fbpx
Shadow Shadow

هەڕەشەى وەرگرتنەوەى رەگەزنامە لە شاجوانى عێراق دەکرێت

22:05 شه‌ممه‌ 13 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، داوا دەکات ڕەگەزنامەی عێراقی لە سارا عێدان شاجوانی عێراق وەربگیرێتەوە بەهۆی بەرگریکردنی ناوبراو لە ئیسرائیل، عێدانیش دەڵێت “ئەوان ڕەگەزنامەیان لە ئەبو بەکر بەغدادی وەرنەگرتەوە، خێرە لە منی وەردەگرنەوە”.

.

دوای ئەوەی شاجوانی عێراق، سارا عێدان، لە لاسفیگاس، لە ئەمریکا بەشداری کێبڕکێى شاجوانی گەردون دەکات بۆ ساڵی 2017، پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ شاجوانی ئیسرائیل  “ئادار گاندلسمان” دەبەستێت و چەند وێنەیەکیش پێکەوە دەگرن، عێدانیش لە هەژمارەی خۆی لە ئەنستاگرام  بڵاویاندەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەکردنی شەقامی عێراقی و هەڕەشەی کوشتنى لێدەکەن.

.

سارە عیدان لە 7ى ئەم مانگە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت کە نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەری و ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە نەیتوانیوە سەردانی وڵاتەکەی بکات و مەترسی کوشتنی لە سەرە.

.

عێدان، لە چاوپێکەوتنەکانیدا بەردەوام داوای ئەوە دەکات عێراق و ئیسرائیل ئاشتی لە نێوانیان بەرقەرار بکەن، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیش بە تیرۆریست ناوزەند دەکات.

هەڕەشەى وەرگرتنەوەى رەگەزنامە لە شاجوانى عێراق دەکرێت

.

لە بەر ئەو هەڵوێستانەی عیدان ، لە ئێستادا لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق داوایکردووە، ڕەگەزنامەی عێراقی لە شاجوانی پێشوو وەربگیرێتەوە، لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر حەماس و بەرگریکردن لە ئیسرائیل.

.

عەلی غانمی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری  بەغداد ئەلیوم ڕایگەیاندووە “ئەوەی عیدان دەیکات و دەیڵێت تاوانە ئەگەر سزای ئەو تاوانەش وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی بێت ئەوا ئێمە جێبەجێى دەکەین”.

.

سارا عیدان، لە لێدوانیکیدا بۆ کەناڵی حورە دەڵێت “لە ئێستادا من لە ئەمریکا دەژیم ، بەڵام ئەوە پاساو نییە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ڕەگەزنامە عێراقیەکەم بم ئەوە ئەستەمە”.

.

دەشڵێت: “وڵاتانی ئیمارات و سعودیە بزوتنەوەی حەماس بە تیرۆریست ناودەبەن، کێشە چییە ئەگەر منیش  هەر وەک ئەوان وەسفی بکەم”.

.

سارا ڕەخنەشی لە حکومەتی عێراق گرتووە و دەڵێت:”بەچ مافێک دەیانەوێت ڕەگەزنامە لەمن وەربگرنەوە،  تیرۆرستێکی  وەک ئەبوبەکر بەغدادی ڕەگەزنامەکەیان لێوەرنەگرتەوە، خێرە لەمنی وەردەگرنەوە”.

.

سارا عەیدان لەدایكبووی ساڵی 1990ى بەغدایە و نمایشكاری جلوبەرگ و چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە، ساڵی 2009 وەک وەرگێڕ لەگەڵ سوپای ئەمریکا کاری کردووە و ساڵی2017 بۆ پێشبڕکێی شاجوانی گەردونی چووەتە ئەمریکا.

.

چیرۆکی سارا  لەوێوە دەستپێدەکات، کاتێک لە ئاهەنگێکدا وێنەیەکی لەگەڵ شاجوانی ئیسرائیل “غاندلسمان” بڵاوکردەوە، شەقامی عێراقی لەخۆی تووڕە کرد، لەو کاتەشەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە عێراق و خێزانەکەشی ماوەی دوو ساڵە عێراقیان جێهێشتووە.

هەڕەشەى وەرگرتنەوەى رەگەزنامە لە شاجوانى عێراق دەکرێت

.

ساڵی ڕابردوو لەماوەی چەند مانگێکدا چوار ژنە چالاکی عێراقی لەلایەن چەکدارى نەناسراوەوە کوژران کە یەکێکیان نمایشکاری جلوبەرگ بوو بەناوی تارا فارس.

.

شاجوانی پێشووی عێراق دەڵێت، هەمان مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئەویش هەیە و لە ئێستاشدا چەندین هاوڕێی خۆی یەکێک لەوانەش، بەناوی شەیما قاسم بەرەو ئەردەن هەڵهاتووە.

.

سارا ،جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە دەربڕینی ڕای ئازادانەی خۆی، جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئامادەیە سەردانی ئیسرائیل بکاتەوە ئەگەر بێتو بانگهێشت بکرێت، بەوپێیەی لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو سەردانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی جووەکان لەشارى قودس.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل