106 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە و هەروەها ئاگر لە چیای گۆیژەی شاری سلیمانی بەربوو، هاوکات هەولێریش بەدەر نەبوو لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و چەندین دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە دووەم رۆژی جەژندا لە پردێ سوتان، لە یەکەم ڕۆژى جەژنیشدا ئاگر لە چیاى گۆیژە و ئەزمەڕ کەوتەوە.

.

جگە لە کەوتنەوەی ئاگر لە شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر و بازاڕی میوە فرۆشان لە ڕانیە و بازاڕی قەیسەری لە شارەزوور و نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و دەغڵودانی جوتیاران لە هەورامان و چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی لەماوەی ڕابردوودا.

.

وەرزی گەرما یان وەرزی ئاگرکەوتنەوە؟

 

.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە لە هەرێم لە وەرزی گەرمادا چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە دروست دەبن، بەشێوەیەک لاى هاوڵاتیان وەرزی گەرما لە هەرێمی کورستان بە وەرزی ئاگرکەوتنەوە ناودەبرێت و لەمساڵیشدا زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان سوتانی پوش و پاوان و زەوی کشتوکاڵی بوون.

.

 

لەبارەى ئاگرەکانى دهۆکەوە، بێوار عەبدولعەزیز، وتەبیژی بەرگری شارستانی دهۆک به‌ ناس كوردی ڕاگه‌یاند: “له‌ماوەی سێ ڕۆژی جه‌ژندا 106 ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕویانداوە و ته‌نیا له‌ چیای زاوا هەشت هه‌زار دۆنم زه‌وی چیاكه‌ سوتاوه‌، هەروەها سه‌دان دۆنمی دیکەش له‌ شوێنەکانى دیکەى پارێزگاکە سوتاون”.

.

وتەبیژی بەرگری شارستانی دهۆک ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی ئەو ڕووداوانە ئاگرکەوتنەوە بووە لە پوش و پاوان و دەشتەکان و زۆرینەشی بەهۆی خەڵکەوە بوون.

.

وەرزی گەرما یان وەرزی ئاگرکەوتنەوە؟

 

 

.

لەلایەکى ترەوە لە دوومین ڕۆژی جەژندا ئاگر لە دەغڵودانی جواتیارانی سنوری پردێ بەربوو، بەهۆیەوە چەندین دۆنم زەوی سووتان و لە شاری سلێمانیش ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دۆنم زەوی چیاکە سووتا، بەڵام تائێستا هیچ ئامارێکی ورد لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

.

هەموو ئەوانە و جگە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنوری کەرکوک و خانەقین بە سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیاران سووتاون.

.

بەرپرسانی بەرگری شارستانی هاوڵاتیان بە کەمتەرخەم دەزانن و پێیانوایە بەشێوەیەکی هۆشیارانە مامەڵە ناکەن، بۆیە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی گەرمادا بەوشێوە زۆرە زیا دەکەن.

.

 

وەرزی گەرما یان وەرزی ئاگرکەوتنەوە؟

.

بێوار عەبدوڵعەزیز دەڵێت، هاوڵاتیان بەهیچ شێوەیەک هۆشیارنین لەوبارەیەوە و بەشێک لەو ئاگرانە بەهۆی ئاگرکردنەوەیەکی بچوکی منداڵانەوە بووە یاخود خەڵک ئاگری لە پوشی نزیک ماڵەکەی بەرداوە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

.

هەر لەو بارەیەوە ڕێکان جەمال، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” هاوڵاتیان بەهیچ شێوەیەک هاوکارمان نین و هۆشیاریش نین لەبارەی پاراستنی ژینگە و زۆرینەی ئەو ئاگرانەی لە دەشتەکان و چیاکان دەکەونەوە بەهۆی پاشماوەکانی هاوڵاتییانەوەیە”.

 

.

هاوکات سەبارەت بە ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، بێوار عەبدولعەزیز، هۆشداریدا، بەشێکی زۆر لە ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکاندا بەهۆی خراپی سیستمی کارەبا و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتییە، کە لەو ڕووەوە بازاڕەکانی هەرێم بەگشتی زۆر خراپن.

.

وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 بازاڕی سلێمانیان ئاگادارکردووەتەوە لە خراپی کوالێتی سیستمی کارەبای بازاڕەکان و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، بەشێکیان پابەند بوون پێوەی و بەشێکیشیان پابەند نەبوون و تا ئێستا چاک نەکراون و مەترسین بۆ کەوتنەوەی ئاگر.

.

.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل