Shadow Shadow

هەرێمى کوردستان نەوت رادەستى بەغدا دەکات؟

نێچیرڤان بارزانى رازى بووە بەوەى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق بەدواداچوون بۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێم بکات

17:49 پێنج شه‌ممه‌ 20 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

نووسینگەى رۆژنامەوانى محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، رایگەیاند “نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رەزامەندى دەربڕیوە لە پێشوازیکردنى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق بۆ بەدواداچوون لەبارەى میکانیزمەکانى فڕۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان”.

.

لە راگەیەندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقدا، ئاماژە بەوە کراوە، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا باس لەو پابەندبوونە داراییەى هەرێم کرایەوە لەبارەى فڕۆشتنى نەوت بەگوێرەى ئەوەى لە یاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2019دا جێگیرکراوە، هەروەها تاوتوێى پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنى سەرجەمى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان بە رۆحیەتێکى برایەتى و هاوبەشى نیشتیمانى، کردۆتەوە.

.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا یاساى نەوت و غاز و یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکان و یاساى دادگاى ئیتیحادییان، تاووتوێ کردووە.

.

راگەیەندراوەکەى نووسینگەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر پێشوازیکردنى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق بۆ بەدواداچوون لەبارەى میکانیزمەکانى فڕۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان”.

.

هاوکات نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک بڵاوى کردەوە، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە سەرجەم کێشە ھەلپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فێدراڵی عیراق بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بکه‌ین.

.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 20ى حوزەیرانى 2019) نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە سەردانێکى چاوەڕوانکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەک لە: عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، کۆبووەوە.

.

ناسر یوسف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند:”سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم  بۆ نزیکبوونەوە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدایە بەتایبەت لەدوای دەستبەکاربوونی ناوبراو، لە پۆستی سەرۆکی هەرێم”.

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی لەو بڕوایەدایە، سەرۆکی هەرێم لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسیان لە کێشەی نەوت و بودجە کردووە و یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەش هەر ئەو پرسە بووە.

.

لە ئێستادا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بەهۆی کێشەی بودجە و نەوتەوە بەرەو خراپی دەڕوات و هەر لەسەر ئەو پرسە چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە.

.

غالب محەمەد، کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارە کوردانەی لەسەر پرسی بودجە و نەوت سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، وادەبینێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سکاڵا و هەڵوێستەکانی ئەوان، نێچیرڤان بارزانی بردووەتە بەغدا.

 

غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بە ناس کوردی وت:”بە ئەگەرێکی زۆرەوە هۆکارێکی گرنگی سەردانیکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، بەهۆی سکاڵا و هەڵوێستەکانی چەند پەرلەمانتارێکی کوردە لە بەغدا سەبارەت بە دۆسییە و پرسی نەوت و بودجە”.

.

وتیشی، عادل عەبدولمەهدی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، یاخود ساڵی داهاتوو، بودجەی هەرێم وەک ئەمساڵ نابێت، چونکە عەبدولمەهدی خۆی وتویەتی:”بەرپرسانی هەرێم شەرمەزاریان کردووم لە بەغدا”.

.

غالب محەمەد، بەپێویستى دەزانێت بەزووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و هەرێم واز لەو کارەی بێنێت کە دەیکات.

 

غالب محەمەد، جەختدەکاتەوە ” ئەگەر تا چەند مانگی داهاتوو نەوت ڕادەست نەکات، ئەوا ساڵی داهاتوو ئەم بودجەیەی ئێستا کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمە نامێنێت، بەهۆی ئەوەی بەهیچ شێوەیەک هیچ لایەنێکی دیکە بەدەر لە کورد دەنگ بە پڕۆژە یاساکە نادات لە پەرلەمان”.

.

لە بودجەی 2019ی عێراق پشکی هەرێم بە 12.7٪ دیاریکرا، لە بەرامبەر ئەوەی ڕۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ڕەوانەی دەرەوە بکات، بەڵام تائێستا بەغدا پێنج بەشە مووچەی بۆ هەرێم ناردووە و هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل