fbpx
Shadow Shadow

هاوپەیمانێتییەکەى عەبادى لە ناس کوردەوە وەڵامى ترسى کورد لە هەموارى دەستور دەداتەوە

08:26 چوار شه‌ممه‌ 06 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

هاوپەیمانى نەسرى سەر بە حەیدەر عەبادى ڕایدەگەیەنێت، دەستور لەکاتى نوسینەوەیەدا “ناوچەگەرێتى” تێدا کراوە، بەتایبەت ئەو ماددەیەى کە پەیوەندى هەیە بە شێوازى کەمکردنەوەى دەسەڵاتى هەرێمەکانەوە، داواشدەکات پرسەکە نەبەسترێتەوە بەدەنگى سێ پارێزگاوە.

.

دوێنێ هاوکات لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى پەرلەمانى عێراق تایبەت بە هەموارکردنەوەى دەستور، هەرێمى کوردستان بەفەرمى ترسی خۆى نیشاندا لەو پڕۆسەیە و داوایکرد لە دۆخێکى ئارامدا دەستور هەمواربکرێتەوە تا مافى کورد و پێکهاتەکان پارێزراو بێت.

.

حازم خالیدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسری سەربە حەیدەر عەبادی، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند “دەستوری عێراق لە دەستورە باشەکانی ناوچەکەیە، بەڵام ئەو دەستورە لەلایەن چەند حیزبێکی سیاسی و چەند کەسایەتییەکەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان قۆرخکراوە”.

.

لەبارەى ترسی کوردەوە لە هەموارى دەستور، خالیدى وتى “دەستوری عێراق لەکاتی نووسینەوەیدا ڕەچاوی ناوچەگەرێتی تێدا کراوە، گەواهی ئەو ڕاستیەش ماددەی 126ی دەستوری عێراقە، کە دەڵێت نابێت بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان و خەڵکەکەى لە ڕاپرسییەکی گشتیدا، دەسەڵاتی هەرێمەکان کەمبکرێتەوە. ئەمەش بۆخۆی دەسەڵاتی هەموارکردنەوەی دەستور سڕدەکات”.

.

ئەوە لەکاتێکدایە، کورد ئەو ماددەیەى دەستور بەجۆرێک لە گرەنتى بۆخۆى دادەنێت، بۆ ئەوەى ئەگەر لەگەڵ شێوازى هەموارەکە نەبوو ڕەتیبکاتەوە.

.

پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەشدا، نابێت هەموارکردنەوەی دەستور بەندبێت بەدەنگی سێ پارێزگاوە، بەڵکو دەبێت دەستور بەدەنگی  کۆمەڵانی خەڵکی عێراق هەمواربکرێتەوە “دەستور دەبێت لە سەربنەمای هاوڵاتیبوون بنوسرێتەوە نەک لەسەر بنەمای ناوچە، تایفە و نەتەوە”.

.

وتیشى “حزبە گەورەکان لە ڕێگەی یاسای هەڵبژاردنەوە کە تێبینیەکی زۆری لەسەرە، دەسەڵاتی سیاسی عێراقیان بۆخۆیان زەوتکردووە، بە هیچ شێوەیەکیش دەرفەت بە حیزبە بچووکەکان نادەن بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا بکەن”.

.

“هەموو ئەو وڵاتانەی کە تازە دەستوریان نووسیوەتەوە، دوای 10 ساڵ یان پازدە ساڵ هەندێک لە بڕگەکانی ئەو دەستورە هەمواردەکەنەوە بەگوێرەی پێویستییەکانی وڵات و هاوڵاتییان ئەوەش شتێکی زۆر ئاساییە نابێت بە هەستیاری وەربگیرێت، لەئێستاشدا هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق داوایەکی هەنووکەیی خۆپیشاندەرانە”، حازم خالیدی، پەرلەمانتاری نەسر وایوت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل