fbpx
Shadow Shadow

مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە

ناس کورد پێشنیازى دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى ئاشکرادەکات

14:41 هه‌ینی 29 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی چەند پرسێکەوە کۆبێتەوە، کە یەکێکیان ئەنجامدانی کۆنگرەیە، بەرپرسێکی ئەو حزبەش لەڕێگەی ناس کوردەوە ئاشکرایدەکات، پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنی کۆنگرە.

.

کەمتر لە 10 ڕۆژى ماوە بۆ بەستنى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى کۆنگرە لە کۆتایی نزیکبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی دواخستنى کۆنگرە بە گەرمى باسى لێوەدەکرێت.

.

لەگەڵ زیادبوونى پرسی دواخستنى کۆنگرە، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک لەناویاندا بەستنى کۆنگرە کۆدەبێتەوە.

.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند “بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی چەند پرسێکەوە کۆببێتەوە”.

.

وتیشی “تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەربارەی پرسی دۆخی سیاسی عێڕاق و هەروەها بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەبێت، کە ماوەکەی نزیکبووەتەوە”.

.

تا ئێستا یەکێتى بە فەرمى هیچ هەڵوێستێکى لەبارەى ئەگەرى دواخستنى کۆنگرە ڕاگەیاندووە، بەڵام بەوتەى بەرپرسێکى ئەو حزبە، پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنى کۆنگرە، کە بەشێک لە بەرپرس و کادیرانى ئەو حزبە بە کۆنگرەى نوێکردنەوەى یەکێتى ناوى دەبەن.

.

حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد “لەنێو یەکێتیدا پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنی کۆنگرە، بەڵام تائێستا بە فەرمی گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و هەنگاوەکان بۆ بەستنی کۆنگرە بەردەوامن، لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکاندا، ئەوکات بڕیاردەدرێت کۆنگرە لەکاتی خۆیدا بکرێت یاخود دوابخرێت”.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری پێشنیازی دواخستنی کۆنگرە ئەوەیە، دەبێت کۆنگرە لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا ئەنجام بدرێت، بەڵام عێراق و ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و ئەو پێشنیارەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

.

ئەمە یەکەمجار نییە پرسی دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى دەبێتە پرسێکى گەرم، مانگى ڕابردووش بەهەمانشێوە ئەو پرسە وروژێنرا، بەڵام دواتر فەرمى ڕەتکرایەوە.

.

کۆنگرەى ئەمجارەى یەکێتى کە چوارەم کۆنگرەى ئەو حزبەیە، دواى شەش ساڵ دێت لە دواکەوتنى لەوادەى خۆیدا.

.

یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975، سێ کۆنگرەی بەستووە و لە 1ی حوزەیرانی 2010یش کۆتا کۆنگرەی خۆی بەست، کە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حیزبە بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست.

.

یەکێتى لە ساڵى 2010دا کۆنگرەى سێهەمى بەست و دواى ئەوە بەهۆى نەخۆشکەوتن و پاشان کۆچى دوایى مام جەلال سکرتێرى گشتى ئەو حزبە و کێشەنێوخۆییەکانى یەکێتى کۆنگرەى چوارەم ئەنجام نەدرا و زۆر لەوادەى دیاریکراوى خۆى دواکەوت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل