fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

بەرگریى کۆمارییەکان و تۆمەتى دیموکراتەکان

وردەکاریی یەکەم دانیشتنى دادگاییکردنی ترەمپ

09:50 چوار شه‌ممه‌ 22 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد –

یەکەم دانیشتنى دادگاییکردنى ترەمپ لە ئەنجومەنى پیران، مشتومڕ و تۆمەتبارکردنى بەخۆوە بینى لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا، لەبارەى پڕۆسەکەوە.

.

ڕۆژی سێشەممە 21ی کانونی دووەمی 2020، دوای زیاتر لە سێ مانگ لەهەوڵی چڕی دیموکراتەکان دواجار دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی بەردەم دادوەری گشتی کرا لەهۆڵی ئەنجومەنى پیران، لەبەردەم سەرجەم ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە.

.

هەرچەندە دادگاییکردنەکە بۆ دۆناڵد تڕەمپ بوو، بەڵام ئەو لە داڤۆس بوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوە و دیدارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس، لەجێگای خۆی چەند پارێزەرێکی خۆیی ناردبووە کۆنگرێس بۆ ئەوەی لە تۆمەتی “بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات بەخراپی و لەمپەڕ دروستکردن بۆ کارەکانی کۆنگرێس” پارێزگاری لێبکەن.

وردەکاریی یەکەم دانیشتنى دادگاییکردنی ترەمپ

لەسەرەتای دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەمەدا، دیموکراتەکان ئەو تۆمەتانەی کە تڕەمپیان پێ تۆمەتبارکردبوو خستیانەڕوو، لەبەرامبەر ئەو تۆماتانەشدا کۆمارییەکان بەتوندی وەڵامیان دانەوە و چەندین جار دەنگ بەرزکردنەوە و وەڵامدانەوەی توند دروستبوو.

.

مێتش ماکونیل سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا ڕایگەیاند “پێویستە زۆر بەزویی ئەو گروپە پارێزەرەی کە دابینکراون کاربکەن بۆ بێبەریبونی سەرۆک ترەمپ لەو تۆمەتانە، چونکە ئەم دادگاییکردنە لەسەر وڵاتەکەمان زۆر بەخراپی کەتووە”.

.

لەبەرامبەردا، جاک شومەر، سەرۆکی حزبی دیموکراتەکان ڕایگەیاند “هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن کۆمارییەکانەوە کە دەیانەوێت گۆڕانکاری لە ئەنجامی دادگادا بکەن و تڕەمپ بێبەری نیشان بدەن و حساب بۆ بەڵگەکانی دادگا نەکەن”، ئەوەشی بە “شاردنەوەى تاوان ناوبرد”.

.

هاوکات ئادەم شیف ئەندامی دیاری دیموکراتەکان وتى “بڕوا بەوە ناکەین کە ئەو دادگاییکردنەی کە بەڕێوەدەچیت دادپەروەر بێت و بڕواش ناکەین ئەنجومەنی پیران بەپاکی کاری خۆیان بکەن، چونکە ئەنجومەنی پیران بڕیاری پێشوەختەیان داوە و پێش دادگاییکردنەکە بڕیاریان داوە کە ترەمپ هیچ تاوانێکی نییە”.

.

وتیشی “کۆمارییەکان دەیانەوێت هەرچی زووە دانیشتنەکەی ترەمپ کۆتایی پێ بهێنن و ڕیگە نەدەن کە بەڵگەکانمان بەتەواوەتی باس بکەین”.

.

لەلایەکی دیکەوە بات سیپۆلۆنی ڕاوێژکاری کۆشکی سپی و پارێزەری سەرۆکی ئەمریکا وتی “دانیشتنەکە زۆر بە  شێوازێکی دروست و دادپەروەرانە دەچێتە پێشەوە و هیچ دۆسیەیەک تیناپەڕێنرێت و لێکۆڵینەوە لە هەموو دۆسییەکان دەکرێن و وەڵامی هەموشیان دەدەینەوە”.

وردەکاریی یەکەم دانیشتنى دادگاییکردنی ترەمپ

بەشێکی زۆر لە ئەندامانی دیموکراتەکان، ترەمپیان بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وەسف کرد و دۆسیەیەکی 121 لاپەڕەیی پڕ لە تۆمەتیان ئاڕاستەی سەرۆکی دادگاکە کردووە بۆ ئەوەی شکست بە ترەمپ بهێنن.

.

دادگاییکردنە لەلایەن جۆن ڕۆبرتس، سەرۆکی دادگای باڵای ئەمریکیەوە بەڕێوەدەبرێت کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەیە و دانیشتنەکەش تەنها لەڕۆژی سێشەممەدا شەش کاتژمێری خایاند، بڕیاریشە بەدرێژایی ئەمڕۆ و پێنج‌ ڕۆژی داهاتوش دانیشتنەکە بەردەوام بێت، بەڵام بڕیارەکانی دەتوانێت وادەی دانیشتنەکە کەم بکاتەوە.

.

ئەمەش سێهەم جارە کە لەمێژوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەرۆکی وڵات ڕوبەڕوی دادگا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەپۆستەکەی لاببرێت.

.

بۆ ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە دوای دادگاییکردنەکەی دەبێت 67 کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ بۆ لابردنی ترەمپ بدەن لەکۆی 100 ئەندامەکەیان، ئەوەش لەکاتیکدایە دیموکراتەکان تەنها 45 ئەندامیان هەیە لەو ئەنجومەنە لەکاتێکدا لەبەرامبەردا کۆمارییەکان 53  ئەندامیان هەیە.

.

کۆمارییەکان بەشێوەیەکی گشتی سەرجەمیان پاڵپشتی لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن و بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی پیرانیشەوە لەلایەن کۆمارییەکانەوە مەحاڵ دەبێت کە دیموکراتەکان بتوانن ترەمپ لەسەرۆکایەتی ئەمریکا دوربخەنەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل