fbpx
Shadow Shadow

نەوەی دووەمی داعشییەکان.. بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌كه‌ی كه‌مپی هۆڵ له‌ڕۆژئاوای کوردستان

11:18 پێنج شه‌ممه‌ 02 كانونی دووه‌م 2020
article image

 

ناس کورد–

ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی داعشەکانی سوریا و عێراق لە کەمپێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەژین و گوزەرانیان زۆر خراپە.

.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ژیانی منداڵانی داعش لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند :”نزیکەی نۆ بۆ ده‌ هەزار و 500 منداڵی چەکدارانی داعش کە هاووڵاتی 40 وڵاتی جیاوازی جیهانن لە چەند سەربازگەیەک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین”.

.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە :”بەگوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی “منداڵان ڕزگار بکەن” نزیکەی پێنج هەزار لەو منداڵانە واتە لەسەدا %50ی ئەو منداڵانە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵانەوەیە لە ئێستادا لە کەمپی هوڵی سەر بە پارێزگای حەسەکە دەژین و دۆخی ژیانیان زۆر خراپە و کەشوهەوای کەمپەکەش زۆر خراپە و منداڵەکان هان دەدات بۆ ئەوەی دوبارە ببنەوە بە کەسی توندوتیژ، چونکە کەمپەکە هیچ مەرجێکی دوبارە هێنانەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئەو کەسانە و ئارامکردنەوەیانی تێدا نییە”.

.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەکردوە :”یەکێک لەو کۆسپانەی بۆ ئەو منداڵانە دروستکراوە ئەوەیە کە ئەو  وڵاتانەی لێی لەدایک بون یاخود دایک و باوکیانی لێ بووە وەریان ناگرنەوە، هەروەها ئەو منداڵانە لە دایکیان جیا کراونەتەوە لە کاتێکدا لە یەک کەمپدا دەژین کە ئەوەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.

.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ روونیكردۆته‌وه‌ :”بەشێک لەو ژنانەی منداڵیان هەبوە لەمافی دایکایەتیان خۆشبون و ڕازیبون کە ئەو منداڵانە بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان بەڵام بەشێکی دیکەیان ڕازی نەبون و دەیانەوێت ئەو منداڵانە لەلای خۆیان گەورە بکەن و نه‌وه‌یه‌كی نوێی کادرانی داعشیان لێ دروست بکەن و ئارەزوش ناکەن بچنەوە بۆ وڵاتەکانیان”.

.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردوە :”چەند ژنێک لە کەمپی هۆڵ بون بە هاوکاری شەڕڤانان هەڵهاتون لە کەمپەکە”.

.

بەگوێره‌ی راپۆرتی ڕۆژنامەکەش لەئێستادا زۆرینەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان لەو کەمپە هەڵپەساردوە و تیمەکانیان نانێرنە کەمپەکە چونکە دەترسن کە هێزەکانی حکومەتی سوریا بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە و دەستگیریان بکەن.

 

ڕێکخراوی مانگی سوری کوردیش ڕایگەیاندوە: “هەفتەی ڕابردو منداڵێک لە کەمپەکە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە هەروەها چەند منداڵێکیش لەلایەن پاسەوانانی کەمپەکەوە تەقەیان لێکراوە بەهۆی ئەوەی بەردیان گرتووەتە پاسەوانەکان”.

.

تا ئێستاش ڕوسیا یەکەمین وڵات بوە کە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ وەگرتنەوەی ئەو منداڵانە کە لە داعش بەجێماون هەرچەندە چەند وڵاتێکی کەمی دیکەش بەشێک لە منداڵەکانیان وەرگرتووە بەڵام ژمارەکە لەئاستی چاوەڕوانی رێکخراوەکانی پاراستنی مافی منداڵەکان نییە و تا ئێستا تەنها 350 منداڵ گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.

.

راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ لەکاتێکدایه‌ کە منداڵانی داعش بونەتە مەترسییەکی نوێ بۆ سەر جیهان و ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی نەخرێنەوە ناو کۆمەڵگا و ئارام نەکرێنەوە لەڕوی دەرونییەوە ئەوا ڕەنگە لە داهاتودا لەگروپە چەکدارە توندڕەوەکاندا ببینرێنەوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل