fbpx
Shadow Shadow

خەونى دامەزراندنیان بردە ژێرگڵ

هەرێم و سیڤان لەمانگى هەنگوینیاندا گیانیان لەدەستدا.. “خزاوەتە ناو چاڵەکەوە”

15:51 شه‌ممه‌ 26 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد –

 

هەرێم محەمەد و سیڤان تەها، چاویان لە بنیاتنانى ژیانێکى بەختەوەر و درێژ بوو کە پێکەوە بەسەرى ببەن، بەڵام مەرگ ڕێگەیپێنەدان و دواى 16 ڕۆژ لە هاوسەرگیرییان و لەمانگى هەنگوینیاندا پێکەوە گیانیان لەدەستدا.

.

شەوی هەینی، 26ی تشرینی یەکەمی 2019، هەرێم (29 ساڵ)  و سیڤان (25 ساڵ) کە دوو مامۆستای وانەبێژى دانیشتووى سلێمانین، لەکاتى گەڕانەوەیاندا لە باخەکەیان لە شارباژێڕ بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتنە ناو چاڵێکى گەورەى پڕ لە ئاوەوە و گیانیان لەدەستدا.

.

ئەوان ماوەی سێ ساڵ بوو بەشێوەی وانەبێژ وانەیان بە منداڵانی گوندەکانی شارباژێر دەوتەوە و نوسین و خوێندن و وانەکانیان فێر دەکردن.

.

ڕاوێژ عەتار بەرپرس لە پەروەردەی شارباژێر بە ناس کوردی وت “ئەو دوو مامۆستایە شەوی ڕابردو دوای ئەوەی بۆ گەشتکردن چوبونە باخەکەی خۆیان لە گوندێکی شارباژێر، لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە نزیک گوندی هەیاسە، ڕێگایان لێ هەڵە بووە بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتونەتە نێو چاڵێکی گەورەی غەسالەکانی ئەو ڕێگایەوە، بەهۆی ئەوەی چاڵەکە قوڵ بووە و ئاوی تێدا بووە، هەردووکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا خنکاون و گیانیان لەدەستداوە”.

.

ئەو دوو مامۆستایە هەردووکیان دوایی کۆتایی هاتنی خوێندنی زانکۆیان لە خوێندنگەی سەرسیری بنەڕەتی لەسنوری قەزای شارباژێر وەکو وانەبێژ وانەیان وتووەتەوە.

.

بڕیار ئیبراهیم خاڵى سیڤان بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەوان دوو کەسى زۆر گونجاو بوون بەیەکەوە، چەندین خەونیان هەبوو دەیانویست پێکەوە بەدیبهێنن، یەکێک لەوانە دامەزراندنیان بوو بەشێوەى هەمیشەیی و بوون بەخاوەنى خانوى خۆیان، بەڵام مەرگ ڕێگەى پێنەدان”.

.

وتیشى “ئۆتۆمبیلەکە لەدەستى ئیبراهیم وەریگرتووە و خزاوەتە ناو چاڵەکەوە و هەردووکیان هەر لەوێ گیانیان لەدەستداوە”.

.

ئەو دوو مامۆستایە، دوای سێ ساڵ لە وانەبێژى،  بڕیاریاندا هاوسەرگیریی بکەن و 16 ڕۆژ لەمەوبەر چوونە ناو کەژاوەى زێڕینەوە. هەرێم محەمەد وانەی عەرەبی وتووەتەوە و سیڤا تەهاش مامۆستای وانەی زانست بووە.

.

سەرکار سالار بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرسیری بنەڕەتی بە ناس کوردی وت “ئەو دوو مامۆستایە ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لە خوێنگەکەی ئێمە وەکو وانەبێژ کاریان کردووە و بەشێوەیەکی زۆر دڵسۆزانە وانەیان وتووەتەوە، هیچ گوێیان بەوە نەداوە کە ئەوان بەفەرمی دانەمەزراون و وانەبێژن بەڵکو زۆر دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە”.

.

ئاماژەی بەوەکرد “سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگاکەمان زۆر بەداخن بۆ ئەو ڕوداوە، چونکە ئەو دوو مامۆستایە هەرگیز دڵی کەسیان لەخۆیان نەڕەنجاندووە و زۆر هاوڕێیانە مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە و خوێندکارەکانیش کردووە”.

.

وێنەی ئەو دوو مامۆستایە لە ئێستادا بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و هاوڕێ و دۆست و هاوڵاتیان نیگەرانی خۆیان بەو ڕوداوە دەربڕیوە و هەواڵی کۆچی دواییەکەیان بە جەرگ بڕ ناوزەند کردووە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل