fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"مەترسییەکانی کلۆر زۆر لە سودەکانی زیاترە"

وردەکاری بەکارهێنانی کلۆری بەسەرچو بۆ ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانی سلێمانی [تایبه‌ت]

14:48 دوو شه‌ممه‌ 10 شوبات 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایدەکەن، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کلۆری بەسەرچوو دەکرێتە ناو ئاوی ماڵانەوە، به‌وته‌ی پسپۆڕێکی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانیش “کلۆریش وەک هەموو مادەیەکی دیکە بەسەردەچێت وهەرکەس لەکاتی بەکارهێناندا ئەو کلۆرە ببینێت، هەرگیز ئاوی ماڵان ناخواتەوە”. 

.

“لە ساڵی 2018وە کلۆری بەسەرچوو دەکرێتە ئاوی ماڵانەوە”

.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند  :”ئەو کلۆرەی ئاشکرامان کردووە لە کۆگایەکدا هەڵگیراوە کە بەهیچ شێوەیەک شیاونییە بۆ هەڵگرتنی دەرمانێکی لەو شێوەیە و لە ساڵی 2018شەوە بەسەرچووە، بەڵام تاوەکو دوێنێ (یەکشەممە) بەکارهێنراوە و کراوەتە نێو ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانەوە”.

.

بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو کۆگایە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانییە و ئەوان بەرپرسیارن لەو كاره‌.

.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رونیكرده‌وه‌، دۆسییەکەیان داوەتە داواکاری گشتیی سلێمانی و لەئێستادا بەکارهێنانی کلۆرەکە وەستێنراوە و چاوەڕوانن دەستیبەسەردا بگیرێت و لایەنی بەرپرس و کەمتەرخەمیش ڕوبەڕوی دادگا بکرێتەوە. 

.

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی قسه‌یه‌كی تری هه‌یه‌

.

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدات كه‌ ئەو بەروارەی لەسەر دەبەی کلۆرەکان هەن هی بەسەرچوون نییە، بەڵکو هی کاریگەری کلۆرەکەیە و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو بەروارەی دیاریکراوە کلۆرەکە کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە، نەوەک بەسەربچێت.

.

بەختیار تاهر، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی به‌ ناس كوردی وت “سبەینێ (سێشه‌ممه‌) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەی خۆمان دەدەین و ڕاستییەکان ئاشكرادەکەین”.

.

پسپۆڕێكی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان كلۆر و شێرپه‌نجه‌ ده‌كات 

.

عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت، پسپۆڕی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان بۆچونێکی دیکەی هەیە و بۆ ناس كوردی رونكرده‌وه‌:”کلۆریش وەک هەر مادەیەکی دیکە بەسەردەچێت و لەگەڵ بەسەرچونیدا چەندین زیانی هەیە بەتایبەتی بۆ شێرپەنجە”.

.

له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ کاسترۆ مەعروف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هۆشداری ئه‌وه‌یدا، هەرکەس و تاقیگەیەک بڵێت ئەو کلۆرە ڕێگەپێدراوە دەیدەن بە دادگا و سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن. 

.

هاوکات ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی به‌پێویستیزانی پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێته‌ ده‌نگ به‌وپێیه‌ی بابەتێکە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە. 

.

كلۆر خۆی چییه‌؟ 

.

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی سەرچاوە ئاوییەکان پێكهاته‌ و بایه‌خی كلۆری رونكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد :”بەکارهێنانی کلۆر بۆ کوشتنی بەکتریا و ڤایرۆسی ناو ئاوە، بەڵام زیانێکی زۆر زیاتری هەیە لە سودەکانی و هۆکارێکە بۆ توشبوون بەشێرپەنجە، لەئێستاشدا لە زۆر وڵاتی دنیادا بەکارهێنانی قەدەغەکراوە و مادەی دیکە بەکاردەهێنرێت”.

.

وتیشی، ئەگەریش کلۆرەکە بەسەرچوبێت ئەوا زیانەکەی دوو هێندە و سێ هێندە زیاد دەکات و هێندەی دیکە مەترسیدار دەبێت.

.

به‌وته‌ی پسپۆڕە تایبەتەكه‌ کێشەیەکی زۆر گەورەی کلۆر ئەوەیە ئەگەر تێکەڵ بە مادە نەوتی و گازییەکان بكرێت ئەوا دەبێتە هۆی دروستبونی خانەی شێرپەنجەیی، کە لە هەرێمیشدا بەهۆی زۆری نەوت و کانزاکانی ژێر زەوی ئەستەمە مادەکانی ژێر زەوی تێکەڵ بە ئاو نەبن، بۆیە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. 

.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ “کلۆر مادەیەکی هێندە پیس و خراپە و بەشێوەیەک هێندە پیس بەکاردەهێنرێت، ئەگەر لەکاتی بەکارهێناندا هەرکەس بیبینێت، ئەوا چیتر ئەو ئاوە ناخواتەوە کە لێرە دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت”. 

.

به‌پێویستیزانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چیتر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی بەکارهێنانی کلۆربدات و ڕێگایەکی دیکەی بۆ بگیرێتەبەر. 

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل