fbpx
Shadow Shadow

لایەنگرانى قاعیدە بۆ دڵخۆشن بە کوژرانى؟

نهێنى بێدەنگى داعش لەبارەى کوژرانى بەغدادى

10:40 چوار شه‌ممه‌ 30 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

لایەنگرانى داعش و میدیاکانى ئەو ڕێکخراوە هێشتا بێدەنگیان هەڵبژاردووە لەسەر کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى سەرکردەیان و هەواڵەکەیان پشتڕاستنەکردوەتەوە، ئەوەش بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ داڕوخانى هەیکەلیەتى سەرکردایەتى ئەو رێکخراوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر جێگرەوەى بەغدادى.

.

هیچ بەیاننامەیەکى فەرمى و ڕاگەیاندنى پرسە بۆ بەغدادى لە هەژمارە فەرمییەکانى داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکراوەتەوە، لەو کاتەوە کە ئەمریکا کوژرانى بەغدادى لە ئۆپراسیۆنێکدا لە سوریا ڕاگەیاند.

.

ئاژانسى ئەعماقى سەر بە داعش لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام، لەکارەکانى خۆى بەردەوامە و لەڕۆژى یەکشەممەوە کە تێیدا کوژرانى بەغداى ڕاگەیەنرا، زیاتر لە 30 ڕاگەیەنراوى بڵاوکردووەتەوە لەبارەى بەرپرسیارێتى داعش لە هێرشەکانى سوریا و میسر و ئەفغانستان و عێراق، بەڵام هیچ شتێکى لەبارەى کوژرانى بەغدادییەوە بڵاونەکردووەتەوە.
.

هەروەها گفتوگۆکانى نێوان لایەنگرە توندڕەوەکانى ئەو ڕێکخراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمترن لەو گفتوگۆیانەى لەبارەى کوژرانى ئوسامە بنلادنەوە کران لەساڵى 2011، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت.
.

شیکەرەوان دەڵێن، پاشماوەکانى داعش هێشتا لەحاڵەتى شۆکدان و ڕەنگە بیانەوێت پارێزگارى لە رێکخراوەکەیان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بدەن لەسەر شوێنگرەوەى بەغدادى، پێش ئەوەى کوژرانى بەغدادى پشتڕاستبکەنەوە.
.

هشام هاشمى شارەزاى عێراقى لەکاروبارى گروپە توندڕەوەکان دەڵێت “ڕەنگە ئێستا فەوزا لەناو سەرکردەکانى داعشدا بوونى هەبێت. یاریدەدەرە سەرەکییەکانیان کوژراون و بەڵگەنامەکانیش لەناوچوون”.

.

وتیشى “ئەوانەى ماونەتەوە خواستى ئەوەیان هەیە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر جێگرەوەى بەغدادى، پێش ئەوەى کوژرانى ڕابگەیەنن، دابەشبوونیشیان لەو بارەیەوە ڕەنگە ئەو پرسە دوابخات”.
.

بەشێک لە شیکەرەوان پێیانوایە، داعش پێویستى بە دوبارە خۆپێناسەکردنەوە هەیە، لەبەرئەوەى بەکارهێنانى زاراوەى “خەلافەتى ئیسلامى” کە بەغدادى ڕایگەیاند، چیتر گونجاو نییە بۆ ئەو ڕێکخراوە کە روبەرێکى بەرفراوانى لە عێراق و سوریا و لیبیا لەدەستداوە.

.
.
بێدەنگى ئەو ڕێکخراوە لەبارەى کوژرانى بەغدادییەوە لەکاتێکدایە، ئەمریکا جگە لە بەغدادى کوژرانى ئەو کەسەشى ڕاگەیاندووە کە چاوەڕواندەکرا شوێنى بەغدادى بگرێتەوە.

.

ئەیمەن تەمیمى توێژەر لە زانکۆى سوانسى دەڵێت، قاعیدە دواى چەند ڕۆژێک دواى کوژرانى بنلادن، هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە، نزیکەى شەش هەفتەشى پێچوو تا شوێنگرەوەى بۆ دیاریکرد.

.

وتیشى “چاوەڕواندەکرێت داعش لە نامەى ئەلیکترۆنى هەفتانەیدا کە رۆژى پێنج شەممە بڵاویدەکاتەوە کوژرانى بەغدادى ڕابگەیەنێت، ئەگەر ڕێکبکەون لەسەر شوێنگرەوەى”.

.

بەپێی ماڵپەڕى “سایت” کە چاودێرى پێگەى گروپە توندڕەوەکان دەکات لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت و بارەگاکەى لە ئەمریکایە، لایەنگرانى قاعیدە، بە پێچەوانەى لایەنگرانى داعشەوە، پێشوازیان لە کوژرانى بەغدادى کردووە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، سیراجەدین زریقات بەرپرسى پێشووى کەتائیبى عەبدوڵا عەزامى سەر بە قاعیدە، نوسیویەتى “خوێنى چەند کەسى بێتاوان ڕژاوە بەناوى خەلافەتێکى دروستکراوەوە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل