fbpx
Shadow Shadow

"لەبازگەیەکى حکومەت رێگرى لێکراوە نەک بازگەى پارتى"

وتەبێژی پارتی لە سلێمانی هۆکاری ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی ئاشکرا دەکات

16:51 پێنج شه‌ممه‌ 19 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە لەسەر قسەکانی پێشوی بەرامبەر مەسعود بارزانی، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کرابێت بۆ چوونە ناو هەولێر، دەشڵێت، هەولێر ئارامە و پێویست ناکات بەرپرسێک بەو هەموو هێز و چەکە قورسەوە بچێتە ئەو شارە.

,

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ى ئەیلولی 2019، لە بازگەی سماقوڵی ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرا بچێتە ناو شاری هەولێر و لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند: “ئەوەى بەرامبەر مەحمود سەنگاوی کراوە لە بەرامبەر هەموو هاوڵاتییانى هەرێمی کوردستان کراوە، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین ئەمە قبوڵ نەکەن چونکە ئێمەش وەک یەکێتى ئەمە قبوڵ ناکەین”.

,

لەبەرامبەردا عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “با بابەتەکە ڕوون بێت بۆ خەڵک و بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکرێت، کاک مەحمود سەنگاوی لە بازگەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە یەکێتیش شەریکی ئەو حکومەتەیە ڕێگری لێکراوە ، نەوەک بازگەی پارتی”.

,

ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی پێیوایە بەهۆی بوونی هێزێکی زۆر و چەکی قورس لەگەڵیدا ڕێگرییەکە کراوە و ئاماژەی بەوەشکرد: “یەکێتی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستپێکردووە و بەوهۆیەشەوە بەرپرسەکانیان هێز و پاسەوانەکانیان زیاتر کردووە و بە چەکی قورسەوە بە ناو شاردا دەگەڕێن، هەر بەوهۆیەشەوە ڕێگری لەو هێز و چەکە زۆرە کراوە لە بازگەکە، نەوەک لە کاک مەحمود سەنگاوی خۆی”.

,

سەبارەت بەوەی وەک پارتی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مەحمود سەنگاوی هەیە؟، لەسەر ئەو قسانەی لە ڕابردوودا لەسەر مەسعود بارزانی کردبووی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد: “ئێمە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا بەیەک ڕاهاتووین، هەندێک جار هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی قسەی نابەرپرسیارانە دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا پێویستە بەرپرسانی هەرێم و حیزبەکان بە بەرپرسیارێتییەوە قسە بەکەن و ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەخەنە مەترسییەوە، پێویستیشە ڕێز لە ڕەمزەکانی نیشتیمان بگرین، نەوەک هێرشیان بکەینەسەر، لەگەڵ ئەوەشدا کاک مەحمود لەسەر ئەو قسانەی ڕێگری لێنەکراوە”.

,

هاوکات سەبارەت بەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆى ئەوە هەیە “یەکێتی بڕیاریداوە ڕێگە بە بەرپرسانی پارتی نەدەن بچنە ناو شاری سلێمانی”، عەتا شێخ حەسەن جەختیکردەوە: “هیوادارم ئەوە هەڵوێستی فەرمی یەکێتی نەبێت، چونکە ناکرێت هیچ شوێنێکی ئەم  نیشتیمانە لە کەس قەدەغە بکرێت، ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت، پێویستە بچوک بکرێتەوە و لەشوێنی خۆیدا چارەسەر بکرێت، نەوەک کاردانەوەی لێبکەوێتەوە”.

,

هەر لەبارەی ڕووداوەکەوە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان هاتەدەنگ و هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی  نیشتیمانیدا ڕایگەیاند: ” پێویستە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەهیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ نەکەن و بە زووترین کاتیش وەک فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبنەوە و هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن”.

,

ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی لە بازگەی سماقوڵی لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا لە لێدوانێکیدا هێرشی توندی کردەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەخنەی توندی لێگرت.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل