fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی نێوەندگیری کردووە

نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 

20:55 سێ شه‌ممه‌ 18 شوبات 2020
article image

ناس کورد – شەهرام عەزیز

سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، دواجار بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردران و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەڵێت، ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەرکراون کە دوو خاڵی سەرەکی بوون.

 .

ناس کورد زانیویەتی قوباد تاڵەبانی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە ڕێککەوتنی نێوان ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ و هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی و خاڵێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکەش ئەوەیە پێنج کارگێڕی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕەفعەت عەبدوڵای تێدا دەبێت.

.

کێشەکان چی بوون؟

 هەر لەگەڵ بڵابوونەوەی زانیاری لەبارەى بوونی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکانی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی ناڕازیبوونی خۆی دەربڕی و داوایکرد کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە ڕابگیرێن و دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ چووە دەرەوەی وڵات.

.

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت: “دوو کێشەی سەرەکی هەبوون، یەکێکیان دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی بوو کە کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردایەتی دەکات، بەڵام تائێستا هیچ دەسەڵاتێک نەچەسپێندراوە و هێڵدراوەتەوە و دواتر گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەکەن، هەرکات دەسەڵاتەکان دیاریکرا دەخرێتە ناو پەیڕەوی ناوخۆوە”.

نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 

وتیشی، کێشەی دووەمیش پەیوەندی بە چۆنێتی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و هەروەها چۆنێتی بەڕێوەبردنی یەکێتی بوو کە کۆسرەت ڕەسوڵ بەوشێوە هاوسەرۆکایەتییە ڕازی نەدەبوو.

.

کێشەکان چۆن چارەسەرکران و کێ نێوەندگیر بوو؟

زوبێر عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنیی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی کاک کۆسرەت لە سەفەر گەڕایەوە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە نێوەندگیری هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، مستەفا چاوڕەش، خەسرەو گوڵ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ڕزگار عەلی گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون و ئەو کێشانەی هەبوون چارەسەر کراون”.

.

ناس کورد زانیویەتی ئەو گفتۆگۆیانە تا بەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبوون و زوبێر عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندوون: “کۆبوونەوەکە دەکرێت و کاک کۆسرەت بە بەڕێوەبردنی هاوسەرۆکی ڕازی بووە و هاوسەرۆکەکان هەڵدەبژێردرێن”.

.

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەی ئاشکراکرد: “بڕیاردراوە ئەنجومەنێکی کارگێڕیی پێنج کەسی هاوشێوەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پێشوو دروست بکرێت و ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕەفعەت عەبدوڵا دوو ئەندامی ئەنجومەنەکە بن”.

نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 

.

هاوکات سەمیر هەورامی، بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد، قوباد تاڵەبانی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە نێوەندگیری لەو پرسەدا کردووە و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی یەکێتی، بە بەردەوام لەم چەند ڕۆژەى کۆتاییدا سەرقاڵی ئەو نێوەندگیرییە بووە.

.

“کوڕ و برازایەکی مام جەلال و ڕەخنە لە بنەماڵەیی بوون”

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوی دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتیی ڕەخنەی ئەوە لەو حزبە دەگیرێت کە بەرەو حزبی بنەماڵە دەڕوات.

نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 

لەوبارەیەوە زوبێر عوسمان باسی لەوەکرد: “لە هەرێمی کوردستان زیاتر پارتیی دیموکراتی کوردستان بە حزبی بنەماڵە ناسراوە و لەدوای مەلا مستەفای ڕەحمەتی کاک مەسعودی کوڕی بوو بە سەرۆکی حزبەکە، سەبارەت بە یەکێتی 16 بازنەی جیاوازمان هەبووە، واتە ئەوانەی ئەو دوو هەڤاڵەیان هەڵبژاردووە هەموویان خزمی ماڵی مام جەلال نەبوون”.

.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی یەکێکیان کوڕی جەلال تاڵەبانی و ئەوی دیکەیان برازایەتی، بەڵام هەردووکیان شایەنی ئەوەن و لێهاتوون، نەوەک بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانی و ماڵی جەلال تاڵەبانی بن هەڵبژێردرابن، بەپێجەوانەوە ئەوان لە ڕابردوودا ڕۆڵی باشیان بینی و لێهاتووی خۆیان سەلماند و بە هەڵبژاردنیش هەڵبژێردراون و بەزۆر نەسەپێندراون.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل