fbpx
Shadow Shadow

مەترسی لەسەر قەوارەى هەرێم هەیە؟

هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق و ترسی کورد لەو هەنگاوە

22:22 یه‌ك شه‌ممه‌ 03 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

پرسی گۆڕینی دەستوری عێراق نیگەرانی لەنێو سەرکردایەتیی کورد و هاوڵاتییانی هەرێم لێکەوتووەتەوە، چاودێرێکی سیاسی مەترسییە “ڕاستقینەکان”ی ئەو گۆڕانکارییانە دەخاتەڕو ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێتی و پارتی هەرگیز لەکاتی تەنگانەدا “یەکدەنگ” نەبوون، پەرلەمانتارێکیش بەدووری دەزانێت، بتواندرێت دەست بۆ دەستور ببرێت بە مەبەستى دروستکردنى مەترسی لەسەر قەوارەى هەرێم.

,

دەنگۆیەک هەیە کە لایەنە عێراقییەکان بیانەوێت لەڕێگەی گۆڕینی دەستورەوە سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق نەهێڵدرێت و قەوارەی هەرێمیش بچوک بکرێتەوە، پەرلەمانتارێکیش بەدووری دەزانێت ئەوە ڕوبدات عارف قوربانی، چاودێری سیاسیش دەڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا بێ هەڵوێست نابن.

,

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 28ی تشرینی یەکەمی 2019، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ لیژنەیەک لە نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستور پێکهێنا، بۆ ئەوەی لەماوەی چوار مانگدا لیژنەکە هەمواری دەستورەکە ڕادەستی پەرلەمان بکاتەوە.

,

عارف قوربانی، نوسەر و چاودێری سیاسی پێیوایە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کاتی خۆی کە دەستور لە عێراق نوسرایەوە کورد پێگەیەکی بەهێزی هەبو، بەپێچەوانەوە لایەنە عێراقییەکان لاواز بوون و ئەمریکاش لە نوسینەوەی دەستورەکەدا کاریگەری هەبو، بۆیە هەر دەستکاریکردنێک لە دەستوردا، هیچ دڵنیاییەک نییە کە ئەو مافانەی کورد بچەسپێندرێنەوە”.

,

قوربانى ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق بەرامبەر هەرێم ئەوەی سەلماندووە، کە بەغداد زۆرجار لە پرسە گرنگەکاندا بەشێوەی زۆرینە و کەمینە مامەڵەی لەگەڵ هەرێم کردووە و بۆیە دوورنییە لەو پرسەشدا ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکەن و دەستورێک بنوسرێتەوە کە مافەکانی کوردی تێدا جێگا نەکرێتەوە”.

 

هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق و ترسی کورد لەو هەنگاوە

,

“زۆرێک لە لایەنە عێراقییەکان بڕوایان بە فیدڕاڵی نییە”

سەبارەت بە هەوڵی نەهێشتنی فیدڕاڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەکانەوە لە دەستوری نوێدا، عآرف قوربانی ئاماژەی بەوەکرد: “خۆی لە ڕاستیدا زۆرێک لە لایەنە عێراقییەکان بڕوایان بە فیدڕاڵی نییە، پێیانوایە کە فیدڕاڵی لە سەردەمی داگیرکاری عێراقدا سەپێندراوە و دژین، بۆیە ئەوەی کە زۆر مەترسییە لەسەر کورد، پاشەکشەیە لە فیدڕاڵی”.

,

ئەو چاودێرە سیاسیە جەختیشیکردەوە، ترسێکی دیکە ئەوەیە کە بیانەوێت ئەو قەوارە دەستورییەی هەرێمی کوردستان وەک ئێستا نەهێڵن، یاخود بە شێوەیەک بچوکی بکەنەوە وەک خۆبەڕێوەبەری “ئۆتۆنۆمی” لێبکەن.

,

عارف قوربانی ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و مافە داراییەکان بەشێکی دیکەی کێشەکانی پەیوەست بە دەستورن، چونکە پێدەچێت لە دەستوری نوێدا بەشێوەیەک بێت بەهیچ شێوەیەک هەرێم نەتوانێت ئابوری سەربەخۆی خۆی هەبێت.

,

هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق و ترسی کورد لەو هەنگاوە

چارەنوسی هێزی پێشمەرگە لە هەموارکردنەوەی دەستوردا

 

لەبارەى چارەنوسی هێزەکانی پێشمەرگە، عارف قوربانی باسی لەوەکرد، لە کاتی نوسینەوەی دەستوردا لە ساڵی 2003 سوپای عێراق نەمابوو، بۆیە لەو هەلومەرجەدا ئەوە پەسەندکرا کە هێزی پێشمەرگە بمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە بەوشێوەیە نەبێت.

,

“سەرباری ئەوەی مافەکانی هێزی پێشمەرگە لەڕوی دارایی و پێداویستیی سەربازییەوە لە دەستوردا چەسپێندرا، بەڵام دەبینین زیاتر لە 15 ساڵە بەغداد نەچووەتە ژێر باری ئەو مافانەی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەغداد نایەوێت هێزی پێشمەرگە هەبێت، بۆیە دوورنییە ئەگەر بەغداد لە دەستوری نوێدا ڕازیش بێت بە مانەوەی هەرێم، ڕازی نەبێت بە مانەوەی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت ڕەنگە جۆری چەکی پۆلیسی هەرێمەکانیش ئەوان دیاری بکەن کە چ جۆرە چەکێک بێت”، عارف قوربانی وا دەڵێت.

,

“یەکێتی و پارتی هەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دژی یەکتر وەستاونەتەوە”.

 

لەپاش بڕیاری هەموارکردنەوەی دەستور، بەشێک لە سەرکردایەتیی کورد بە جیا هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێکدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ” پێمانوایە نابێت گۆڕینی دەستور بسەپێندرێت یان بەزۆر بێت و لەهەمان كاتیشدا نابێت ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیکە، پێویستە لەچوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستورییەكاندا بێت”.

,

لاى خۆشیەوە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێریی گشتیی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی گۆڕینی دەستور ڕایگەیاند، پشتگیری لە هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن تا ئەو ئاستەی زیان بە مافە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان نەگەیەنێت و هه‌رهه‌وڵێك له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه.

,

عارف قوربانی ڕەخنەی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەتایبەتی یەکێتی و پارتی گرت و ئاماژەی بەوەکرد، دەبوو هەر لەگەڵ بڕیاردان لە هەموارکردنەوەی دەستور، سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببونایەتەوە و بڕیاری هەماهەنگی تەواویان بدایە و دەستیان بە گفتوگۆ بکردایە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بەڵام بەداخەوە یەکێتی و پارتی و هەموو کات لە تەنگانە و کێشە نەتەوەییەکاندا “هەماهەنگ نەبوون و دژی یەک بوون”.

,

قوربانی باسی لەوەشکرد، گرنگە یەکێتی و پارتی بەشێوەیەکی جدی درک بە مەترسییەکانی ئەو پێشهاتە بکەن و ئەوە بزانن، کە پێش خەڵکی کوردستان ئەوان زەرەرمەند دەبن، چونکە ئەوان زیاتر لە خەڵک سودمەند بوون لە ڕابردوودا.

,

ئەو چاودێرە سیاسییە پێشنیازێکی بۆ سەرکردایەتیی کورد کرد ڕایگەیاند: “دوای 15 ساڵ دەرکەوت کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و مادەی 140 چارەسەرنەکرا، بۆیە من هیواخوازم کورد بیر لەوە بکاتەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببن بە هەرێمی دووەم، واتە هەرێمی دووەم دروست بکرێت”.

,

 

هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق و ترسی کورد لەو هەنگاوە

گەلی کورد دەتوانێت لەو پرسەدا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت؟

هاوکات موسەنا ئەمین، ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق بۆ ناس کوردی ڕونیکردەوە، بەگوێرەی دەستور نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە برگەکانی دەستوردا بکرێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم بەبێ رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان و رەزامەندی دوو لەسەر سێی دانیشتوان.

,

ئەو پەرلەمانتارە کوردە وتیشی: “بەدووری دەزانم ئەوە ڕووبدات، چونکە هەڵوەشاندنەوەی فیدڕاڵی لە عێراق پەیوەندی بە وڵاتانی ناوچەکە و دنیاوە هەیە و بەدڵنیاییەوە وڵاتان بەشداری لەو پرسەدا دەکەن”.

,

لە هەڵبژاردنی ڕابردووی هەرێمدا کەمتر لە 50٪ی هاوڵاتییان بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و هەڵوەشاندنەوەی هەر گۆڕانکارییەکی دەستوریش پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی هاوڵاتییان هەیە، کە ئەو بەشدارییەی هاوڵاتییان ناگاتە دوو لەسەر سێی دەنگی دەنگدەران.

,

لەوبارەیەوە قوربانی ئەوەی ڕوونکردەوە، ئەو هەڵبژاردنە جیاواز بوو لە دەنگدانێکی لەوشێوەیە، چونکە هەڵبژاردنەکانی دیکە دەنگدانە بە پەرلەمانتار و بە حیزب و لایەنی سیاسی، بەڵام ئەمە پرسی دەستور و داهاتوی گەلی کوردە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەر شتێکی لەوشێوەیە بکرێت، گەلی کورد هەڵوێستی جدی دەبێت تیایدا.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل