Shadow Shadow

بەرپرسێکی حدکا: لەو شارەی کۆنگرەکەی تێدا دەکرێت مانگێکە کچە کوردێک بێسەروشوێنە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: کۆنگرەی ناودارانی کورد هەلێکی باشە بۆ ئاشتەوایی

16:47 سێ شه‌ممه‌ 02 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە لەئێستادا کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردانى ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەڕێوەچوونی مەراسیمی هاوشێوەی کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لە ئێران، بە هۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر بەرەو ئاشتەوایی ڕۆشتن، بەڵام بەرپرسى حیزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕایەکى پێچەوانەى هەیە.

.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2019، لە شاری سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناوداری کورد بەڕێوەچوو.

.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیە زیاتر کۆنگرەیەکی فەرهەنگییە وەک لەوەی سیاسی بێت، وتیشی: “لە ئێستادا هەموو بابەتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنگرانەش، دەکرێت ببنەهۆی زیاتر چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێوان حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران”.

.

“ئامادەبوونی نوێنەری ڕابەڕی شۆڕشی ئێران و جێگری دووەمی حەسەن ڕۆحانی، هاوکات ‘مامۆستا مەزهەری خالقی’ خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە بۆ پەیوەندی هەردوو نەتەوەکە لە ئێراندا”، نازم دەباغ واى وت.

.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: “دۆزی کورد لە ئێراندا تەنها بە ئاشتی چارەسەر دەبێت و لەئێستاشدا بە خەباتی چەکداری هیچ نەتەوەیەک ناگات بە مافەکانی، بەڵکو پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵبدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.

.

ئەو بەپرسەى حکومەتى هەرێم لە تاران، بە پێویستیشی زانى، لە هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور چاو لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت، ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستیان بە خەباتى چەکداریی نییە و پێویستە بە گفتوگۆ هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن.

.

لەبەرامبەردا، بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، ڕێککەوتن و ئاشتەوایی بە “کۆنگرەیەکی ڕووکەش”ی لەوشێوەیە ناکرێت و ئەوە تەنها بۆ شاردنەوەی دۆخی ڕاستەقینەی ژیانی کوردە لە کۆمەڵگای ئێراندا.

.

کەریمی پەروێزی، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو کۆنگرەیە هیچ زەمینەیەک دروست ناکات بۆ نزیکبوونەوەی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە حکومەت، چونکە ئەوە تەنها شتێکی ڕوکەشییە و ئەوان کۆنگرە دەکەن و خەڵات دەبەخشن بەڵام لەولاوە تەقە لە کۆڵبەری کورد دەکەن”.

.

ئەو بەرپرسەى حیزبە کوردییەکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئاماژەى بەوشکرد: “هەر لەو سنەیەدا کە کۆنگرەکەی تێدا دەکرێت، ئافرەتی کورد گیراوە، مانگێکە بێسەروشوێنە و کەس نازانێت چی بەسەرهاتووە”.

.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و ئاشتەوایی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حزبی دیموکرات وتی: “کورد هەرگیز لەگەڵ شەڕدا نەبووە، بەڵام گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ دەبابە و تۆپدا ناکرێت، کاتێک ئەو شەڕمان لەگەڵدا دەکات، پێویستە بەرگری لە خۆمان بکەین”.

.

کۆنگرەی ناودارانی کورد، بۆ یەکەمجارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و تیایدا 30 کەسایەتی و ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، کە دیارترینیان هونەرمەند مەزهەری خالقییە، کە دوای نزیکەی 38 ساڵ دووبارە گەڕایەوە ئێران و لە کۆنگرەکەدا بەشدارە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل