fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

هەرێم ڕێگە لە کەس ناگرێت بچێتە چین.. ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی لەسەر بازرگانانی کورد هەیە؟

11:17 یه‌ك شه‌ممه‌ 26 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین و چەند وڵاتێکی دیکە لە بەرزبوونەوەدایە و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاوتوێی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە دەکات، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، تائێستا هەرێم لە دەرەوەی مەترسییەکانە.

.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە شاری ووهانی چین، ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و بەشێوەیەکی خێرا تەشەنەی کرد، تائێستا بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەی تووشبووان گەشتووەتە نزیکەی دوو هەزار کەس و 56 کەسیش بەو ڤایرۆسە گیانیانلەدەستداوە، جگە لەوەی نەخۆشییەکە لە چەند وڵاتێکی دیکەش وەک حاڵەت دەرکەوتووە.

.

محەمەد خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەئێستادا لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاوتوێی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر هەرێم دەکەین و هەموو ئامادەکاری و ڕێککارێمان ئەنجامداوە و جێگای تایبەتمان لەسەرجەم پارێزگاکان ئامادەکردووە لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکدا، بەڵا، خۆشبەختانە تائێستا هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر هەرێم نییە”.

.

وتیشی، تائێستا لە فڕۆکەخانەکان پشکنین بۆ کەس ناکرێت، چونکە پێویست نییە و ئەگەر پێویست بێت ئەوا لە عێراق و هەرێمیش دەکرێت و ئامێری تایبەتی پشکنین هەیە.

.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ووڵاتی چین لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە بەرهەمهێنەرێکی باشە بۆ بازرگانانی هەرێم و ڕۆژانە بازرگانان لە هەرێمەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.

.

لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا ئەوە مەترسیی نییە و هەر کەسێکیش لە ووڵاتی چین بگەڕێتەوە پشکنینی بۆ ناکرێت لێرە، چونکە ئەو شارەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە لە چین، چوونەدەرەوەی هاووڵاتیانیان تێدا قەدەغەکردووە و هیچ کەس ناتوانێت لێی بچێتەدەرەوە.

.

بە وتەی محەمەد خۆشناو، ئێستا ئەگەر بازرگانێکی کورد لە ووهان بێت ئەوا ناتوانێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە زۆرترینی مەترسییەکان لەو شارەن و ئەو کەسانەشی لە شارەکانی دیکەن و دەگەڕێنەوە، ئەوا مەترسییان لەسەر نییە.

 

ئێستا نەخۆشییەکە، لە وڵاتانی کەندا، ئەمریکا، فەڕەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشور، تایوان، سەنگافورە، ئوستڕالیا، نیپاڵ، ، هۆنگ کۆنگ، ماکاو، مالیزیا و ڤێتنام وەک حاڵەت تۆمارکراون.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەریم ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی هاوڵاتی ئەو وڵاتانەن، زۆرینەیان پێشتر لە شاری ووهان بوون و لەوێ تووشی ڤایرۆسەکە بوون، نەوەک وڵاتەکانی خۆیان.

 

محەمەد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوبێتەوە و مەترسییەکانی لەسەر هەرێم دروست بێت، ئەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق ڕێکاری دیکە دەگرنەبەر، تا قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەگەڵ وڵاتی چین.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل