Shadow Shadow

"چەند حاڵەتێک بە هەزاران دۆلار چارەسەر کراون"

وردەکاری دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کرێکارانى بیانی لە هەرێم.. هەندێکیان منداڵیشیان بووە [تایبەت]

19:26 هه‌ینی 19 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

چەندین حاڵەتی ‘لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی’ بۆسەر کرێکارە ئافرەتە بیانییەکان لە هەرێم تۆمار کراون، هەندێ حاڵەتیش منداڵی لێکەوتووەتەوە و هەندێکیشان دوور لە دادگاکان بە هەزاران دۆلار چارەسەرکراون.

.

وێڕاى بوونى ئەو کەیسانە، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارە بیانییەکان، ئاماژە بەوەدەکات ئەمساڵ حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتە کرێکارە بیانییەکان بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو کەمى کردووە.

.

دەستدرێژى سێکسى بۆ سەر کرێکارە ئافرەتە بیانییەکان و “لاقەکردنیان”

 

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارە بیانییەکان بۆ ناس کورد ئاشکراى کردوون، زۆرترین حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئەو کرێکارە بیانییانە لە هەرێم، لە ساڵەکانى 2016، 2017 و 2018 تۆمارکراون، بەڵام ئەمساڵ تائێستا هیچ کەیسێکى لەو جۆرە نەچووەتە لایان.

.

حەمە هەژار، سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارە بیانییەکان لە هەرێم لە لێدوانێکى تایبەتیدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “هەندێک لە حاڵەتەکان بووەتە هۆکاری ئەوەی قوربانییەکە دووگیان بێت و منداڵی بێت، تائێستا نۆ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردن لای ئێمە تۆمار کراون، یەکێک لە حاڵەتەکانیش منداڵی لێکەوتووەتەوە، ئافرەتەکەش دوورخراوەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی”.

.

لەلایەکى دیکەشەوە، ئاڵا کەمال، سەرۆکی ڕێکخراوی کار بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بارودۆخی کرێکارانی بیانی بەگشتی لە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخی کرێکاری ناوخۆیی زۆر خراپترە، هیچ پاراستنێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان نییە”.

.

ئاڵا کەمال، جەختی لەوەشکردەوە، لە مانگى ئایاری 2018وە تا مانگى ئایارى 2019 زیاتر لە 18 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کرێکارە ئافرەتە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

.

ئاشکراشیکرد، زۆربەی ئەو کرێکارانە بەبێ خواستى خۆیان سێکسیان لەگەڵدا دەکرێت، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ئەگەر قبوڵی نەکەن نانبڕاو دەکرێن.

.

وردەکاری دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کرێکارانى بیانی لە هەرێم.. هەندێکیان منداڵیشیان بووە [تایبەت]

 

.

هەندێک کەیس بە پارە چارەسەر کراوە “دوو دەفتەر دۆلار دراوە”

سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی ئاشکراى کرد، لە ترسی ئابڕوچوون لەناو کۆمەڵگا، کەیسەکان زۆربەیان دوور لە دادگاکان چارەسەر دەکرێن، زۆرجار کەسی تاوانبار بڕێک پارە دەدات بە قوربانییەکە، بەوەش ئەو کەیسانە هیچ کات لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر ناکرێن.

.

حەمە هەژار ئاشکراى کرد، ئەو بڕە پارەیەی کە تا ئێستا دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتانە لەنێوان 86 وەرقە بووە بۆ دوو دەفتەر دۆلار.

.

بەڵام بەشێکى کەیسەکانیش بە بێ چارەسەر ماونەتەوە، بەوتەی ئاڵا کەمال، ماوەی چەند ساڵێکە کەیسێکی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرتێکی کرێکاری بیانی لە شاری سلێمانی هەیە، تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

.

لەبارەى ئەو کەیسەوە ئەو چالاکوانە وتى: “ئافرەتەکە وەک ‘هاوسکیپەر’ لە ماڵی دەوڵەمەندێکى ناودارى شاری سلێمانی کاری کردووە، پاشان لەلایەن کەسێکی ئەو ماڵەوە دەستدرێژى کراوەتە سەرى و بەهۆیەوە منداڵێکى بووە، لەکاتێکدا ئافرەتەکەش لە وڵاتەکەی خۆی خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە”.

.

“ئەو ماڵە دەوڵەمەندە پارەیەکی زۆریان داوەتە ئافرەتەکە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆى، بەڵام ئەو ژنە گیری خواردووە نە ئەتوانێت ب منداڵێکەوە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، نە ئەتوانێتیش لە دادگاکانی هەرێم مافی منداڵەکەی وەربگرێت و نەسەبی دیاری بکرێت”، ئاڵا کەمال واى وت.

.

وتیشی: “سەدان حاڵەتی لاقە کردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئەو ئافرەتە کرێکارانە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە، بەڵام ئێمە پێیان نازانیین”.

.

بەوتەی حەمە هەژار، زۆربەی ئەوئافرەتە کرێکارانەی کە ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە، هەڵگری ڕەگەزنامەی نیپاڵی بوون و زۆریشیان لە ماڵان کاریان کردووە.

.

بە پێى زانیارییەکانی ناس کورد، ئەو کرێکارە بیانیانەی کە دێنە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی 33 کۆمپانیاوە دەهێندرێن، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن زۆربەیان هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی نیپاڵ، فلیپین، سودان و گانان.

.

وردەکاری دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کرێکارانى بیانی لە هەرێم.. هەندێکیان منداڵیشیان بووە [تایبەت]

.

ڕیکخراوەکان: باندێک بازرگانى بەو کرێکارانەوە دەکات و لایەنى پەیوەندیداریش ئاگادارە

سەرۆکی ڕێکخراوی کار، لەم بەدواداچوونەى ناسدا ئەوەى خستەڕوو: “باندێکی گەورە و مەترسیدار لە شاری سلێمانی بازرگانی بە ئافرتانی بیانیەوە دەکەن”.

.

ئاڵا کەمال ئاماژەى بەوەشکرد، باندەکە ئەو کرێکارە ئافرەتە بیانییانە دەباتە شاری بەغدا بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە کاری نەشیاودا، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش زانیاری تەواویان لەسەر ئەو باندە لایە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی دژ بەو باندە نەگیراوەتە بەر.

.

بەڵام پۆلیسى سلێمانى ئەو زانیارییانەى ئەو چالاکوانە ڕەتدەکاتەوە، لەوبارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ناس کورد، ئەوەى ڕەتکردەوە هیچ باندێکی بازرگانیکردن لەو جۆرە لە شاری سلێمانی هەبێت.

.

وتەبێژى پۆلیسی سلێمانى وتیشی: “ئەگەری هەیە بە جۆرێکی دیکە هەبن، بەڵام ئەو ڕێکخراوانە بە جۆرێکی دیکە لێکدانەوەی بۆ دەکەن، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین لەشارى سلێمانى ئەو جۆرە مامەڵانە بکرێت”.

.

 

وردەکاری دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کرێکارانى بیانی لە هەرێم.. هەندێکیان منداڵیشیان بووە [تایبەت]

 

.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم چی دەڵێت؟

 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە سەر کرێکارە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان  بەو جۆرە زۆر بن، ئاماژە بەوەشدەکات، ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی بۆ وەرگرتنی پارە کێشەکەیان زەق کردووەتەوە.

.

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هەر دەستدرێژییەکی سێکسی بۆ سەر هەر کرێکارێکی بیانی یان خۆماڵی، بەپێى یاساکانی هەرێمی کوردستان تاوانە و سزای توندی  لەسەرە”.

.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى کار وتیشی، جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو کێشانەی کە دووچاری کرێکارانی بێانی دەبنەوە، هەندێ کێشە هەیە دەچێتە خانەی هەراسانکردن و مامەڵەی ناتەندروست لەلایەن خاوەن کارەکانەوە، سکاڵاش لەسەر ئەو بابەتانە لاى ئەوانیش تۆمار کراون.

.

“حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمن، نەگەیشتۆتە ئاستی دیاردە، لە هەموو دونیاش ئەو جۆرە حاڵەتانە هەن”، عارف حیتۆ واى وت.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ لە و ڕێکخراوانەی کە داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی دەکەن، بە مەبەستی بە دەستهێنانی فەند (پارە) پرسەکەیان زەق  کردووەتەوە، حاڵەتەکەیان لەئاستی خۆی زیاتر گەورە کردووەتەوە کە بەو شێوەیە نییە.

.

لەبارەى بوونى سکاڵا لەبارەى دەستدرێژى سێکسییەوە، عارف حیتۆ وتى، تائێستا هیچ سکاڵایەک دەربارەی ئەو بابەت نەگەیشتوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەشڵێت، ئەو حاڵاتانە زیاتر کۆمەڵایەتین لە پسپۆری  پۆلیس و دادگاکاندایە و وەزارەتەکەیان هێڵێکی پەیوەندیکردنی تایبەت بە کرێکارە بیانییەکانى تەرخانکردووە بۆ پەیوەندیکردن و گەیاندنی سکاڵاکانیان.

.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل