fbpx
Shadow Shadow

وتەبێژی عەبدولمەهدى: لە باڵەخانەی مەتعەم تورکی خۆپیشاندەران مادەی تەقینەوە دروست دەکەن

19:16 دوو شه‌ممه‌ 11 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران لەنێو باڵەخانەی مەتعەم تورکییەوە مادەی تەقینەوە دروست دەکەن و “دەیانەوێت باڵەخانەکە بڕوخێنن”، ئاماژە بەوەشدەکات، “هێزە ئەمنییەکان توندووتیژیان بەکار نەهێناوە”.

,

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2019، عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگیاند: “بەشێک لە خۆپیشاندەران تاڵانی و دزی و کارى تێکدەرانە ئەنجامدەدەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لەناوەڕاستی بەغداد بەتەواوەتی جموجوڵی هاتوچۆکردنیان ڕاگرتوە”.

,

خەڵەف وتیشی: “چەند لایەنێک کە لەنێو خۆپیشاندەرانن گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە لەناو مەتعەم تورکییدا سەرقاڵی دروستکردنی مادەی تەقەمەنی بن بۆ ئەوەی باڵەخانەکە بتەقێننەوە و هەموو ئەو کەسانەی لەباڵەخانەکەدایە بکوژن، هەروەها بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران لەسەر ئەو باڵەخانە نزیکەکانی گۆڕەپانی خەیلانی لەناوەڕاستی بەغداد کاری تێکدەرانە دەکەن”.

,

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکردووە: “خۆپیشاندەران نارنجۆکی دەنگی، چەک، چەقۆ، کەتەر و مۆلۆتۆڤیان دژ بەهێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە و کاری دیکەی تێکدەرانەشیان کردووە، قوتابخانەیەکیان سوتاندووە و سێ باڵەخانەی حکومەتیشیان لە ناوەڕاستی بەغداد سوتاندووە، بۆیە چەند کەسێکیشمان لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیرکردووە و نامانەوێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت”.

,

ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی عێراق خۆپیشاندەرانى ناسڕییەشی بەوە تۆمەتبار کرد، سێ پردی سەرەکی شارەکەیان داخستوە و ڕێگای هاتوچۆی هاوڵاتییانیان گرتوە.

,

“هێزە ئەمنییەکان تائێستا بەهیچ شێوەیەک هێزیان بەکارنەهێناوە دژی خۆپیشاندەران، بەڵکو ئەوان بۆ پارێزگاری خۆپیشاندەران لەو ناوچەیەن و ئەمڕۆش لە بەغداد تەنها چوار خۆپیشاندەر بە سوکی برینداربوون و ئەوانیش بەخێرایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان”، وەک عەبدولکەریم خەڵەف وتویەتى.

,

ئەم وتانەی وتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، لەکاتێکدایە کە وەک میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان پێکردووە، ماوەی دوو ڕۆژە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشێوەیەکی زۆر توند ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەشی بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان زۆر بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان ئەدەن.

,

بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش کە هەر یەکە لە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ و لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە لە 1ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەى کوژراوان لە 300 کەس تێپەڕیوە کە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیشیان تێدایە، لەگەڵ زیاتر لە 11 هەزار بریندار.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل