Shadow Shadow

نەوەى نوێ یەکێتى تۆمەتبار دەکات

17:46 دوو شه‌ممه‌ 29 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە دەرکردن و بڵاوکردنەوەی فەرمانەکە و دەڵێت، “ئەمەش لەدرێژەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی لەمێژووی خۆیدا پێی ڕاهاتووە”.

.

لە ڕاگەیەندراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە: “لەدرێژەی پیلان و فشارەكانیان، بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی، شەوی ڕابردوو، یەكێتی لەڕێگەی بەشێك لەڕاگەیاندنە سێبەرەكانیەوە، لەپاش تەواوبوونی دەوامی فەرمیی و لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی هەواڵی پێدانی مووچە دزراوەكانیان بوون، فەرمانێكی دەستگیركردنیان بڵاوكردەوە كە بۆ بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەركراوە”.

.

لەبارەى فەرمانى دەستگیرکردنەکەوە ئاماژە بەوەشکراوە: “سەبارەت بەو فەرمانی دەستگیركردنە، كە هەمیشە بەرامبەر هەموو هێزێكی ئازا و بوێر كردوویەتی، لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە تائێستاش هەمان ئەو سیاسەت و ئەو عەقڵیەتە ‘ناشرینە’ بەردەوامە، سەرەتا بەهێزە ئیسلامیەكان و دواتر بەبزووتنەوەی گۆڕان و ئێستاش بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڵام لەكاتی گوشارەكاندا سەرجەم ئەو هێزانە بەهێزتر بوون”.

.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نەوەی نوێدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە: “ئاشكرایە فشارەكانی ئێستای یەكێتی و ئەم هەنگاوە قێزەونانەی كە تیایدا دەسەڵاتی دادوەری بەمەترسیدارترین شێوە بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی قسوری نەكردووە لەبەكارهێنانی دامەزراوە گشتییەكانی تری وەك پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان، هەوڵێكی نەزۆكی یەكێتییە بۆ داپۆشینی هەموو ئەو شكستانەی كە ڕوبەڕویان بۆتەوە، چ لەڕوی حوكمڕانییەوە چ لەڕوی پەیوەندی هاوسەنگیان لەگەڵ هێزەكانی تر”.

 

“یەكێتی بەو جۆرە هەوڵ و فشارانە، دەیەوێت شكستە ناوخۆییەكانی خۆیان و باڵباڵێن و پەرتەوازەیی خۆیان و فەرامۆشکردنیان و حساب بۆ نەکردنیان لەلایەن پارتی و هەروەها بچووکی قەبارەیان لە ناو کابینەی نوێی حکومەت، بەو رەفتارانە داپۆشن و خۆڵ بكەنە چاوی تەنانەت كادیر و ئەندامانی خۆشیان”، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەى نەوەى نوێدا هاتووە.

.

دەشڵێت: “لەبەر ئەوەی كە ئەو لێكترازانە ناوخۆییەی یەكێتی خۆی، بووەتە مایەی داڕمانی هەموو مۆراڵێك لای ئەو حزبەو تەنانەت داڕمانی پێگەی جەماوەریشیان، بۆیە دەیانەوێت بەفشاركردن و لێدانی هێزە ئازاو بوێرەكان تەمەنی خۆیان ماوەیەكی دیکەش درێژ بكەنەوە”.

.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیەدا نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر 10 سكاڵای هاوشێوەى ئەو سکاڵایە تۆماركراوە، بەڵام بەبڕیاری دادگا هەموویان رەتكراونەتەوە.

.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی نەوەێ نوێ، ئەوەی مایەی سەرسامییانە، “سكاڵای ئەمجارە لەبەر ئەوەی لەلایەن پارێزەری ماڵی جەلال تالەبانییەوە تۆماركراوە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی پێ دەردەكات، لەوەش نایاسایی تر ئەوەیە کە بە پێی یاسا دووەمجار هەمان داوا لەسەر هەمان بابەت تۆمار ناکرێت و یاسا ڕێی پێ نادات”.

.

نەوەى نوێ دەڵێت، هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بۆ سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەهاتووە، كەچی بەشەو، فەرمانی دەستگیركردن بڵاودەكرێتەوە.

 

دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە تاوانی فێڵکردن، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاشوار عەبدولواحید دەرکردووە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل