fbpx
Shadow Shadow

نەوید زەردی وازی لە گۆرانی وتن هێنا چونکە “ماندوو بووم”

21:34 دوو شه‌ممه‌ 06 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

نەوید زەردی، گۆرانیبێژی گەنجی کورد وازی هێنانی خۆی لە گۆرانی و کاری هونەری هێنا و لە پەیامێکدا باسی لە چەند هۆکارێک کردووە بۆ کارەکەى.

.

نەید زەردی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “پارە، ناوبانگ، دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی هیچ کات دڵخۆشی نەکردم و زیاد لە چوار ساڵیشە من یەک شەو بە ئارامی نەخەوتوم”

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “ئەوە پشودانێکە کە دەمەوێ بە مێشک و بە ژیانی خۆمی بدەم بۆ ئەوەی کە بیر لە خۆم بکەمەوە و بزانم تا ئێستا چۆن هاتووم، چیم کردوە، تا بتوانم ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆمدا ژیانم بە جێیەکی باش بگەیێنم.”

.

تەواوی پەیامەکەى نەوید زەردی؛

 

سڵاو ئازیزانم
هەموو ئەو ساڵانەی ژیانم. خۆم زۆر هیلاک و ماندوو کرد. هیچکات کاتم بۆ خۆم و بۆ بنەماڵەکەم نەبوو. تەنانەت نەمتوانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی سەرکەوتووش دروست بکەم و بیر لە ژیانی داهاتووی خۆم بکەمەوە.

.

پارە، ناوبانگ، دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی هیچ کات دڵخۆشی نەکردم و زیاد لە چوار ساڵیشە من یەک شەو بە ئارامی نەخەوتوم، لەبەر ئەوەی ئەوەندەم دڵەڕاوکێ و مەشغولییەت بۆ خۆم دروست کردووە، کە چێژ لە هیچ شتێک و تەنانەت هیچ شۆێنێکیش نابینم.

.

ئاواتەخواز بووم خزمەت بە وڵات و خەڵکی خۆم بکەم و بەپێی تواناکانم کورد بە جیهان بناسێنم. تا حەدێکیش توانیم ئەوە بە ئەنجام بگەیەنم.ئەو ۸٠ ملیۆن بینەرەی یوتوب بۆ سەرجەم گۆرانییەکانم پاڵپشتن بۆ ئەم قسانەم.

.

لە کارەکانمدا تا ئێستا هاوکاریی چەندین هونەرمەندی تریش بووم، تەنانەت یەک بە یەکی تەجروبەکانی خۆم لە ناخەوە لەگەڵ ئەواندا بەش کردووە، چونکە ئامانجم سەرکەوتنیان بووە. من توانیم ئەو کارە بکەم، چونکە لە هونەر و شەونخونی و تواناکانی خۆم کەڵکم وەرگرت بۆ یارمەتیدانی زۆر کەسی تر. پێم خۆش بوو زۆرترین کەس سوودم لێ ببینن. بەڵام لە کۆتاییدا نەک تەنها بێوەفایی، بەڵکو خراپەشم بەرامبەر کراوە. وردە وردە کە هەست بە پێنەزانینی خەڵکی دەکەیت و دەبینیت ناحەقیت بەرامبەر دەکەن، ئیتر دەتەوێت دور بیت لێیان و لە تەنیایی خۆتدا دڵتەنگ بیت بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆت بدۆزیتەوە.

.

زۆربەمان زۆر شت دەکەین بە قوربانی و بیر و بڕواکانمان لە پێناوی کوردبون و نیشتمانەکەماندا بەخت دەکەین، بەڵام کەسێک نییە درک بەو قوربانیانە بکات، کە دەدرێت. منیش یەکێک بووم و هەتا ئێستاش ئەو کەسەم کە ئاواتەخوازم خزمەت بکەم. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دێن و بە شێوازێکی ناڕەوایانە حوکمت لەسەر دەدەن، بوختانت بۆ دەکەن و لەگەڵ کەسانی تر لە یەک ئاست داتدەنێن و هەڵتدەسەنگێنن. بەدەر لەمەش ڕۆژانە بۆ نەمانت کەسی دور و نیزیک لەخۆت درۆ دەکەن و بۆ ناشرین کردنت تەنانەت چرکەیەکیش ڕاناوەستن. لەو کاتانەدا نە بوون و نە هیچ شتێک چ چێژێک نابەخشن بە مرۆڤ.

.

لە پێناو وڵات و کورد و کوردستان بۆ وڵاتی داگیرکەران سەر دانەنەوێنیت، زۆریەک لە دەرگاکان لەسەر خۆت دابخەی، بەڵام ئەو دەرگایانەی تۆ بۆ کەسی تری دەکەیتەوە لە وڵاتی خۆت لەسەر خۆت داخراو بێت، دەیان و هەزاران خەڵکی بیانیش زۆر بە ئاسانی لەسەر خاکی تۆ هەزاران شت بکەن.

.

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەزاران قسە کراوە، کە گوایە من زەویم وەرگرتبێ یان پڕۆژەیەکم لە لایەن کەسانێکەوە پێ بەخشرابێ، بەڵام تا ئێستاش خاوەن هیچ زەوییەک و پڕۆژەیەکی تجاری نیم. بەڵام ئەگەر وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی منیش بیرۆکەیەک یان پرۆژەیەک لە مێشکمدا هەبێت، مافی خۆمە بۆ خزمەتی نیشتمان و خەڵکی کوردستان پێشکەشی حکومەتی بکەم، کە بتوانێت هەلی کار بۆ دەیان گەنجی کوردستان بڕەخسێنێت، تا هەم من وەک هونەرمەند بتوانم پەرەی زیاتر بدەم بە کارەکانم و زیاتر هاوکاری گەنجان بکەم وەک هەمیشە پشت و پەنایان بم.

.
وە هەم حکومەت و خەڵکی وڵاتەکەم زۆرترین سودی لێ ببینن. بە دەیان کۆمپانیای بیانی هاتونەتە کوردستان و بەرهەمی کوردستانیان بردووە بەبێ ئەوەی سودێکیان بۆ خەڵک هەبێت. تا کەی بۆ بێگانە بە ڕەوای ببینین و بۆ خۆمان بە ناڕەوا؟

.

من نە منەت دەکەم بۆ ئەو کارانەی کردوومە، نە چاوەرێی هیچ شتێکم لە هیچ کەس. تەنانەت ئەو دەستکەوتە ماددی و مەعنەویانەی کە لە دەرەوەی وڵاتیش دەستم کەوتووە، هەموویم لەگەڵ خۆمدا بۆ کوردستان هێناوەتەوە، چونکە هەمووی بەرهەمی ڕەنجی شان و شەونخونی خۆم بووە.

.

تەنها هەست بە ماندویەتی دەکەم و دەمەوێ خۆم و مێشکم ئارام کەمەوە تا بزانم چیم بەسەر دێت و ژیان بەرەو کوێم دەبات… بێزارم لەو فەوزا و قەرەباڵغی و نمایەشەی ڕۆژانە، کە پڕ لە درۆ و دوو ڕوییە. ڕۆژانە کەسانێکی زۆر دەبینی، کە ئەو شتەی کە بەرامبەر بە تۆ نیشانی دەدەن لەگەڵ ئەو شتەی کە لە ڕاستی دا هەن جیاوازیان زۆرە.

.

من ناڵێم بۆ پێشکەوتن و گەورەبوونی خۆم کارم نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتیش دا هیچ کات مەبەستم تێکدانی هیچ شتێک نەبووە و تەنها حەزم لێبووە کە شتێک زیاد بکەم و چالاکییەک و بەرنامەیەک دابنێم، کە بکرێ زۆر کەسی تر کەڵکی لێ وەربگرێ. وەک چۆن لە سەرەتای کۆنسێرتەکاندا بەرنامەیەکمان دانا لە چۆنێتی شێوازی بلیت فرۆشتن و ڕازاندنەوەی ستەیج و بگرە هێنانی خەڵک بۆ هۆڵی ستەیجەکان، تا شێوازی دەرکەوتنی گۆرانیبێژێک و ئەوەی کە هونەرمەندێکی پڕۆفەشیناڵ چۆن خۆی پێشکەش بکات و بە چ شێوازێک کارەکانی بەرەو پێش بەرێت. بەڵام ئەم ماوەیە وا هەست دەکەم کە پێویستیم بە پشوودانێکە، کە بە مێشک و بە ژیانی خۆمی بدەم تا بتوانم ئەو ئامانجانەی کە هەمە وەکو خۆیان بەڕێوەیان بەرم.

.

ئەوە پشودانێکە، کە دەمەوێ بە مێشک و بە ژیانی خۆمی بدەم بۆ ئەوەی کە بیر لە خۆم بکەمەوە و بزانم تا ئێستا چۆن هاتووم، چیم کردوە، تا بتوانم ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆمدا ژیانم بە جێیەکی باش بگەیێنم. وا هەست دەکەم ئەو ماوەیە حاڵم زۆر باش نییە، بەڵام دڵنیام کە بە زووترین کات ئەگەر باش بم دێمەوە بۆ لاتان و جیاوازتر و بەهێزتر لە هەمیشە کار دەکەم بۆ ئەوەی کە بتوانم دڵخۆشی خۆم لەگەڵ ئێوە بەش بکەم.

.

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردودا زۆر هێرشی ناڕەوایان کردە سەرم. لەهەر هەنگاوێکم بە نەوعێک. کە شایەنی ئەوە نەبووم ئەو زەخت و فشارە لەسەر مێشکم بێ و لە لایەنی رووحیمەوە

.
ماندوم بکەن. کاتێک کە خەڵکی فشار دەخەنە سەرت ئەوە لە یاد دەکەن، کەتۆ مرۆڤیت. بەدەر لەوە هونەرمەندیت و هەستت هەیە. هەستێکی ناسک. هەرچەندیش بەهێز بیت و وانیشانی بدەیت کە کارت تێ ناکات، بەڵام لە شوێنێکدا ڕادەوەستیت و دەڵێیت بۆ؟ دەیان بەرهەم کە ڕۆژانە بیرەوەری پێ دروستدەکرێت و لە منداڵەوە تا گەورە دڵخۆشدەکات، بەڵام خۆت ناڕەحەت. بەرهەمانێک کە تۆ بە هەزار زەحمەت و چیرۆکی ناڕەحەتی و تەنیاییەوە دروستی دەکەیت و دەیکەیت بە دیاری.

.

دوای ئەو چەند بەرهەمەی کۆتایی، کە بڵاوم کردەوە و کە خۆتان دەبینن، کە خەڵک چەندەیان بە دڵبوو، دەستم بۆ کار کردن ناچێ و هەرچی دەمەوێت شتێک درووست بکەم وەک جاران دڵخۆشم ناکات.

.

من سوپاستان دەکەم بۆ هەموو ئەو ساڵانەی که لە پشتی من بوون و بە گیان و به دڵ لەگەڵم بوون. ڕۆژێک بە شێوازێکی نوێ ئەگەر تەمەن و ژیان ڕێم پێ بدات و بگەمە ئارامی، ئەوا دێمەوە و جارێکی تر خزمەتتان دەکەم.

.

ئەم نووسینەم بۆ ئەوەیە، کە هەوادارانم دوای پێنج ساڵ دەرنەکەوتنم لەهیچ دیمانەیەک و تەلەفیزیۆنێک، بزانن کە لە ژیانی مندا چی گوزەراوە. ئەمەوێت ئەوە بزانن کە هونەرمەند ژیانی زۆر قوڵترە لە تەنها تۆمارکردنی گۆرانی و پێشکەش کردنی بەرهەمی نوێ. تەنها داوای من ئەوەیە، کە چۆن هونەرمەندانی کۆنتان کرد بە قوڵنگ بۆ لێدانی هونەرمەندانی جیلی ئێستا، ئەوە ئێمە نەکەن بە هەمان وەسیلە بۆ لێدانی هونەرمەدانێک کە بڕیار وایە لە داهاتودا دروست ببن. تکایە ڕێگایان پێ بدەن با دەر بکەون و سەریان لێ مەشێوێنن. دژایەتیان مەکەن. چونکە هونەر لە هەر شێوازێک بێت و هونەرمەند بە هەر ستایڵێک بێتە پێشەوە، دوژمنی ئێوە نین و هەقی ئێوەش لای ئەوان نییە. ئەوان تەنها خواردنی ڕۆحی ئێوە دابین دەکەن.

.

هیوادارم لێم تێبگەن. ئاگاداری خۆتان بن و ئەو گۆرانیانەی، کە تا ئێستا پێشکەشم کردوون بە دڵ دیاری منە بۆ ئێوە و دانە بە دانەی هی خۆتانە. هیوادارم هەموو کات پێی دڵخۆش بن.

خۆشم دەوێن
نەوید
6/1-2020

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل