fbpx
Shadow Shadow

"دوو ژنى دووگیان منداڵەکانیان لەبارچووە"

هیومان ڕایتس ۆوچ: گەمارۆى هەرێم بۆسەر کەمپى مەخمور جێی شۆک و سەرسوڕمانە

13:51 چوار شه‌ممه‌ 27 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

رێکخراوى هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنیەکانی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی تەموزەوە و بە شێوەیەکی “هەرەمەکیانە” گەمارۆیان خستووەتە سەر کەمپی مەخمور کە “جێى شۆک و سەرسوڕمانە”، بەو هۆیەشەوە دوو ژنى دووگیان منداڵەکانیان لەبارچووە بەهۆی ڕێگریکردنیان لە گەیشتن بە نەخۆشخانە.

.

بەپێی ڕاپۆرتێکى رێکخراوەکە کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لەدواى ئەو گەمارۆیەوە، ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی کەمپەکە کارەکانیان لە دەستداوەو بە ئاستەنگ دەستیان بە نەخۆشخانەکان دەگات.

.

گەمارۆکە لەدوای ئەو ڕوداووە هات کە چەند چەکدارێکی نەناسراو هەستان بە کوشتنی دیپلۆماتکارێکی تورکی لە 17ی تەمووز لە شاری هەولێر. هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێم لە دوای ڕووداوەکە چەند گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردو گەمارۆیان خستەسەر کەمپەکە.

.

سارا لی وویستن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە هیومان ڕایتس ۆوچ، وتی  “بەرپرسانی ‌حکومەتی هەرێم ناتوانن سزای هەموو دانیشتوانی ناو کەمپەکە بدەن تەنها لەبەرئەوەی له‌وانه‌یه‌ كه‌ هەندێکیان لایەنگری پەکەکە بكه‌ن لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدانیە کە ئەم کەسانە تاوانێکیان ئەنجامدابێت. ئەم گەمارۆ هەڕەمەکیەی سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە وایکردووە کە دەستیان بە کارەکانیان و نەخۆشخانەو چارەسەری تەندروستی نەگات.”

.

کەمپەکە کە بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر لانی کەم لە 12 هەزار هاووڵاتی کوردی تورکیای تێدایە. زۆرێکیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوەو لە پاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە نێوان  ساڵانی 1993 و 1994 کە بووە هۆی دەربەدەرکردنی سەدان هەزار هاووڵاتی کوردی گوندنشینەکان كه‌ ناوچەکانیان جێهێشتووە. لە ساڵی 2011، بەرسانی حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی کامپەکەیان وەک کامپی پەنابەران تۆمارکردو مافی پەنابەرێتیان دایە دانیشتوانی ناو کامپەکە.

.

دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکی نێودەوڵەتی، لە ڕێکەوتی 30ی تشرینی یەکەم لە وەڵامی داوایەکی هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان “بۆ ماوەیەکی کاتی و گەمارۆیەکی کەمیان” خستە سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە بەهۆی “کێشەی ئەمنیەوە. ”

.

زێباری ئاماژه‌ی  به‌وه‌كرد كه‌ کە “ڕێوشوێنە نوێیەکان ئەو کەسانەی نەگرتۆتەوە کە کاریان هەیەو قوتابین یان ئەوانەی کە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستیە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەگەر نووسراوی مۆڵەتیان بۆ کرابێ.”.

.

لە ئیمەیڵێکی تردا کە لە ڕۆژی شەشی تشرینی دووەم ناردبووی، زێباری ئەوەی دووپات کردەوە کە “هەموو رێوشوێنە ئەمنیەکان کاتین و بۆ پارێزگاریکردنە لە سەلامەتی هەموو لایەک” و ووتی مەبەست لە “مۆڵه‌ت هەبوون” هه‌بوونی نامەی پشتگیریە لەلایەن خاوەن کارەکانیان یان خوێندگاو دامەزراوەکانی تری خوێندن.

.

پێنج دانیشتووی کامپەکە بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت کە مۆڵەتی جێهێشتنی کەمپەکەیان هەبووە، بەڵام لە خاڵی پشکنینی یەکەمی سەر ڕێگەی هەولێرو شارەکانی تری کوردستان هێزە ئەمنیەکان ڕێگریان لێکردون. دانیشتویەکی تری کامپەکە ووتی کە بەهۆی ڕيگریەکانەوە کارەکەی لەدەستداوەو نەیتوانیوە کارێکی تر بدۆزێتەوە کە خاوەن کار نامەی پشتگیری بۆ بکات. ووتیان تەنها خوێندکارەکان و چەند کەسێکی کەم کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون ڕێگەی تێپەڕبونیان پێدراوە.

.

یەکێکی تر وتی، هێزە ئەمنیەکان لە بازگەی یەکەم ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێداوە بەڵام لە بازگەیەکی نزیک هەولێر گەڕاندویانەتەوە.

.

پزیشکێکی بنکەی تەندروستی ناو کامپەکە وتی هەوڵیداوە زۆرێک لە نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر بکات لەبەرئەوەی بنکەکەیان داودەرمان و چارەسەری زۆر سنورداری تێدایە، بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە.

.

وتیشى “ئاسایش پێیان ووتوین کە متمانەیان بە پزیشکەکان نیە لە ڕەوانەکردنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر. پاشان ناچار بووین نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی مەخموور بکەین کە ئەویش داودەرمان و چارەسەری زۆری تێدانیە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگری لەوەش دەکەن.”

.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژنێکی سێ مانگ دوو گیان لە نەخۆشخانەکەی مەخموور بە نامەیەک کە مۆری قایمقامی مەخموری پێوە بووە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کراوە بۆ تاقیکردنەوەی سکپڕی. ئەو ژنە لە کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانیەوە تا نیوەڕۆ لە بازگەیەک چاوەڕێ دەکات لە ڕۆژی 31ی تشرینی یەکەم. ئەو ژنە ووتی، “ئەفسەرێکی زۆر بێشەرم پێی گووتم  ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێکیش چاوەڕێ بکەی ڕێگەت نادەم بچیتە هەولێر تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیشت هەبێت. ئەو ئەفسەرە مۆڵەتەکەی لێسەندم و گەڕاندمیەوە.”

.

ژنێکی تری دوو گیان کە سکی شەش مانگ دەبێت وتی لە ئێوارەی ڕۆژی هەشتى ئاب مێردەکەی بەپەلە دەیباتە بنکەی تەندروستی کامپەکە بەهۆی خوێن بەربوونیکی زۆر لێی. پزیشکی بنکەکە دەڵێ دەبێت بە پەلە ببرێتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ چارەسەری بەپەلە. کامپەکە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری نابێت بۆیە مێردەکەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی دەیبات بەرەو هەولێر. لە سێ بازگەی یەکەم ڕێگەی چوونە هەلێریان پێدەدرێ بەڵام لە دوا بازگە ڕێگریان لێدەکرێت.

.

وتیشى “ئەفسەرێک لە بازگەکە بە مێردەکەمی ووت کە ڕێنماییان پێدراوە ڕێگە بە هیچ کەسێکی ناو کامپەکە نەدەن بچێتە هەولێرەوە. لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا خوێنم لێدەڕۆشت بەڵام ئەفسەرەکە تەماشای کردم و وتی باشم و هیچم نیە.” ژنەکە ووتیشی ناچاریان کردین بە گەڕانەوەو لە ڕێگادا منداڵەکەم لەبارچوو “زۆر دڵتەنگ بووم بە لەدەستدانی منداڵەکەم. لەکاتی لەدەستدانی منداڵەکەمدا وا هەستم دەکرد کە خۆشم دەمرم بەڵام هیچ کەس گوێم پێنادات. لەو کاتەوە هیچ چارەسەرێکی گوونجاوی تەندروستیم بۆ نەکراوە.”

.

پزیشکی ناو کامپەکە ووتەکانی ئەو ژنەی پشت ڕاستکردەوەو ووتی کە ژنێکی تری ناو کامپەکە بە هەمان شێوە منداڵەکەی لەبارچووە لەبەرئەوەی ڕێگەی تێپەڕین و چوونە نەخۆشخانەی پێنەدراوە لە بازگەکانی سەر ڕێگەی هەولێر.

.

ژنێکی تەمەن 45 ساڵ کە پێنج منداڵی هەیە وتی لە ئەنجامی گەمارۆی سەر کامپەکە خۆی و مێردەکەی کارەکەیان کە بریتی بووە لە کاری پاککردنەوە لەدەستداوە چونکە ئەو جۆرە ئیشانە نامەی پشتگیریان نیە.

.

باسى لەوەشکرد، نزیکەی هەزار دانیشتووی ناو کامپەکە لە هەولێرو شارەکانی تر کاری لەو جۆرە دەکەن “ئەوەی پەیامان دەکرد تەنها بەشی خەرجی ڕۆژانەی دەکردین. لە یەکەم بەیانی ڕۆژی جەژن دەستم بە گریان کرد لەبەرئەوەی نەمانتوانی شیرینی و جل و بەرگ بۆ منداڵەکانمان بکڕین. بۆ ئێمە جەژن نەبوو.”

.

ویتسن وتی “نابێت دایکان کۆرپەکانیان لە دەست بدەن ئینجا حکومەتی هەرێم تێبگات لەوەی کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندویەتی بە سەر کامپەکەدا زیاد لەحەدە. جێی شۆک و سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان نەهێناوە بە سنوردارکردنی مافی هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور.”

.

ئەندازیارێک کە لە کۆمپانیایەکی دروستکردنی بینا لە سلێمانی کاری دەکرد ڕایگەیاند، پاش ئەوەی بەرپرسان دەستیان کرد بە رێگریکردن لە دانیشتوانی ناو کامپەکە لە تێپەڕین بەناو بازگەکاندا کارەکەی لەدەستداوە. ئەو وتی، کارتی مانەوەو کارتی ئەندامێتی سەندیکای ئەندازیارانیشی لە بازگەکان نیشانداوە، بەڵام ئەفسەرەکان پێیان ڕاگەیاندووە هیچ دانیشتویەکی ناو کامپەکە ڕێگەی پێنادرێ بچێتە ناو هەولێر.

.

هاووڵاتیەکی کوردی عێراقی دانیشتووی مەخموور کە لە نزیک کامپەکە دەژی باسى لەوەکرد، لە ٦ی تشرینی دووەم هەر جارێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەناو بازگەکەدا تێدەپەڕی پرسیاریان لێدەکرد کە ئایا هیچ کەسێکی ناو کامپەکەی هەڵنەگرتووە: “زۆر کەس دەبینم بە ژنی پیر و خەڵکی نەخۆشیشەوە، لەسەر زەوی نزیک بازگەکان دانیشتوون و لە ئاسایشەکان دەپاڕێنەوە کە ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێبدەن. تێناگەم بۆچی ڕێگریان لێدەکەن.”

.

ئەو هاووڵاتیانەی ناو کامپەکە کە چاوپێکەوتینیان لەگەڵ کرا ووتیان ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بە‌غدا، بەڵام بەهۆی نەزانینی زمانی عەرەبی و نەبوونی ناسنامەی پێویست و دەستگیرکردن ناوێرن بچنە ئەو ناوچانە. زۆرێک لە خێزانەکان ناسنامەی مانەوەکانیان لە ساڵی 2014 وە بەسەرچووە، بەڵام حکومەتی بەغدا لە ساڵی 2018 دەستیکردووە بە نوێکردنەوەیان. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بازگەکانی حکومەتی هەرێم ڕێگەیان بە دانیشتوانی ناو کامپەکە داوە بچنە شارەکانی کوردستان. سێ دانیشتووی ناو کامپەکە ووتیان لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی 2019 دوو پیاوی دانیشتوی کامپەکە کاتێک هەوڵیانداوە بە ناسنامەی بەسەرچووەوە لە ڕێگەی موسڵەوە بچنە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە فڕێندراون و تائێستاش بێسەروشوێنن.

.

رێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئازادی نیشتەجێ بوون و هاتوچۆ بۆ خەڵکانی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆلی دابین بکات. بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی هەریم تەنها لەکاتێکدا دەتوانێ هاتوچۆی هاووڵاتیەکانی و ئەوانەشی کە هاووڵاتی نین سنوردار بکات کە بەپێی یاسا بێت و بۆ پارێزگاریکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی و وورەو تەندروستی گشتی بێت یان بۆ پارێزگاریکردن بێت لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر. جگەلەوەش، دەبێت جیاکاری نەکرێت لە سنووردار کردنەکان و بە قەد قەبارەی مەترسیەکە بێت.

.

هەروەها یاسا نێودەوڵەتیەکان قەدەغەی ئەوە دەکەن کە ئازادی هاتوچۆ بە پشت بەستن بێت “بە مەبەست یان هۆکارێکی تایبەت بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت لە شوێنێکەوە بچێتە شوێنێکی تر.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل