fbpx
Shadow Shadow

هەرێم؛ دەربارەی بەکارهێنانى تەکسى لەلایەن ژنانەوە فەتوایەک دەرکرا..بەسنوردارکردنى ئازادى دەزانرێت [تایبەت]

20:21 پێنج شه‌ممه‌ 05 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد –

 

ئەنجومەنی باڵای فەتوای سەر بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان فەتوایەکی تایبەتی دەربارەی حوکمی سەرکەوتنی ژنان لەگەڵ تەکسیدا بڵاوکردەوە و فەتواکە لەلایەن بەشێک لە چالاکوانانی ژنانەوە رەتکرایەوە و بە سنوردارکردنی ئازادییەکان ناوى دەبەن.

.

لەفەتواکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوادا ئاماژە بەوە کراوە :”کاتیک دروست و شەرعیە کە ئافرەت تەکسی بەکاربهێنێت کە لەگەڵ هاوسەر یاخود مەحرەم یاخود هاوڕێیەکی خۆى بێت یان شۆفێری تەکسییەکە ئافرەت بێت بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە دروست نییە ئافرەت لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسیدا سەربکەوێت بە تەنها”.

.

بەگوێرەى فەتواکە “دروست نییە پیاو وەکو نەفەر لەگەڵ شۆفێری تەکسی ئافرەت سەربکەوێت، هەروەها دروستیش نییە ئافرەت بۆ دەرەوەی شارەکەی خۆی  بەتەنها لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسی بچێت و بەڵام ئەگەر لە دۆخێکدا ناچار بوو، وە لە نەفسی خۆی دڵنیا بوو دەتوانێت لەگەڵ شۆفێری تەکسی سەربکەوێت بەڵام دەبێت لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکە دانیشێت”.

.

بڕیارەکەی لیژنەی فەتوا ڕەخنەی چالاکوانانی بواری ژنانی لێکەوتەوە و بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان بە ناس کوردی وت:”بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو فەتوایەم و نابێت هیچ کەسێک پابەند بێت پێوەی چونکە ژنانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی زۆر لەوە پێشکەوتوتر و مەدەنیترن لەوەی کە بۆ چونە دەرەوە و تەکسی گرتن پێویستیان بە فەتوا و ڕێنمایی بێت”.

.

مونزیر روونیکردەوە “ئەو فەتوایە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی کوردییەوە نییە و پێموایە لیژنەی فەتوا توشی هەڵەیەکی گەورە بوون و بەهەڵەداچون و ژنی کوردستان زۆر لەوە زیاتر و زیرەکترن کە خۆیان دەتوانن مامەڵە بکەن و کارەکانیان ڕابپەڕێنن، ئەو کارانەش پێویستی بە ڕێنمایی ئاینی نییە و پەیوەندی بە لیژنە فەتواوە نییەوە”.

.

سەرۆکى لیژنەى فەتواى هەرێم رەتیدەکاتەوە فەتواکە بۆ سنوردارکردنى ئازادییەکانى ژنان بێت و وەک کارێک بۆ پارێزگاریکردن لە ژنان ناوى برد.

.

د.حەسەن موفتی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای هەرێم بۆ ناس کوردی روونکردەوە “ئەو ڕێنمایی و فەتوایانە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو دۆخ و ڕوداوە خراپانەیە کە لەکۆمەڵگەی کوردیدا وەکو دەستدرێژی و گێچەڵ بە ئافرەتان کراوە، بۆیە ئەو ڕێنماییانەمان دەرکردوە تاوەکو شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی بپارێزین و بەدوری بگرین لە ڕوداوی نەخوازراو”.

.

موفتی ئاماژەی بەوەکرد:”ئەو بڕیارە بۆ دژایەتی ژنان نییە بەڵکو بۆ پاراستنیانە و سنوردارکردنی ئازادییەکانیان نییە بەڵکو دەمانەوێت پارێزراو بن و ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەی کە پێشتر هەبوە ڕونەداتەوە، چونکە ئافرەتان ناتوانن وەکو پیاو خۆیان بپارێزن بە تەواوەتی”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل