fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

هەنگاو بەهەنگاو لە ئەمریکا دوردەکەوێتەوە

هەنگاوێکى نوێ بەغدا لە مۆسکۆ نزیکدەکاتەوە

08:43 شه‌ممه‌ 08 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

ئەمڕۆ روسیا و پێشتریش چین، حکومەتى عێراقى هەوڵى بەهێزکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزەى جیهان دەدات، ئەمەش لەکاتێکدایە هەنگاو بەهەنگاو لە ئەمریکا دور دەکەوێتەوە پەیوەندیەکانى نێوان بەغداو واشنتۆن چارەنوسیان نادیارە، دواى کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهدى موهەندیس لە بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە.

.

رۆژى پێنجشەممەى رابردوو 6/2/2020 وەزارەتى بەرگرى عێراق ئاشکرایکرد کە لەگەڵ روسیا قوڵکردنەوەى پەیوەندییە سەربازیەکانیان تاووتوێکردووە، ئەوەش لە کۆبونەوەیەکدا لەشارى بەغدا کە لەنێوان عوسمان غانمى سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق و مەکسیم ماکسیمۆف باڵیۆزى روسیا لە عێراق ئەنجامدراوە.

.

بەرپرسێکى باڵاى هەواڵگرى سەربازى عێراقى بە ئاژانسى ئەسۆشیەیتد پرێسى وتوە، روسیا پێشنیارى ئەوەى کردوە کە پشتگیرى سەربازى پێشکەش بە عێراق بکات ئەوەش بەهۆى تێکچونى پەیوەندییەکانى نێوان بەغداو واشنتۆن بەهۆى کوشتنى سولەیمانیەوە، چەند دەوڵەتێک ئاماژەیان داوە بە عێراق کە پشتگیرى بکەن و فڕۆکەى چاودێرى پێشکەش بکەن لەوانەش روسیا و ئێران.

.

پێشتریش چەند بەرپرسێکى سەربازى باڵاى عێراقى بەهەمان ئاژانسیان وتبوو، عێراق داواى لەسوپاکەى کردوە کە داواى هاوکارى لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دژى داعش نەکەن، هەروەها جەنەراڵ “فرانک ماکنزى” کە یەکێکە لەسەرکردە دیارە سەربازییەکانى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراقدا بە ماوەیەکى خراپدا تێدەپەڕێت.

.

ئەحمەد شەریفى شارەزاى سەربازى عێراقى بە ماڵپەڕى ئەلحورەى وتوە، بابەتى هەمەچەشنەیى لە چەکدا تەنانەت لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵ کراوە بەڵگەش بۆ ئەوە سوپاى میسرە کە هاوپەیمانى ئەمریکایە بەڵام چەندین جۆر چەکى وەک ئیتاڵى، روسى، فەرەنسى و چینى هەیە جگە لە چەکى ئەمریکى، بۆیە ئەگەر هەمەچەشنەیى چەک دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستە سەربازیەکان ئەوە قبوڵ کراوەو ئەمریکاش دژى ناوەستێت.

.

ئەو شارەزا سەربازیە دەڵێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە حکومەتى عێراقى لەماوەى دواییدا بەجدى دەستى کردوە بە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانى و ئارەزویەکى ئاشکرا هەیە بۆ چونە ناو هاوپەیمانى نوێ و کۆتایى هێنان بە پەیوەندیەکانى لەگەڵ ئەمریکادا، ئەو ئاراستانەش لە خواستە ئاشکراکانى ئێرانەوە دێت بەتایبەتى لە حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدیدا و دەیانەوێت لە حکومەتەکەى محەمەد تۆفیق عەلاویشدا ئەو ئاراستانە بهێڵنەوە.

.

ئەحمەد شەریفى پێیوایە، ئەو جوڵە و فشارانە بۆ ئەوەن ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ناچار بکرێت دانوستان لەگەڵ ئێراندا بکات، “ئەو نامەیە ئیستفزازى راى گشتى عێراقى دەکات چونکە بەرژەوەندیە باڵاکانى عێراقى تێدا نییە، هەروەها ئەوەش دەردەخەن کە بڕیار بەدەستانى سیاسى عێراقى گرنگى بە سەربەخۆیى وڵات و بەرژەوەندیەکانى نادەن و تەنها سەرقاڵن بە چارەسەرکردنى تەنگژەکانى نێوان تاران و واشنتۆن”.

.

بەوتەى شەریفى، لێکتێگەیشتنەکانى عێراق لەگەڵ روسیا سەرکەوتوو نابن چونکە لەگەڵ رێککەوتنەکانى نێوان بەغداو واشنتۆن بەریەک کەوتن دروست دەبێت، بەتایبەتى کە عێراق لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى پابەندە بە ئەمریکاوە لەبابەتەکانى پڕچەککردن و تواناکانى سوپاى عێراقى، بابەتى نزیکبونەوەش لە روسیا تەنها بۆ ئەوە ئاماژەى پێدەدرێت چونکە دەزانن کە لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێ ناکرێت، لەبەر ئەوەى پێویستى بە تواناى دارایى و فەلسەفە و ستراتیژێکى دوور هەیە لە ئیدارەدانى دامەزراوە ئەمنى و سەربازیەکاندا.

.

بەپێى بۆچونى شرەیفى، ئەو جوڵەیە پێچەوانەى پێشبینیەکانى گەلى عێراقیە و یەکدەنگى سیاسیشى نییە، هەروەها مەنتیقى نییە چونکە لەبەرژەوەندى عێراق نییە لەچوارچێوەى باڵانسە هەرێمى و نێودەوڵەتیەکاندا، روسیاش نایەوێت خۆى بخزێنێتە بوارە زیندوەکانى ئەمریکا بۆ نمونە عێراق، چونکە لە کاردانەوەى واشنتۆن دەترسێت، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى قورسە بۆ عێراق هاوپەیمانێکى ستراتیژى وەک ئەمریکا جێبهێڵێت کە خاوەنى سیستمێکى هاوپەیمانییە کە لە عێراق و کەنداوەوە درێژ دەبێتەوە بۆ حەوزى دەریاى ناوەڕاست، هەروەها ئەمریکا خاوەنى تەکنیکێکە کە عێراق دەتوانێت لەڕێگەیەوە پێداویستیەکانى سەروەرى دابین بکات بە هەرسێ دوریەکەیەوە کە لایەنى وشکانى و دەریایى و ئاسمانییە.

.

لەماوەى رابردودا عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى دەستلەکارکێشاوەى عێراق پێش دەستلەکارکێشانەوەى واژۆکردنى گرێبەستێکى لەبوارەکانى ژێرخان و پەیوەندیەکان و پیشەسازى  و ئاسایش و وزە لەگەڵ چیندا راگەیاند، ئەو رێکەوتنەش کە تائێستا بەندەکانى روون نین کاردانەوەى شەقامى عێراقى لێکەوتەوەو هەندێک پێیان وایە عێراق بە قەرز و بارمتەکردنى نەوتەکەیەوە دەبەستێتەوە، هەندێکیش پێیان وایە ئەو گرێبەستە بە فشارى ئێران واژۆ کراوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانى ئەو بیرکردنەوەیە ئەوەیە  ئەو لایەنە عێراقیانەى لە ئێرانەوە نزیکن باس لە گرنگى گرێبەستەکە دەکەن و پشتگیرى دەکەن و پێیان وایە کاریگەرى ئیجابى گەورەى لەسەر عێراق دەبێت ئەگەر جێبەجێ بکرێت.

.

لەسەرەتاى مانگى 10 ى  ساڵى 2019 خۆپیشاندانەکانى عێراق دەستیان پێکرد و تائێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەى 30 هەزار کەسیش بریندار کراون، زۆرینەى کوژراوەکانیش بە گولەى میلیشیاکانى سەربە ئێران بوون، چەندین جاریش ئەمریکا نیگەرانى خۆى لە توندوتیژیەکانى دژى خۆپیشاندەران پیشانداو ئیدانەى کرد، بەڵام تائێستا هیچ کاردانەوەیەکى دیارو ئاشکرا لەو وڵاتانەوەى کە عێراق دەیەوێت لێیان نزیکبێتەوە نەبیستراوە وەک چین و روسیا.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل