fbpx
Shadow Shadow

هەوڵی عەبدولمەهدی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حەشدی شەعبی

16:05 سێ شه‌ممه‌ 02 ته‌موز 2019
article image

ناس بیروڕا – یاسین تەها

.

یاسین تەها

عادل عەبدولمەهدی بەفەرمانێكی دیوانی هێزەكانی حەشدی شەعبی كردە بەشێكی دانەبڕاو لە هێزە چەكدارەكانی عێراق كە مەرجەعیەتیان فەرماندەی گشتی و سەرۆك وەزیرانە. ئەم فەرمانە كە بڕێك جیدییەت و رێوشوێن لەداڕشتنەوەیدا بەدی دەكرێت لەپاش دەرچونییەوە لە ئێوارەی یەكەم رۆژی تەمموز جێگەی مشتومڕو هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆرە، هەندێك بە تێكەڵكردنی حەشد و سوپا تێی دەگەن وەك لە بڕگەكانیدا بە دەق هاتووە، هەندێكیتر پێیانوایە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە بەو پێیەی “دەستەی حەشدی شەعبی” هێشتووەتەوە وەك پێكهاتەو یەكەیەكی سەربازیی جیاواز، ئەمەش رێگر دەبێت لەبەردەم دابەشكردنی چەكدارەكانی بەسەر لیواو فەوجە سەربازییە عێراقییەكاندا وەك ئەوەی هەندێك كەس هیوایان هەیە بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە عەقائیدییەی كە خەریكە دەبێتە دەوڵەت لەناو دەوڵەتداو لەپاش كۆتاییهاتنی شەڕی داعش خەریكی دروستكردنی پێگەو نفوزەو باوەڕ وەهایە دەوروبەری 24% دەسەڵاتی یاسادانانی بەدەستەوە بێت لەرێگەی كوتلە پەڕلەمانییەكانەوە.

.

كێشەی حەشدی شەعبی بە میرات لە عەبادییەوە بۆ عەبدولمەهدی ماوەتەوە، ئەویش لە كۆتاییەكانی سەردەمی مالیكی و سەروبەندی دەركەوتنی داعشەوە وەریگرت (2014)و عەبادی هیچ قسەو بڕیارێكی نەبوو لە دامەزران و پەرەسەندنیدا. عەبادی هەوڵی زۆریدا ڕشمەی گروپەكانی حەشد بگرێت و هیچ نەبێت بڕێك كۆنترۆڵیان بكات، بەئاشكرا كەوتە رەخنەگرتنی گەندەڵی فەرماندەكانی و باسی بندیوار و كێشەی خواردنی موچەكانی چەند جار كردە تەوەرەی باس، ڕەخنەی زۆری گرت لە دەستێوەردانی هەندێ گروپیان لەسوریا، لەمەشدا پشتیوانی دەرەكی و سعودی بەدەستهێنا و بووە جێگە هیوای سوننەكان، بەڵام سەرەنجام ئیرادەی ئەوان سەركەوت و لەكۆتاییەكانی رۆژگارەكانی ویلایەتەكەیدا بۆ رازیكردنیان فەرمانی دەركرد بۆ باشكردنی موچەو دەرماڵەكانیان و بەر لەوەش هەوڵیدا لەگەڵیاندا بەیەك هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردن بكات.

.

هۆكاری ئاڵۆزی دۆخی حەشد دەگەرێتەوە بۆ سروشتی پێكهاتەكەی، لەناو ئەم هێزە سەربازییەدا كە ریشەی خۆیان دەگیڕنەوە بۆ فەتوای سیستانی گروپه‌كانی “موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی” هەن كه‌ درێژكراوه‌ی پرۆژه‌ی سوپای پاسدارانن و هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ولایه‌تی فه‌قیهن له‌ چه‌شنی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با و كەتائیبی حیزبوڵڵا و هاوشێوەكانیان كه هه‌رچه‌نده بەڕواڵەت‌ عێراقین‌ به‌ڵام به‌ فه‌رمانی تاران ڕە‌فتار ده‌كەن و تەنها بودجەو كۆمەك و پیتاكیان لەسەر دەوڵەتی عێراقە. ئەم گروپانە بەمدوایاننە بوونەتە بەشێك لە كێشەو قەیرانە ئیقلیمییەكان و لە خروقاتە ئەمنییەكانی ناوچەی سەوز و هاویشتنی رۆكێتدا هەمیشە باس و ناویان ئامادەیە، ئەمەش مایەی كێشەیەكی گەورەیە بۆ حكومەتی عێراق كە بەرەنگاری گوشاری ئەمەریكی دەبێتەوە بۆ سنور دانان بۆ سەرەڕۆیی كێشیان.

.

بەشێوەیەكی گشتی ژماره‌ی گروپەكانی حه‌شد‌ به‌ دەوروبەری 50 یه‌كه‌ی چه‌كدار ده‌خه‌مڵێنرێن، هەرچەندە هەندێك لەوانە سەر بەمەرجەعیەتی نەجەف و موقتەدا سەدرن، بەڵام به‌شی زۆریان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان لینكیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تاران، هه‌ندێك ئاماری میدیاكانی ئه‌مه‌ریكاش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كۆی 66 گروپی چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی 44 گروپیان راسته‌وخۆ ته‌ره‌فدارو شوێنكه‌وته‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی و ئاینی ئێرانن و ته‌نها به‌ ناو ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌یه‌و زۆر جاریش ئه‌و گروپانه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن گرنگی زیاتریان پێدراوه له‌ پاره‌داركردن و پڕچه‌ككردن‌ تا ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شد كه‌ عێراقین و زیاتر نیشتیمانیترن بۆ نمونه‌ له‌ بودجه‌ی سالانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ 1.6 ملیار دۆلار بوه‌ بۆ 2017  “فرقة العباس القتالية ‌” كه‌ سه‌ر به‌ مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باسه‌ 1% له‌و بودجه‌یه‌ پێدراوه‌ و 28% ئه‌م گروپه‌ له‌م پاره‌یه‌ سودمه‌ند بوون به‌ڵام ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس كه‌ بودجه‌كه‌‌ دابه‌ش ده‌كات 100% كه‌تایبی سه‌یدولشوهه‌دای سودمه‌ند كردوه‌ له‌ كۆمه‌كه‌ داراییه‌كان‌ چونكه‌ نزیكن له‌ خۆی و له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بەپێچەوانەی گروپە عێراقییەكانی حەشدەوە.

.

جگە لەمەش گروپەكانی حەشد لەناوچە سوننە رزگاركراوەكان بەردەوام تۆمەتبار دەكرێن بە رەتاندنەوەی ئابووری، بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانی خەڵك، هەوڵی بە شیعەكردنی ناوچە سوننەكان، ئەمە جگە لەتۆمەتی قاچاخچێتی و ئاودیوكردنی نەوت و هەوڵی گۆڕینی مۆركی زەوییە كشتوكأڵییەكان لە پشتێنەی بەغدا، كە هەموو ئەمانەش كێشەو گرفتن بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رۆژانە بەم هۆیەوە ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە، یان لەلایەن ئەمەریكی و ئەوروپی و وڵاتانی كەنداوەوە گوشاری لێدەكرێت بۆ سنور دانان بۆیان.

.

سەدر پێشوازی گەرمی لە بڕیارەكەی عەبدولمەهدی كردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكەی خۆی كە “سرایا السلام” ـه، بەڵام قەیس خەزعەلی و هەندێك رێبەریتری گروپە شیعەكان بەجۆرێكیتر فەرمانەكەی عەبدولمەهدی دەخوێننەوە و پێیاوایە پاڵپشتی لۆجستی و نیزامی زیاتر بۆ حەشد دابین دەكات لە رێگەی كەڵك وەرگرتنی لە تواناكانی سوپاو هێزە چەكدارەكانەوە كە ئەمەش دوو تێگەشتنی پێچەوانەیە، بەڵام لەسایەی مانەوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا ئەم هێزانە لەبۆتەی هێزە چەكدارەكانیتری عێراق ناتوێنەوە و لەژێر هەمان ناونیشان دەمێننەوە و هەڵوەشاندنەوەیان لەدەستی عەبدولمەهدیدا نییە كە منەتی زۆری تاران و هێزە شیعەكانیتری بەسەرەوەیە لە دانانی بە سەرۆك وەزیران بەبێ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی كردبێت یان هیچ كورسییەكی لە پەڕلەمان هەبێت، بەڵام رەنگە لەبەر پێداویستی بارودۆخەكە عەبدولمەهدی بتوانێت برێك چاكسازی لە رێكخستنی ئەو هێزانەدا بكات كە خۆیان بە پیرۆز دەزانن و لەسەردەمی هاتنی داعشدا شیعەیان لەگەورەترین مەترسی قوتاركرد كە مەترسی لەناوچوون و كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكەیان بوو لەعێراق.

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل