ناس کورد-
فەرماندەیی گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەدواى ڕێککەوتنى ئاگربەستەوە، تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان 108 هێرشیان کردووە و 82 پێگەیان بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بۆردومانکردووە.
.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانى پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنى ئاگربەست کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی کردبوو بە راوێژکردن لەگەڵ هەسەدە، سەرەڕاى پابەندبوونى هەسەدە لەو بارەیەوە.
.
باسى لەوەشکردووە، “لەو ڕۆژەوە کە ئاگربەست ڕاگەیەنراوە تا ئێستا، تورکیا 1100 کیلۆمەتر چوارگۆشەى داگیرکردووە،کە 56 گوند و چەندین کێڵگە لەخۆدەگرێت لە عەین عیسا و کۆبانێ و سەرێکانى و تلتەمر”.
.
هەسەدە ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە، نزیکەى 30 هەزار هاوڵاتى مەدەنى ئاوارەبوون و بەدەیان کەسیش شەهید و برینداربوون، 182 شەڕڤانیش شەهیدبوون و 243 شەڕڤانى دیکەش برینداربوون.
.
ڕۆژى 17ى تشرینى یەکەمى ڕابردوو تورکیا و ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاگربەست لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند و هەسەدەش پابەندبوونى خۆى بە ڕێککەوتنەکەوە ڕاگەیاند.
.
دواى ڕۆژێک لە ئاگربەستەکە هەسەدە تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانى بە شکاندنى ئاگربەست تۆمەتبارکرد.