fbpx
Shadow Shadow

وردەکاریی یاسای تاپۆکردنى زەوى و خانوە زیادەڕۆکان..چارەنوسى باخ و ڤێلاکان چى دەبێت؟

15:26 شه‌ممه‌ 09 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد – هۆرڤان رەفعەت

 

ئەو پێشنیازە یاسایەى پەرلەمانى کوردستان پەسەندیکردووە بۆ تاپۆکردنى زەوى و خانوە زیادەڕۆکان چەندین ڕێوشوێنى لەخۆگرتووە لەبارەى تاپۆکردنى ئەو زەوى و خانوانەوە، بەڵام پێشنیازەکە ڤێلا و باخەکان ناگرێتەوە.

.

ڕۆژی چوارشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2019 پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بەدەنگی 100 پەرلەمانتار پێشنیازى یاسای به‌خاوه‌نکردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر کراوه‌ و کراون بە خانو له‌ سنورى شاره‌وانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان پەسەندکرد.

.

بەپێی یاساکە، دەبێت ئەو زەوییە زیادەڕۆیانەى خانویان لەسەر دروستکراوە، بەمەبەستى نیشتەجێ بوون بێت نەک مەبەستى دیکە و ماستەرپلانى ناوچەکەى تێکنەدابێت.

.

هاوڕێ مەلا ستار سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لەپەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند “دەبێت ئەو زەویە کشتوکاڵی نەبێت و لەماستەر پلانی نوێی ناوچەکەدا بۆ (مزگەوت – قوتابخانە – نەخۆشخانە – باخچە و پارک و جاددە قیرەکان و شوێنە خزمەتگوزارییە گشتییەکان) تەرخان نەکرابێت و ماستەرپلانی نوێی تێک نەدابێت، پاشان بۆی تاپۆ دەکرێت”.

.

یاساکە، تاوەکو سنوری 500 مەتر بۆ ناحیە، 400 مەتر بۆ سنوری قەزا، 300 مەترى بۆ سنورى پارێزگا دیاریکردووە کە دەتوانرێت داواى تاپۆکردنى بکرێت.

.

هاوڕی مەلا ستار وتى “مەرجە  زەوییەکە خۆی زەوی نیشتەجێبون بێت نەوەک زەوی ناوچەی کشتوکاڵی و پیشەسازیی و مەتروکە بێت”.

.

نرخی تاپۆکردنی خانوە زیادەڕۆکان چەندە؟

بەپێی یاساکە، لەبەرانبەر تاپۆکردنى هەر زەوییەکى زیادەڕۆدا دەبێت هاوڵاتى پارە بدات بە حکومەت، نرخەکەش بەپێی شوێنى زەوییەکە دەگۆڕێت.

.

هاوڕێ مەلا ستار باسى لەوەکرد “بۆ هەر مەتر دوجایەک بۆ پارێزگاکان 15 بۆ 30 هەزار دینار دیاریکراوە، لە قەزاکانیش بۆ هەر مەتر دوجایەک 10 بۆ 15 هەزار دینار، لە ناحییەکانیش بۆ هەر مەترێک 5 بۆ 8 هەزار دینار دیاریکراوە”.

.

وتیشی “ئەگەر هەر هاوڵاتییەک زەویەکی داگیرکردبوو زیادەڕەوی کردبوو بەڵام ئەو یاسایەی ئێمە نەیگرتەوە، واتە زیادەڕەوی کردبووە سەر زەوی شوێنە گشتییەکان و ماستەر پلانی نوێی ناوچەکەی تێک دابوو، ئەوا لێی وەردەگیرێتەوە”.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، بەڵام هاوڵاتییەکە دەتوانێت هەر کەرەستەیەکی خانوەکە کە سودی لێ ببینێت بیبات بۆ خۆی و بەکاریبهێنێت، هەروەها بەپێدانی 200 مەتر زەوی لەشوێنێکی دیکە قەرەبوو دەکرێتەوە.
.

“خراپترین یاسا”

بەشێک لەپەرلەمانتاران ڕەخنە لەیاساکە دەگرن و “بەخراپترین یاسا” ناوى دەبەن، بەشێکى دیکەشیان دەڵێن ئەو نرخەى دانراوە لەبەرانبەر تاپۆکردنى زەوییەکاندا زۆرە.

.

یاسین خزر ئەندامى لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بەناس کوردی وت  “من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دەرکردنی ئەم یاسایە نەبووم، من پێم باش بووە ئەو کەسانەی کە ئەو زەویە بێ تاپۆیانەیان پێشتر فرۆشتوە بە هاوڵاتییان دەستگیربکرێن و سزا بدرێن، نەوەک زەوی زیادەڕەۆ نایاسایی تاپۆ بکرێت”.

.

ئەو پەرلەمانتارە یاساکەى بە ” خراپترین یاسا” دانا کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندى کردبێت.

.

بەڵام سەرچنار ئەحمەد ئەندامى لیژنەی شاروانی و گەشتوگوزار بۆ ناس کورد وتی “یاساکە بەشێوەیەکی گشتی باشە بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک کەسی سەرمایەدار و بەرپرس کە پێشتر ئەو زەویانەیان دابەشکردووە و فرۆشتووە بەسەر خەڵکدا لێى سودمەند دەبن”.

.

باسی لەوەشکرد “ئەو نرخانەی کە دانراوە بۆ ئەو زەویانە زۆرە، چونکە ئەو کەسانەی ئەو زەویانەیان کڕیوە خۆیان کەمدەرامەت بوون بۆیە لەوێ کڕیویانە، ئێستا ئەگەر هاوڵاتییەک بیەوێت خانووەکەی تاپۆ بکات دەبێت پارەیەکی زۆر بدات ئێمەش گلیمان لەوە هەبووە بەڵام بۆ ئەوەی کە خانووەکان بەفەرمی تاپۆ بکرێن بە باشمان زانیوە یاساکە پەسەندبکرێت”.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، کێشەیەکی دیکەی ئەو یاسایە ئەوەیە تا ئێستا بەشێک لەقەزا و ناحییەکان ماستەر پلانیان نییە.

.

بەپێی یاساکە، لە ئێستادا هاوڵاتییەک ئەگەر زەوییەکی 200 مەتری زیادەڕۆی هەبێت و بیەوێت تاپۆی بکات، ئەگەر لەسنوری پارێزگادا بێت، دەبێت نزیکەی شەش ملیۆن دینار بدات و ئەگەریش لە سنوری قەزادا بێت دەبێت نزیکەی سێ ملیۆن بدات، هەروەها لە ناحیەشدا بێت دەبێت نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار دینار بدات.

.

چارەنوسی باخ و ڤێلاکان

یاساى تاپۆکردنى زەوى و خانوە زیادەڕۆکان هیچ چارەسەرێکى بۆ کێشەى ئەو هەزاران باخ و ڤێلایانە دانەناوە، کە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەشێوەى زیادەڕۆ دروستکراون.

.

یاسین خزر ئەندامی  لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری ڕایگەیاند “ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک باخ و زەوی و ڤیلاکان ناگرێتەوە و تاپۆ ناکرێن، چونکە بەشێک لەو باخ و ڤێلایانە هیچ تاپۆ وعەقد و بەڵگەنامەیەکیان نییە بۆ کڕین و مامەڵەکردن پێیانەوە”.

.

هیواشى خواست بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت یاسای تاپۆکردنی باخ و ڤێلاکان بچێتە پەرلەمان “چونکە بەو شێوەیە هەموو کوردستان لەسەر بەرپرسان و دەوڵەمەندان تاپۆ دەکرێت، یەک بست زەوی حکومەت نامێنێت”.

.

هەروەها سەرچنار ئەحمەد وتی “هەتا ئێستا ئەو بابەتە نەهاتووەتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام دەبێت بێتە پەرلەمان و ئەوەش بابەتێکی گرنگە، دەبێت بەوردی کاری بۆ بکەین بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت زەوییە کشتوکاڵییەکان داگیر بکرێن”.

.

وەزارەتی شارەوانی چاوەڕێی پەرلەمانە

تا ئێستا یاساکە لە ڕۆژنامەى وەقائیعى کوردستان بڵاونەکراوە و نەنێردراوە بۆ وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار تا بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

.

کوردۆ شایان بەڕێوبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ناس کوردی وت “تا ئێستا ئەو یاسایە نەهاتووەتە وەزارەتی شارەوانی و چاوەڕێی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی کاربکەین بۆ جێبەجیکردنی یاساکە”.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل