fbpx
Shadow Shadow

وێڕاى ئەوەى بە کەفالەت ئازادکراوە بەڵام بڕیارە پێنجشەممە کۆڕێکى هەبێت

ناس کورد هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنەکەی فەرهاد پیرباڵ ئاشکرا دەکات

21:22 چوار شه‌ممه‌ 02 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

دادگاییکردنەکەی فەرهاد پیرباڵ کە لەلایەن کتێبخانەی وەفاییەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرابو دواخرا، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە بنەماڵەى فەرهاد پیرباڵ داواى ئەو دواخستنەیان کردووە.

,

بڕیاربو ڕۆژی سێشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2019، لە دادگای هەولێر یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی فەرهاد پیرباڵ نوسەری کورد، لەسەر سکاڵاکەی کتێبخانەی وەفایی بەڕێوەبچێت، کە بەهۆی سوتاندنی کتێبخانەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابو، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکى دیکە دواخرا.

,

لەوبارەیەوە سۆران عەزیز، خاوەنی کتێبخانەی وەفایی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بڕیاربو ڕۆژی سێشەممە دادگایکردنەکە ئەنجام بدرایا، بەڵام لەسەر داوای فەرهاد پیرباڵ و بنەماڵەکەی دواخراوە و دادگاش داواکارییەکەیانی قبوڵکردووە و ئێستاش بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی داهاتو دانیشتنی دووەم ئەنجام بدرێت”.

,

خاوەنى کتێبخانەى وەفایی ئەوەشى ئاشکراکرد: “پێشتر بنەماڵەی فەرهاد پیرباڵ پێیان وتبوین کە ئامادەن بەشێک لەو زەرەرە بدەن کە لە کتێبخانەکەمان کەوتوە، بەڵام ئێستا پەشیمان بوونەتەوە و ئامادە نین ئەو بڕە پارەیە بدەن کە پێشتر پەیمانیان دابو”.

,

“لە ئێستادا فەرهاد پیرباڵ هەوڵ دەدات لەڕێگای چەند کەسایەتییەکەوە فشار بکەنە سەرمان تا لێیان خۆشبین، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکەم”، سۆران عەزیز واى وت.

,

وتیشی، ئەوان هیچ بڕە پارەیەکیان وەکو قەرەبو ناوێت، بەڵکو جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت پیرباڵ ئەو سزا یاساییە وەربگرێت کە دادگا بەسەریدا دەیسەپێنێت، دەشڵێن: “سوڵح قبوڵ ناکەین”.

,

بۆ وەرگرتنى ڕاى فەرهاد پیرباڵ، ناس کورد هەوڵیدا کە قسە لە خودی خۆى وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەداینەوە، لاى خۆشیەوە کەسێکى نزیکى فەرهاد پیرباڵ کە نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکەین بە ناس کوردى وت: “لە ئێستادا پیرباڵ خواستى نییە لەسەر ئەو کەیسە هیچ قسەیەک بکات”.

,

فەرهاد پیرباڵ، بەپێی کەفالەتێک کە بڕەکەی 10 ملیۆن دینارە ئازاد کراوە، تا ڕۆژی دادگاییکردنەکەی دەتوانێت ئازاد بێت، فەرهاد پیرباڵیش لە چالاکییەکانى خۆى ڕانەوەستاوە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2019، لە هەولێر کۆڕێکی هەبێت کە تیایدا سێ کتێبی نوێی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

,

ڕۆژی یەکشەممە، 14ی تەموزی 2019، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان فەرهاد پیرباڵ، بە تۆمەتی سوتاندنی کتێبخانەی ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر دەستگیرکرا، فەرهاد پیرباڵیش پێش سوتانی کتێبخانەکە  بەرپرسانی ئەو کتێبخانەیەی بە چاپکردنەوەی کتێبەکانی بەبێ ئەوەی پرسی پێبکەن تۆمەتبار کردبو.

 

ناس کورد هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنەکەی فەرهاد پیرباڵ ئاشکرا دەکات

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل