fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئەمریکییەکان داواى چیان لە سولەیمانى کردووە؟

ناوەڕۆکى نامەیەکى نهێنى ئەمریکییەکان بۆ سولەیمانى پێش کوشتنى

09:54 شه‌ممه‌ 15 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

ئەمیندارى گشتى جوڵانەوەى نوجەباى عێراق ڕایگەیاند، قاسم سولەیمانى پێشنارێکى ئەمرییکییەکانى بۆ بەشکردنى بەرژەوەندییەکانیان لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەعێراق بەمەرجى بێدەنگ بوون لەئاستى یەکتر ڕەتکردووەتەوە و دەشڵێت ئامادەسازى تەواویان بۆ بەرپاکردنى شەڕێکى خوێناوى لەدژى ئەمریکا کردووە.

.

 ئەکرەم کەعبى ئەمیندارى گشتى جوڵانەوەى نوجەباى عێراق دوێنێ هەینى، 14ى شوباتى 2020، لەچوارەم کۆنگرەى نێودەوڵەتى (شەهیدانى بەرەنگارى و شەهیدانى ئاسایش) لەتاران وتى “لەدیدارێکمدا لەگەڵ قاسمى سولەیمانى لەعێراق پێیوتوم چەندە قێزەونن ئەمریکییەکان، لەڕێگەى کەسێکەوە نامەیەکیان بۆ ناردووم دەڵێن هیچ لارییەکمان نییە ئێوەش بوونتان لەعێراقدا هەبێت، بەڵام بەو مەرجەى بەرژەوەندییەکانمان بەشبکەین نەبێزارمان بکەن نەبێزارتان دەکەین”.

.

وتیشى “حاجى قاسم بەدەم ئاهەڵکێشان و داخێکەوە وتى پێم خۆشنەبوو وەڵامیان بدەمەوە، بەڵام هەستمکرد ئەمجارەیان ئەرکە وەڵامیان بدەمەوە و لوتبەرزیان بشکێنم، بەو کەسە وتم پێیانبڵێت هیچ بەرژەوەندییەکى هاوبەشمان  لەپیرۆزى و بیروباوەڕ و بەهاکانماندا نییە بۆ ئەوەى پێکەوە بەشیان بکەین، ئێمە بەپێى ئەرکێکى شەرعى کار بۆ پاراستنمان لەشەڕانگێزیان دەکەین و ئێمە وەکو ئەوان نین و عێراقێکى بەهێزى سەربەخۆمان دەوێت”.

.

لەدرێژەى گێڕانەوەى قسەکانى سولەیمانیدا کەعبى دەڵێت “سولەیمانى لەڕێگەى ئەو کەسەوە پێیوتون ئێوە عێراقتان بۆ ئەوە دەوێت خێرو بێرەکەى بدزن بەڵام ئێمە بەرگرى لەپیرۆزییەکانى خەڵک دەکەین کە مێژوو و دین و بیروباوەڕ پێکەوە پەپوەستى کردووین، ئێوە داگیرتان کردووە و دەکوژن و لەڕێگەى میدیاکانتەوە شارستانیەتەکەشى دەشێوێنن، شەرم بتانگرێت عێراق بەجێبهێڵن و بەرژەوەندییەکانیشى بۆ خودى عێراقییەکان بەجێبهێڵن، عێراق زۆر لەوە گەورەترە نمونەى وەکو ئێوە بەش و پەرتى بکات، ئێوەش زۆر لەوە کەمترن ئەو مەرجە بۆ ئێمە دابنێن”.

.

لەبەشێکى ترى وتەکانیدا کەعبى وتى “ئێمە هەموو بارەگا ئاشکراکانمان لەعێراقدا داخست، ئامادەسازیمان بۆ شەرێک کردووە کە هاوسەنگى هێز بگۆڕیت، مافى تەواوى شەرعى و نیشتیمانیمان هەیە وەڵامبدەینەوە و تەنها ئێمەین بەرپرسیارێتى وەڵامدانەوە دەگرینە ئەستۆ کە ئازایانە و بەشێوەیەکى ئاشکرا و بەناونیشانى فەرمییەوە پێهەڵدەستین”.

.

بەوتەى کەعبى، کاتژمێرى سفر بەرەو تۆڵەکردنەوە دەستى پێکردووە، ئەوان ئامادەى تەواوى هێرشکردنن و چاودێرى هەموو جموجۆڵێکى دوژمنەکانیان لەبنکەى عەین ئەسەد و کەى وەن و تاجى و فڕۆکەخانەى و چەند شوێنێکى تر دەکەن و لەئاسمانیشەوە چاودێرى جموجۆڵەکانیان دەکەن.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، بۆ پاراستنى چەکدارەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ گرتنەبەرى ڕیگایەکى سەلامەتتر کە ڕۆژگارى داگیرکارى لەسەرى ڕۆشتوون و بەڵێنى ئەوەشیداوە کە شەڕێکى خوێناوى یەکلایەنە دەستپێبکات و ئەمریکاش ناتوانن ئامانجەکانیان بپێکن، “بۆمب و موشەک و گولەکانمان دوا سەربازى ئەمریکییەکان دەپێکیێت”.

.

کەعبى هۆشدارى دەداتە هێزەکانى ئەمریکا و دەڵێت “بگەڕینەوە بۆ ماڵەکانتان، ئێمە زۆر نزیکترین لێتانەوە وەک چاوەڕێى ناکەن، هیچ شوێنێکى سەلامەت بۆ ئێوە نییە، ئەوەى لەدەرووبەرتانە مایەى هەڕەشەیە بۆتان، سوپرایزەکان بنەمایەکى سەرەکیە بۆ دەستپێکى شەڕێکى گشتگیر، لەشوێنێکەوە هێرش دەکەینە سەرتان چاوەڕیێ ئەوە ناکەن”.

.

لەپەیامێکیشیدا بۆ ئەفسەرانى ئەمریکا کەعبى دەڵێت، دەستکەوتنى گۆڕێک لەشوێنى لەدایکبونتان مافى هاوڵاتى بوونە، ئەوەتان بۆتان دەستەبەر کراوە و ڕێگە مەدەن سیاسیەکانى کۆشکى ڕەش ( مەبەستى لەکۆشکى سپیە) ئەو مافەتان لێزەوتبکەن و با لەبژاردەى خۆتاندا بمێنیتەوە.

.

لەکۆتایى قسەکانیشیدا کەعبى جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ناوچەى ڕۆژئاواى ئاسیا مەیدانى ئیمپراتۆریاى بەرەنگارییە و پایتەختەکەشى کۆماریی ئیسلامە (مەبەستى لەکۆمارى ئیسلامى ئێرانە) وەکو پێشتریش ئەوەیان ڕاگەیاندووە تۆڵەکردنەوەى قاسم سولەیمانى و هاوڕیکانى لەسەرجەم ناوچەکانى ئیمپراتۆریەتى بەرەنگارییەوە دەبێت.

.

کەعبى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، بڕیارەکەى پەڕلەمان بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکایە لەعێراق هەروەها  ئەنجامدانى خۆپیشاندانى ملێونى بۆ ئەو مەبەستە بەرزکردنەوەى دروشمى نەخێر نەخێر بۆ ئەمریکا، دەخوازرێت لەڕێگەى لێدانێکى بەهێز و شەڕێکى خوێناوییەوە تەواو بکرێت و ئەمریکیەکانیش دەبێت ئەوەیان باش لەبیربێت کە ساڵى 2011 لەعێراقدا چیان پێکرا.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل