fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

بۆ ترساندن و ڕێگرى خەڵکى لەخۆپیشاندانەکەى سبەینێ

هێزێکى دەمامکدار دەستى کردووە بەڕەشبگیرى چالاکوانانى بەغدا

14:25 پێنج شه‌ممه‌ 30 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس كورد-

دواى بانگەشە بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانى ملیۆنى لەبەغدا و چەند شارێکى تر، لەلایەن هێزى دەمامکدارى نەناسراوە ڕەشبگبیرى چالاکوانانى خۆپیشاندانەکانى بەغدا و چەند شارێکى تر دەستیانپێکردووە، خۆپیشاندەران دەڵێن ئەو هێزانەى کە خۆپیشاندەران لەماڵەوە دەڕفێنن نازانن سەر بەحکومەتە یاخود سەر بەمیلیشیا چەکدارەکانى ئێرانە؟.

.

خۆپیشاندەران داوایان لەحکومەت کردووە، ناسنامەى  ئەو هێزەى کەدەستیکردووە به‌ ڕەشبگیرى خۆپیشاندەران ئاشکرا بکرێن.

.

بەوتەى چالاکوانانیش ئەو ڕەشبگیرییە تەنها بۆ ترساندنى خەڵکیە بۆ ئەوەى خۆپیشاندانەکەى سبەینێ ئەنجام نەدرێت.

.

ڕەشبگیرى لەلایەن هێزە نەناسراوەکانەوە

.

سەلام حوسێنى، یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانى بەغدا بەکەناڵى حوڕەى وتوە” هەڵمەتى دەستگیر کردن و ڕەشبگیرى لەلایەن چەند هێزێکى نەناسراوە دەستى پێکردووە و هیچ کەسێک نایانناسێت گەر سەر بەهێزە ئەمنیە حکومییەکانیش بن یاخود سەر بەهەر میلیشیایەکى سەر بەئێران بن”.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئامانج لەو ڕەشبگیرییەى ئێستا بۆ کاریگەرى دانانە لەسەر خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە کە بڕیارە سبەى ڕۆژى (هەینى) بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەى دەنگ و ڕەنگى کۆمەڵگەى عێراقى بۆ هەموو دونیا ڕونبێتەوە کە چینێکى زۆرى عێراقیەکان لەشەقامەوە پەیامى ئەوە دەنێرن کە دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق هیچ شەرعیەتێکیان نیە کە لەئێستادا دەسەڵات و حکومەتیان گرتووەتە دەست ئەو گەندەڵانەن کە خاوەن عەقڵیەتێکى مەزهەبىین و هانى ئەو ڕەوتە دەدەن.

.

ئەو چالاکوانە وتوشیەتى بەدەسەڵاتدارانى عێراقیان ڕاگەیاندووە، حکومەت تەنها ئەوە ڕابگەیەنێت کە ئەو ڕەشبگیرییەى چالاکوانان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت نەک لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە.

.

ڕفاندن لەماڵەوە

.

حەسەن ڕەجەب، یەکێکى تر لەچالاکوانى خۆپیشاندانەکانى بەغدا بەکەناڵەکەى ڕاگەیاندووە، ئەوەى کە دەگوزەرێت لەدژى خۆپیشاندەران، ناتوانرێت ناوى دەستگیر كردنى لێبنرێت بەهۆى ئەوەى نایاساییە و لەلایەن هیچ دەزگایەکى فەرمییەوە ڕانەگەیەنراوە، ئەوانەشى کە بەو کارە هەڵدەستن شوناسیان دیار نیە و دەکرێت پێیبوترێ ڕفاندن نەک دەستگیر کردن.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، هەر لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە، دەستگیر کردنى دەموچاوە دیارەکانى خۆپیشاندانەکان بووەتە دیاردە لەدواى چۆڵکردنى چەند شوێنێکى مەیدانى تەحریریش دەستگیرکردنى ماڵ بەماڵى چالاکوانان بەردەوامە.

بەوتەى حەسەن، ئامانج لەو ڕەشبگیرییەى ئێستاى خۆپیشاندەران ترساندنى چالاکوانان و ڕێگریکردنیانه‌ لەخۆپیشاندانەکەى ڕۆژى هەینى داهاتوو.

.

 

لیژنەى ڕێکسختنى کاروبارى خۆپیشاندەرانیش لەڕاگەیەنراوێکدا داوایان کردووە لەخۆپیشاندانەکەى سبەینێ هەینی دەنگ بەڕووى “داگیرکارى ئێرانی” و هەموو ئەوانەى سەر بەو وڵاتەن هەر لەسیاسى و میلیشیا و حزبەکان بەرز بکرێتەوە.

.

لیژنەى ڕێکخستنى کاروبارى خۆپیشاندەران داواشیان کردووە، بۆ سبەینێ لەبەغدا و شارەکانى تری عێراق خۆپیشاندانى ملیۆنى لەدژى هەژمون و دەستوەردانەکانى ئێران لەعێراقدا بەڕێوەبچێت.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل