Shadow Shadow

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی: یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستی بەكۆدەنگی هەیە

16:07 دوو شه‌ممه‌ 01 نیسان 2019
article image

ناس كورد-

كۆبوونەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەسلێمانی كۆتایهات و وتەبێژی كۆمەڵ رایدەگەیەنێت “تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان پارتی و كۆمەڵ نەكراوە بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم”.

ئەمڕۆ (دووشەممە) شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانی سەردانی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی كرد، لەپاش كۆبوونەوەكە و لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی، وتی “كۆبوونەوەیەكی ئاسایمان لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامداوە و هیچ داواكارییەكمان لەلایەن شاندی یەكێتی لێنەكراوە”.

بەوتەی رێبوار حەمەد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان پارتی وەك پێكهێنەری حكومەت و كۆمەڵی ئیسلامی نەكراوە، لەو بڕوایەشدا بوو كە بەشداریكردنی كۆمەڵ لەكابینەی نوێی حكومەتدەبێت لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەكانی ئەو حزبە یەك بگرێتەوە.

روونیشیكردەوە، هەڵوێستی سیاسی كۆمەڵ سەربەخۆیە، و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەیە و لەگەڵ ئەوەن كە حكومەت، حكومەتی خەڵك و خزمەتگوزار بێت.

لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، وتەبێژەكەی كۆمەڵ جەختی كردەوە “پێویستە سیستمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ڕەهەندی نیشتمانی هەیە و هەمواری نوێی یاساكە لە پەڕلەمان دەبێت كۆدەنگی لەسەر هەبێت”.

لەلایەكی دیكەوە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەی وەفدی یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی” كۆبوونەوەكە پلان نییە، ئەمە درێژەیی كۆبوونەوەیەك بوو كە پێشتر بڕیاری لەبارەوە درابوو، لەگەڵ یەكگرتووش كۆدەبینەوە”.

وتیشی”یەكێتی لەنێوان رێككەوتن و هەر چارەسەێكی دیكەدا، رێككەوتنی شەرەفمەندانەمان دەوێت و پەراوێزخستن و ژێردەستەیی بەیەكێتی قبوڵ ناكرێت”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل