fbpx
Shadow Shadow

"هیچ توانایەکمان لەبەردەستدا نییە"

هەرێم هۆشداریدەدات لە شەپۆلى هاتنى ئاوارە بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە

15:28 شه‌ممه‌ 12 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

حكومه‌تى هه‌رێم ترسى له‌شه‌پۆلى هاتنى ئاواره هەیە بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە و‌ دەڵێت بەهۆى نەمانى هاوکاریی وڵاتانەوە هیچ توانایەکى لەبەردەستدا نییە، عێراقیش بڕیارى دروستکردنى کەمپێکى داوە بۆ ئاوارەکانى کەمپى هۆلى سوریا کە ژن و منداڵانى چەکدارانى داعشى تێدا زیندانیکراوە.

.

لەگەڵ دەستپێکردنى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان، بەهەزاران دانیشتووى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشت و ئاوارەبوون، کە نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەیان بە 100 هەزار ئاوارە دەخەمڵێنێت، بەڵام ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان دەڵێت نزیکەى 200 هەزار کەس ئاوارەبوون.

.

ڕۆژێک پێش دەستپێکردنى هێرشەکەى تورکیا، حکومەتى هەرێم لەبەیاننامەیەکدا هۆشداریدا لەوەى هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک.

.

هەروەها مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕۆژى نۆى ئەم مانگە لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا ڕایگەیاندبوو، ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.

هەرێم هۆشداریدەدات لە شەپۆلى هاتنى ئاوارە بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە

لە ئێستادا 244 هەزار ئاوارەى خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستان لە نۆ کەمپى هەرێمدا نیشتەجێن، کە لەدواى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆى سوریاوە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و هێشتا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

.

دیندار زێبارى ڕێکخەرى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “له‌ساڵانى ڕابردوودا و به‌هۆى شه‌پۆلى ئاواره‌كانى سوریا و عێراقه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوكاریى هه‌رێمیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هاوكارییه‌ نییه‌”.

.

لەسەرەتا هێرشەکانى داعش لەساڵى 2014 و کۆنترۆڵکردنى چەند شارو ناوچەیەک لەعێراق و سوریا، شەپۆلى ئاوارەکان بۆ هەرێم سەریهەڵدا و زیاتر لەملیۆنێک ئاوارەى ئەو دوو وڵاتە ڕوویان لەهەرێم کرد.

.

دیندار زێبارى وتى “ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و ژوورى قه‌یرانه‌كانمان هه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆن، سه‌رپه‌رشتى هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێم ده‌كات بۆ کاروبار و ڕوداوە کتوپڕەکان”.

.

ئاماژه‌ى بەوەشکرد، له‌ئێستادا هیچ ئاماده‌كارییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌ بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت به‌پێى پێویست نییه‌.

.

لەماوەى چوار رۆژى دەستپێکردنى هێرشەکانى تورکیا، هیچ ئاوارەیەک لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە ڕووى لە هەرێمى کوردستان نەکردووە، بەڵکو دەچن بەرەو پارێزگاى حەسەکە.

هەرێم هۆشداریدەدات لە شەپۆلى هاتنى ئاوارە بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە

“له‌ڕێگه‌ى ده‌زگاكه‌تانه‌وه‌ داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌م به‌هاناى دۆخه‌كه‌وه‌ بچن و ئاماده‌سازیى بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ شه‌پۆلى ئاواره‌كان ڕووبدات ئێستا هه‌رێمى كوردستان به‌ته‌نها هیچ توانایه‌كى له‌به‌رده‌ستتدا نییه،‌ ته‌حه‌مولى ئه‌و دۆخه‌ بكات”، دیندار زێبارى وایوت.

.

باسى لەوەشکرد، تا ئێستا ئاواره‌کان ڕوویان له‌هه‌رێم نەکردووە، چونكه‌ تیمى هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى له‌سنوره‌كاندا هەن و بە هانایانەوە دەچن.

.

لەگەڵ بەردەوامى هێرشەکانى تورکیادا، حکومەتى عێراق ئامادەکاریی بۆ لەخۆگرتنى ئەو زیندانیانەى داعش دەستپێکردووە کە لەلایەن هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە زیندانیکراون، دواى ئەوەى هێرشەکانى تورکیا مەترسی هەڵهاتنى زیندانییەکانى هێناوەتە ئارا.

.

ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى، دوێنێ لەکۆبوونەوەیەکدا وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى ڕاسپاردووە بۆ دروستکردنى کەمپێک کە دانیشتوانى کەمپى هۆلى سوریا لەخۆ بگرێت.

.

کەمپى هۆل دەکەوێتە سنورى پارێزگاى حەسەکە و 10 کیلۆمەتر لە سنورى سوریا و عێراقەوە دوورە و ژنان و منداڵانى چەکدارانى داعشى تێدا زیندانیکراوە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل