fbpx
Shadow Shadow

نهێنی نێوەندگیریی سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆئەوەى تاران “زیادەڕۆیی” نەکات

18:36 شه‌ممه‌ 11 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی نهێنی نێوەندگیریی سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاش ڕووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرادەکات و ئاماژە بە چۆنیەتی گەیشتنی نامەکانی ئەمریکا دەکات بە ئێران لەڕێگەی باڵوێزی سویسراوە.

.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆڕناڵ”ی ئەمریکی کە  زانیارییەکانی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی وەرگرتووە،”ئیدارەی ترەمپ پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی بە چەند کاتژمێرێک نامەیەکیان لە ڕێگەی مارکۆس لایتنز، باڵوێزی سویسرا لە ئێران گەیاندووەتە دەستی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە تێیدا ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە زیادەڕەوی لە وەڵامدانەوە و کاردانەوە بەرامبەر بە ڕووداوەکە نەکات”.

.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک زەریف، وەزیرەی دەرەوی ئێران نامەی ئەمریکییەکانی  پێدراوە زۆر توڕە بووە و مایک پۆمپیۆی، وەزیری دەرەوی ئەمریکای بە “چەتە و ڕێگر” وەسفکردووە و وتویەتی:” ئەمریکا هۆکاری هەموو قەیرانەکانی ناوچەکەیە”.

.

ئاماژە بەوەشدراوە، نامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پاش کوشتنی سولەیمانی بە چەند ڕۆژێک هەر بەردەوامی هەبووە، بەڵام تێبینی ئەوە کراوە  کە نامەکان بەراورد بە یەکەم نامە  کەمتر زمانی هەڕەشەی تێدا بووە.

.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، سویسرا ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران و لە ئێستاشدا ئەو وڵاتە جێگای متمانەی هەردوولایە.

.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، نامەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی ئامێرێکی “فاکسی بە کۆدکراو” دەگاتە باڵوێزخانەی سویسرا لە ئێران و ئەو ئامێرە بە شێوەیەکی زۆر نهێنی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لە ژورێکی تایبەت لە باڵوێزخانەکە دانراوە و تەنها باڵوێزیش خۆی سەرپەرشتی دەکات.

.

ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە باڵۆێزی سویسرا بە شێوەیەکی بەڕدەوام سەردانی ئەمریکا دەکات، زۆربەی کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکادا ئەنجامدەدات.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل