fbpx
Shadow Shadow

عێراق؛ نەخشەى پەرلەمان لەبەردەم دوبارە داڕشتنەوەدا

نەیار و پشتیوانانى عەبدولمەهدى کێن، کورد چیدەکات؟ (تایبەت)

16:21 یه‌ك شه‌ممه‌ 27 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

خزانى هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر بۆ بەرەى ئۆپۆزسیۆن، گۆڕانکاریی لەنەخشەى سیاسی و پەرلەمانى عێراقدا دروستکرد، بەهۆى کاریگەریى ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانەوە کە لە ڕۆژى هەینى یەوە دەستیان پێکردووەتەوە.

.

چوونى سائیرون قەبارەى ناڕەزاییەکانى دژى ئەو کابینەیە زیاتر کرد، کە ماوەى ساڵێکە بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى و بە رێککەوتنى سەرجەم لایەنەکان دروستکراوە. بەڵام پێناچێت چیتر هێزە سیاسییەکان خاوەنى قسەى یەکلاکەرەوە بن لەو بارەیەوە، بەتایبەتى کە دەنگى ناڕەزایی شەقام سەرجەم هێزەکانى گرتووەتەوە.

.

عەبدولمەهدى ئەگەرچى هیچ کوتلەیەکى نییە کە لە پەرلەمان پشتى پێ ببەستێت، بەڵام کۆدەنگى لەسەر کاندیدکردنى بۆ سەرۆک وەزیران لەلایەن لایەنە ڕکەبەرەکانەوە، گەورەترین پارێزبەندى بوو بۆى، بەڵام ئێستا ئەو کۆدەنگییە لەرزۆک بووە و خەریکە بەتەواوى دەکەوێت، ئەوەش مەترسی لەسەر کورسییەکەى سەرۆک وەزیران دروستکردووە.

.

لەگەڵ ئەوەشدا عادل عەبدولمەهدى چەند بڕیارێکى دەرکردووە بۆ چاکسازى تا ناڕەزاییەکان هێوربکاتەوە، بەپێچەوانەى قۆناغەکانى پێشوویەوە کە دواى هەر فشارێک دەستى لەکارکێشاوەتەوە، ئێستا بەتەواوى هەوڵییەوە هەوڵى پارێزگاریکردن لە پۆستەکەى دەدات  و لەڕێگەى چاکسازییەوە دەیەوێت مانەوەى مسۆگەر بکات.

.

هەرچەندە عەبدولمەهدى بە سیاسییەکى تەکنۆکرات و جێگەى رەزامەندى هەموان ناسراوە، بەڵام کوژرانى ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەر خەریکە دۆخەکەى بەسەردا قڵپدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سورە لەسەر جێبەجێکردنى ئەو چاکسازییانەى بڕیارى لێداوە.

.

کورسییەکانى پەرلەمان

نەیار و پشتیوانانى عەبدولمەهدى کێن، کورد  چیدەکات؟ (تایبەت)

پەرلەمانى عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە، لیستى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر خاوەنى زۆرترین کورسیە کە 54 کورسی هەیە، لەدواى ئەویش هاوپەیمانى فەتحى هادى عامرى دێت کە خاوەنى 47 کورسییە، پاشان هاوپەیمانى نەسر دێت.

.

دابەشبوونى پەرلەمان

نەیار و پشتیوانانى عەبدولمەهدى کێن، کورد  چیدەکات؟ (تایبەت)

ئێستا نەخشەى پەرلەمانى عێراق بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەش بووە، بەرەى ئۆپۆزسیۆن کە بە ئاشکرا خۆیان ڕاگەیاندووە، بەرەیەکى تر بۆنى پشتیوانى لە سیاسەتەکانى حکومەتى لێدەخوێنرێتەوە، بەرەیەکى دیکەش بێدەنگى هەڵبژاردووە.

.

بەرەى ئۆپۆزسیۆن ئێستا خاوەنى 115 کورسی پەرلەمانییە، کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانى، سائیرون 54 کورسی، نەسر 42 کورسی، حیکمە 19 کورسی.

.

هەروەها ئەو بەرەیەى کە بە پشتیوانى لە حکومەت دادەنرێن خاوەنى 130 کورسی پەرلەمانین، کە پێکهاتوون لە فەتح 47 کورسی، دەوڵەتى یاسا 25 کورسی، فراکسیۆنە کوردستانییەکان 58 کورسی.

.

فراکسیۆنەکانى دیکەش کە خاوەنى 84 کورسین و تا ڕادەیەک بێدەنگیان هەڵبژاردووە، کە دیارترینیان بریتین لە بەدر 22 کورسی، قەرارى عێراقى 14 کورسی، وەتەنیە 21 کورسی.

.

یاسین تەها شیکەرەوەى سیاسی بە ناس کوردى ڕاگەیاند “شانبەشانى خۆپیشاندانەکان، هەندێک جموجۆڵى سیاسی دەستیان پێکردووە، سەبارەت بە دەرخستنى هەڵوێستى کوتلەکان لەبارەى ئەو رووداوانەى لە ئارادان”.

.

ڕونیشیکردەوە “سائیرون داواى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیران دەکات، لەپەرلەمان مانگرتنى دەستپێکردووە، بە پێچەوانەى دەوڵەتى یاسا و فەتحەوە داواى سەپاندنى نیزام دەکەن، کە بەماناى ئەوەدێت پشتیوانى لەهەنگاوەکانى حکومەت دەکەن، تا ئێستاش هەڵوێستى کوردەکان زۆر روون نییە، هەرچەندە وا باوەڕدەکرێت لەگەڵ عەبدولمەهدین”.

.

بەوتەى یاسین تەها، ئێستا قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات، کە چەند کورسی لەگەڵ مانەوەى عەبدولمەهدین و چەندى تر لەدژین، نەخشەکە لەبەردەم دوبارە داڕشتنەوەدایە، لەنێوان لایەنگرانى مانەوەى عەبدولمەهدى و لایەنگرانى دەستلەکارکێشانەوەیدا، لەداهاتوویەکى نزیکدا ئەوە بەتەواوى ڕووندەبێتەوە.

.

وتیشى “ئەگەر زۆرینەى پەرلەمان لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدیدا بن، دەکەوێتە کێشەیەکى یاسایی و دەستورییەوە، چونکە کاتى خۆى عەبدولمەهدى بە هاوپەیمانى فەتح و سائیرون دانراوە، ئێستا سائیرون کشاوەتەوە، لەچەند کاتژمێرى داهاتوو ئەوە روندەبێتەوە کە سائیرون چەند کورسی بۆ متمانە سەندنەوە لە عەبدولمەهدى بۆ کۆدەکرێتەوە”.

 

“قسەى یەکلاکەرەوە”

نەیار و پشتیوانانى عەبدولمەهدى کێن، کورد  چیدەکات؟ (تایبەت)

ئێستا کورسییەکانى پەرلەمان بەشێوەیەک دابەش بووە، هیچ بەرەیەک خاوەنى قسەى یەکلاکەرەوە نییە، بەو پێیەى هیچیان خاوەنى زۆرینەى رەهاى کورسییەکان نین بۆ ئەوەى ئەوەى دەیانەوێت ئەنجامى بدەن.

.

فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان و خۆپیشاندەران داواى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیران دەکەن، بەڵام بەپێی دەستور ئەو لایەنانە خاوەنى دەنگى پێویست نین لە پەرلەمان بۆ ئەوەى ئەو کارە ئەنجام بدەن.

.

دەستورى عێراق چەند رێگەیەکى داناوە بۆ متمانەکێشانەوە لەسەرۆک وەزیران، رێگەى یەکەمیان ئەوەیە سەرۆک کۆمار دەتوانێت داوایەک پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ متمانە کێشانەوە لەسەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران.

.

هەروەها بەپێی رێگەى دووەم، ئەنجومەنى وەزیران لەسەر داواى 5/1ى ئەندامەکانى دەتوانێت داواى متمانە کێشانەوە بکات لەسەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران.

.

رێگەى سێیەم متمانە سەندنەوەیە لەسەرۆک وەزیران بەدەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى پەرلەمان، لەو کاتەشدا حکومەت بەدەستلەکارکێشراو دادەنرێت.

.

ڕێبوار کەریم ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هێشتا زۆر روون نییە بارودۆخەکە چۆن دەبێت، چاوەڕوانى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانن کە دەستپێبکاتەوە و ئەوکات نەخشەکە بەتەواوى دەردەکەوێت.

.

وتیشى “دیارنییە هێشتا کە ئۆپۆزسیۆن وەکو کوتلە دروستدەبێت و ئاڕاستەکەى چۆن دەبێت، ئایا تەنها لەناو پەرلەمان دەبێت یان دام و دەزگاکانى دیکەش دەگرێتەوە”.

.

ڕێبوار کەریم جەختدەکاتەوە، ئێستا  هەموو پێداگیری دەکەن لەسەر بەردەوام بوون و چاکسازى “پێموایە دەبێت چاکسازى راستەقینە بکرێت بۆ هێورکردنەوەى خەڵک، ئەگەر ئەوە نەکرێت بڕواناکەم خەڵکەکە وازبهێنن”.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل