fbpx
Shadow Shadow

"بووه‌ته‌ خۆره‌ی گیرفانی هاووڵاتیان"

هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌ده‌ست پێوه‌ری زیره‌ك داد و بێدادیانه [تایبه‌ت]

19:00 دوو شه‌ممه‌ 24 حوزه‌یران 2019
article image

‌ ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

دیاریكردنی نرخی ئاو بەگوێره‌ی ئامێری پێوەری زیرەک، هه‌ژماركردنی پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كان کێشەی بۆ هاووڵاتیانی شاره‌كانی كوردستان دروستكردووه‌ و په‌رله‌مانی كوردستان ناچار كرد بێته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و بابه‌ته‌.

.

ئامێری پێوه‌ری زیره‌ك وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ شاره‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پێشنیاركرا و خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م گه‌ڕی خوێندنه‌وه‌ی بڕی به‌كارهێنانی ئاو به‌گوێره‌ی ئه‌م سیستمه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بوه‌وه‌وه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ سیستمه‌كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر هاووڵاتیان هه‌ژمارده‌كات و ته‌نانه‌ت له‌ پارێزگایه‌كی دهۆك ماڵێك له‌ یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌دا نزیكه‌ی حه‌وت ده‌فته‌ر دۆلار پاره‌ی ئاویان بۆ هاته‌وه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه‌ی زۆری دروست كرد.

.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، هۆكاری ئه‌و هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وانه‌ی له‌ پارێزگای دهۆك روویداوه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیا لوبنانیەیە ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌  کە ئەرکی خوێندنەوەی پێوەری ئاوی پێ سپێردراوە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

.

به‌وته‌ی هێڤیدار ئه‌حمه‌د، کارمەندەکانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ڕاهێنانی پێویستیان پێنەکراوە و ئەو ژمارانەی کە لە ناو پێوەرەکاندا هەن بە هەڵە خوێندراوونه‌ته‌وه‌.

.

وتیشی :”هەندێ ماڵ لە شاری دهۆک بە ملیۆنان دینار پارەیان  بۆ هاتووەتەوە، یەکێک لە ماڵەکان 86 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە لە ماوەی تەنها دوو مانگدا،ئەوەش ناعەدالەتییه‌کی زۆرە و قابیلی قبوڵ نییە” .

.

هاووڵاتیان له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و نرخەی دانراوە بۆ هەژمارکردنی  بڕی ئاوى بەکارهاتوو زۆره‌ و به‌ پێویستیده‌زانن کەم بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

.

به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی ناس كورد، لە ئێستادا بۆ هەر پێنج بەرمیل ئاوێك كه‌ دەکاته‌ هەزار لیتر 500دینار هه‌ژمار ده‌كرێت.

هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌ده‌ست پێوه‌ری زیره‌ك داد و بێدادیانه [تایبه‌ت]

.

كێشه‌یه‌كی تر له‌ جۆری ئه‌و پێوه‌رانه‌یه‌ كه دانراوه‌، به‌ جۆرێك له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك جۆرێك له‌ ئامێر دانراوه‌، به‌شێكیان تورکین و هەندێکی تریان ئەڵمانی و ئیتاڵین.

.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ره‌خنه‌ی له‌ كۆمپانیای سه‌رپه‌رشتیكاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گرت كه‌ پێش بەکارهێنانی پێوەرەکە هیچ هۆشیارییەک و هۆشدارییه‌كیان نەداوەتە هاوڵاتیان.

.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی بۆ ناس كوردی روونكرده‌وه‌، له‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و بابه‌ته‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پارێزگاکانی هەرێم، كۆده‌بنه‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ “یەکەم هەنگاوی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان کەمکردنەوەی نرخه‌كان ده‌بێت”.

.

به‌شێك له‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ له‌و سیستمه‌ ده‌گرن ئاماژه‌ به‌ “خراپی”یه‌كی تری پێوه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌وته‌ی ئه‌وان “پێوه‌ره‌كه‌ جگه‌ له‌ئاو هه‌واش ده‌خوێنێته‌وه‌”.

.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه پێوه‌ری زیره‌كی سلێمانی داناوه‌، دان به‌وه‌دا ده‌نێ كه‌ به‌شێك له‌و پێوه‌ره‌ توركی و ئه‌ڵمانیانه‌ی كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك دانراوون گرفتیان هه‌یه‌ و به‌ “هه‌ڵه‌ بڕی ئاوی به‌كارهاتوو ده‌خوێننه‌وه‌”.

.

پەسەند ئەنوه‌ر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای “گود وەیی” تایبەت بە دانانی پێوەری زیرەک لە شاری سلێمانی، به‌ناس كوردی وت “80%ی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی پێوەری زیرەکیان داناوە لە جۆری ئیتاڵی ئەوەش پەسەند کراوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیەوە و هیچ گرفتێکی نییە”.

.

په‌رله‌مانتارێكی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت به‌ بوونی چه‌ند كۆمپانیایه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك له‌ شاره‌كانی كوردستان و به‌ پێویستیده‌زانێت كه‌ یه‌ك كۆمپانیای دیاریكراو ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێبسپێردرایه‌.

.

سیپان ئامێدی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ، به‌ ناس كوردی راگه‌یاند “دەبوایە لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک کۆمپانیا هەبوایە ئەرکی خوێندنەوەی ئەو پێوەرانەی بکردایە ، بەڵام ئەو كاره‌ش وەکو  هه‌موو شته‌كانی تری ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دابه‌شكراوه‌”.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەی په‌رله‌مانی كوردستان چەند ڕاسپاردەیەکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە، داوایانکردوە نرخی ئاو کەم بکرێتەوە ، بۆ لەمەولاش پارەی ئاو هەموو مانگێک وەربگیرێت نەک دوو مانگ جارێک.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل