fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

بۆچى سیستەمەکە غازەکەى نەگرتەوە؟

وردەکاریی گڕگرتنى غازى بەشە ناوخۆییەکى کچان لە سلێمانى [تایبه‌ت]

21:46 یه‌ك شه‌ممه‌ 09 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

درەنگانى شەوى ڕابردوو دەنگى ناڵەیەکى گەورە خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکى کچانى سەر بە پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى تاساند، کە لەژورێکى بەشە ناوخۆییەکەوە بیسترا و بەدوایدا دەنگى هاوارى چەند کچە خوێندکارێک هات.

.

ڕووداوەکە کاتژمێر 10ى شەو ڕوویدا، کاتێک خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکە چوونە شوێنەکە، بینیان دوکەڵ لە شوێنەکە بەرزدەبێتەوە و دوو کچە خوێندکار برینداربوون.

.

خوێندکارێکى بەشە ناوخۆییەکە بۆ ناس کوردى گێڕایەوە، شەوى ڕابردوو لەپڕ گوێیان لە دەنگى تەقینەوە و هاوار بووە و بەدەم روداوەکەوە چوون و سەیریان کردووە دوو هاوڕێیان بە سوکى برینداربوون بەهۆى ئاگرەکەوە.

.

وتیشى”هۆکارى روداوەکە کرانەوەى چاوەکانى غاز بووە، هەرچەندە کەموکوڕی دیکەش هەیە، هەندێک کێشەى غازیشمان هەیە پێشتریش خوێندکارێک ویستبوى ئاگر بدات لەیەکێک لەچاوەکان بەڵام کڵپەى کردبوو”.

.

بەشە ناوخۆییەکە دەکەوێتە نزیک پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى لە گەڕەکى بەختیارى و هەر ژورێک هەشت خوێندکارى تێدایە.

.

سه‌لارنورى، بەرپرسى بەشە ناوخۆییەکانى کچانى سەر بەپەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى بە ناس کوردى وت”دەستبەجێ چوینەتە بەشە ناوخۆییەکە و بۆمان دەرکەوت روداوەکە بەهۆى کەمتەرخەمییەوە بوە، چاوى غازەکەیان کردوەتەوە و جێیان هێشتوە و ئەوەى دواتر کە چووە ویستویەتى ئاگرى لێبدات تەقیوەتەوەو ئەو روداوە رویداوە”.

.

وتیشى “ئەمشەویش بەهەمان شێوە ئەو کەمتەرخەمییە کراوە و غازەکە بەردراوەتەوە، ئەو خوێندکارانەى بریندار بوون براونەتە نەخۆشخانە برینەکەیان زۆر سوک بووە و گەڕاونەتەوە، کامێراى چاودێرى بەسەرغازەکانیشەوە هەیە، لیژنەیەک چوین و سەیرمان کردوەتەوە و بۆمان دەرکەوتووە روداوەکە بەو شێوەیە بووە”.

.

سیستەمى غازى بەشە ناوخۆییەکە سیستەمێکى تایبەتى هەیە کە ئەگەر غازەکە بکرێتەوە بەبێ ئەوەى گڕى لێبدرێت ڕاستەوخۆ سیستەمەکە دەیگرێتەوە، بەڵام لەم رووداوەدا سیستەمەکە کاری نەکردووە.

.

سەلار نورى وتى “سیستمى غازەکان نوێن و پشکنینیان بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام هۆکارى ئەوەى هەستەوەرەکە نەیگرتوەتەوە ئەوەیە نەگەیشتووەتە ئەوەى بگاتە ئاستى بڕینى غازەکە، هەروەها بە تەنیشت ئەو چاوەوە چاوێکى تر ئیشى کردوە و ئاگرى پێوە بووە، ئەگەر ئاگر بە چاوەکانیەوە نەبێت ئەوە ئەو کاتە دایدەخاتەوە”.

.

ئەمە یەکەمجار نییە ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە لە بەشە ناوخۆیی خوێندکاران لە سلێمانى بکەوێتەوە، پێشتر چەند ڕووداوێک ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە چەند خوێندکارێک برینداربوون.

.

ساڵانە بەشە ناوخۆییەکان لەلایەن بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سلێمانىییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و پێویستە مەرجەکانى سەلامەتیان بۆ دابنرێت، تا خوێندکاران لەهەر ڕووداوێک بەدوربن کە رووبدات.

.

رێکان محەمەد، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى بە ناس کوردى وت “ئێمە بەدەم روداوەکەوە چوین و شتێکى زۆر سادە بوو، دوو کچ زۆر بە سوکى برینداربوون”.

.

باسى لەوەشکرد، هەموو ئەو بەشانە ساڵانە پشکنینیان بۆ دەکەن، ئەگەر پێویستیان بەهەرچیەک بێت بەدەمیانەوە دەچن و ناوبەناویش سەردانیان دەکەن و رێنماییان دەدەنێ، هەروەها لەکاتى نوێکردنەوەى مۆڵەت سەرجەم مەرجەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکەن.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل