fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

هەرێم؛ “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکیان تۆقاندووە ئەگەرنا پێویست ناکات کەمامە بەکاربهێنن”

22:09 شه‌ممه‌ 22 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێرانی هاوسنوری هەرێمی کوردستان، ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاووڵاتیاندا دروستکرد و بەلێشاو دەستیانکرد بە کڕینی کەمامە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت، پێویست ناکات هاووڵاتیان کەمامە بەکاربهێنن.

 ،

ئێستا لە هەرێم لەگەڵ هەر قەیرانێکی دیکەدا، قەیرانی کەمامەش بۆ هاووڵاتیان زیاد بووە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە جیهان لە هیچ وڵاتێکەوە کەمامە ناهێنرێتە هەرێم، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش هاووڵاتیان ناهۆشیارن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هێندەیتر خەڵکییان ترساندووە.

 ،

“پێویست ناکات هاووڵاتیان کەمامە بەکاربهێنن”

 ،

محەمەد خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی خراپی گێڕاوە لە بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو هاووڵاتیاندا لە ڤایرۆسەکە و زۆرکەس قسەی لەسەر دەکەن کە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و پسپوڕی ئەوان نییە”.

 ،

وتیشی: “بڵاوکردنەوەی ئەو ترسانەش وایکرد هاووڵاتیان بەشێوەیەکی زۆر ڕووبکەنە کڕینی کەمامە و ئەوەش بووەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ترس و هەروەها گرانبوونی نرخی کەمامە و کەمبوونەوە و نەمانیشی لە بازاڕەکاندا کە ئەوەش بۆ کەمی هۆشیاری هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە”.

 ،

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهیچ شێوەیەک پێویست نییە هەموو کەس کەمامە بکاتە دەم و لوتی، چونکە ئەوە بۆ ئەو کەسانەیە کە ڕاستەوخۆ ئەگەری بەرکەوتنیان بە هەڵگرانی ڤایرۆسەکە هەیە، وەک پزیشکەکان لە نەخۆشخانەکان و کارمەندانی پشکنین لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان، نەوەک هەمووکەس بەکاریبهێنێت.

 ،

“هەروەها بۆ ئەو کەسانەشی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی کەسیتر لەو کەسەی هەڵگری ڤایرۆسەکەیە تووش نەبێت”، محەمەد خۆشناو وادەڵێت.

 

 ،

ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت حکومەت دەتوانێت کەمی کەمامە پڕبکاتەوە؟

 ،

فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە ناس کوردی وت: “هێنانی ئەو کاڵایانە بۆ هەرێم ئازادە و پێشتر بازرگانەکان زیاتر لە وڵاتی تورکیا و چینەوە هاوردەیان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتانەش خۆیان ناینێرنەدەرەوە”.

 ،

وتیشی، ئەوەی بکرێت حکومەتی هەرێم مۆڵەت دەدات بە بازرگانەکان بۆ هێنانی کەمامە و پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتیان.

 ،

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەکرد: “لەماوەی ڕابردوودا و پێش ئەوەی ڤایرۆسەکە بگاتە وڵاتانی نزیک لە هەرێم لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، داوامان کرد کە بڕێکی زۆر لە کەمامەمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی لە حاڵەتێکی لەمشێوەیەدا بەکاربهێنرێت، بەڵام نەیانتوانی ئەوە بکەن”.

 ،

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕوونیشیکردەوە: “کەمامەی ئاسایی بەهیچ شێوەیەک ڕێگری ناکات لە چوونەژورەوەی ڤایرۆس بۆ ناو دەم و لوت، بەڵکو ئەوەی کە هەیە لێرە تەنها کەمامەی جۆری “N95 و N98″ە کە بەڕێژەی %95 ڕێگری دەکات لە چوونەژورەوەی ڤایرۆس بۆ ناو دەم و لوت، بەڵام دووبارە جەختدەکەمەوە کە بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات هاووڵاتیان کە دەچنەدەرەوە هیچ جۆرە کەمامەیەک بکەن”.

 ،

کەمامە N95 چییەو چۆن کار دەکات؟

 ،

کەمامەى N95 بەیەکێک لە کەمامە باشەکان لە جیهاندا دادەنرێت کە نرخى گونجاو بێت، لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوشدا بەتایبەتى دواى ئەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا گەیشتە وڵاتى ئێران ئەم ناوە بەر گوێى هاوڵاتیان کەوتوو ئێستا هەموان وێڵن بەدوایدا، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە.

 ،

 

کەمامەى N95 بە ئامێرێکى هەناسەدان هەژمار دەکرێت و ڕیگە نادات ڤایرۆس و تەنەکان کە لە 0.3 مایکرۆن بچوکتر بێت لەگەڵ هەوادا بچێتە لەشى مرۆڤەوە، هەروەها رێگە لە هەواى پیس و خۆڵیش دەگرێت کە بگوازرێتەوە بۆرى هەناسە.

 ،

 

ئەم جۆرە کەمامە لەلایەن پەیمانگاى نیشتمانى بۆ پاراستن و تەندروستى و پیشەیى NIOSH ەوە بە کەمامەیەکى بازرگانى لەقەڵەم دەدرێت نەک پزیشکى و لەلایەن ئەو پەیمانگایەوە بڕوانامەى تاقیکردنەوەى پێدراوە.

 ،

 

لەکاتى تاقیکردنەوەدا دەرکەوتووە ئەم کەمامە ڕێگە لە  95%ى ئەو تەنانە دەگرێت پێیدا تێپەڕ دەبن، بەڵام پارێزگارى لەو کەسانە ناکات کە موى دەموچاویان زۆرە (ڕیشیان هەیە) چونکە ڕێگە نادات کەمامەکە بەتەواوەتى بنوسێت بە دەموچاوەوەو هەوا جگە لە دەمامکەکەوە لە ڕێگەى تریشەوە دەگات بە دەم و لوت، هەروەک بۆ منداڵانیش دروست نەکراوە.

 ،

پەیمانگاى نیشتمانى بۆ پاراستن و تەندروستى و پیشەیى سەبارەت بە کەمامەکە بڵاویکردوەتەوە، ئامۆگارى خەڵک ناکەین ئەم کەمامە لەماڵ و شوێنى کار و ناو کۆمەڵگەدا ببەستن، بەڵام بۆ ئەو کەسانەى کە مەترسى زیاتریان لەسەرە بۆ توشبون بە ڤایرۆس وەک لە ناوەندە تەندروستیەکان گونجاو یاخود لەحاڵەتى لەناکاوى تەندروستیدا.

 ،

 

لەلایەکى ترەوە ئاژانسى خۆراک و دەرمان FDA ڕێنمایى هاوڵاتیان دەکات کە ئەم جۆرانەى دەمامکى N95 لەحاڵەتى پێویستدا بەکاربهێنن، بەڵام بۆ پزیشکان ئەم جۆرانە بەکارناهێنرێن

 ،

3M Particulate Respirator 8670F

3M Particulate Respirator 8612F

Pasture Tm F550G Respirator

Pasture Tm A520G Respirator

 ،

هەرچى سەبارەت بە ماوەى بەکارهێنانیەتى بەپێى ڕێنماییەکانى ناوەندى بەرەنگاربونەوەى نەخۆشى و خۆپاراستن CDC، کەمامەکە ماوەیەکى بۆ دیارى نەکراوەو لەسەر شوێن و چەندێتى بەکارهێنانى بەندە، بۆ نمونە بەکارهێنانى لەکاتى کارى بیناسازى لەلایەن کرێکارانەوە کە بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەردەوام کار دەکەن پێویستە هەموو ڕۆژێک بگۆڕدرێت، هەروەها بۆ کەسانى ئاسایى لەسەر ئەوە بەندە کە چەند کاتژمێر بەکاردەهێنرێت وە ئایە پیسبووە یاخود نا، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى تا زوتر بگۆڕدرێت باشترە، بەپێى هەندیک ڕێنماییش پێویستە لانیکەم هەفتەى دوو کەمامەى نوێ بەکاربهێنرێت.

 

 ،

“لە هەر شوێنێک بەگرانتر لە نرخی خۆی بوو پەیوەندی بە قائیمقامییەتی و چاودێری بازرگانییەوە بکەن”

 

لەدوای ئەو لێشاوەی هاووڵاتیان بۆ کڕینی کەمامە، نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بەشێوەیەک نرخی کەمامەی پزیشکی “ئاساییەکان” کە پێشتر پاکەتێکی 50 دانەیی بە دوو هەزار دینار بوو گەیشتە 10 هەزار دینار، هەروەها جۆری N95 کە پێشتر بە 750 بۆ هەزار دینار بوو، گەیشتە 12 هەزار دینار.

 ،

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” لەهەرشوێنێک کامامە بە زیاتر لە نرخی خۆی بفرۆشرێت، ئەوا سزا دەدرێت و هەر ئەمڕۆ بەوهۆیەوە لە سلێمانی دوو دەرمانخانەمان داخست”.

 ،

وتیشی، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بەهیچ شێوەیەک لە نرخی خۆی زیاتری پێنەدەن و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە چاودێری بازرگانی یاخود لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە.

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل