fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شەوی ڕابردووی کورد و شیعە و سوننە

ناس کورد مەرجى هەرێم بۆ پشتیوانى عەلاوى ئاشکرادەکات

10:22 چوار شه‌ممه‌ 19 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

شەوی ڕابردوو هەنگاوەکانى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، لایەنە کوردى و سوننى و شیعەکانى لەسەر یەک مێز لە بەغدا کۆکردەوە، کە هەوڵەکانى لەو بارەیەوە هەندێکیانى توڕە کردووە.

.

لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەوەیان کرد کە چۆن فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان متمانە بەکابینەکەى عەلاوى بدەن، لەکاتێکدا ئەو دەیەوێت وەزیرەکانى کابینەکەى لە دەرەوەى حزبەکان دیاریبکات.

.

شاندەکەى هەرێم کە بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردووە لە پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، تورکمان مەسیحییەکان پێکهاتووە، بەڵام هێشتا دیار نییە شاندەکانى شیعە و سوننەکان لەکام لایەنانە بوون.

.

لەناو لایەنەکاندا، دەنگى کورد و سوننە بەرزترە لەدژى هەنگاوەکانى عەلاوى، بەراورد بە لایەنە شیعییەکان بەو پێیەى سەرۆکوەزیرانى نوێ بە پشکى شیعەکان هەژماردەکرێت.

.

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامى شاندى هەرێم و بەشداربووى کۆبوونەوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “تاوتوێی ئەوەمانکرد کە ئایا لە عەلاوى قبوڵبکەین بە ئارەزووى خۆى خەڵک دابنێت و پرس بەکەس نەکات، دواتریش داوا لە فراکسیۆنەکانى ئێمە بکات دەنگى پێبدەین”.

.

وتیشى، “باسى ئەوەشمانکرد کە ئایا لێی قبوڵ بکەین کە هاتنەکەى بۆ ئەوەیە هەیبەت بۆ عێراق بگەڕێتەوە و رێوشوێنى ئەمنى پێوست بگیرێتە بەر و ئامادەکاریی پێویست بکات بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو لەماوەى ساڵێکدا، ئەوە بەبێ بەردەوامبوون و ڕێزگرتنى پڕۆسەى سیاسی دەکرێت، پڕۆسەى سیاسی بەبێ حزبەکان دەکرێت؟”.

.

هەرچەندە هێشتا دیار نییە کابینەکەى عەلاوى لەکێ پێکدێت، بەڵام جەختیکردووەتەوە کە وەزیرەکان لەسەر بنەماى شارەزایی و سەربەخۆ دادەنێت بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبەکان، کە بەدرێژایی کابینەکانى پێشوو ئەوان قسەى یەکلاکەرەوەیان کردووە بۆ دیاریکردنى وەزیرەکان.

.

لایەنە کوردییەکان کە هێشتا دیار نییە پشکیان لە کابینەى عەلاوى چۆن دەبێت، ترسیان لێنیشتووە لەوەى عەلاوى کەسانى سەربەخۆیان بەسەردا بسەپێنێت و لەدەرەوەى ئەوان وەزیرەکانى پشکى کورد دیاری بکات.

.

سەعدى پیرە وتى، “ئەوەندەى پەیوەندى بە کوردەوە هەیە وتمان ئەگەر ئیجماعى شیعەى لەسەر بێت و رێز لە رێککەوتنەکانى پێشوو کە پێکەوە کردومانە بگیرێت، دەکرێت قبوڵى بکەین”.

.

وتیشى، “دیار نییە عەلاوى کێی داناوە و کێ دادەنێت، ناو لەکێ وەردەگرێت، لە شەقام یان حوسەینییە یان خەڵکى تر، ئەو ناوانەى بڵاودەکرێنەوە هیچى وا نییە، هێشتا رێکنەکەوتوین لەگەڵ عەلاویدا و نەمانبینیوە ڕەنگە ئەمڕۆ بیبینین”.

.

کورد کە لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا خاوەنى سێ وەزارەت بوو کە یەکێکیان سیادى بوو، جەختدەکاتەوە کە لەو پشکە کەمتر قبوڵناکات، بەڵام هێشتا دیار نییە عەلاوى چەند وەزیر بۆ کورد دادەنێت.

.

سەعدى پیرە دەڵێت، “کێشەمان لەسەر ئەوە نییە ئەو کەسە شارەزا بێت و ئەکادیمى بێت، بەڵام دەبێت بزانین چەند وەزیر بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت، خواستى ئێمە ئەوەیە بەشى کورد وەرگرین و لەنێوان خۆمان رێکبکەوین”.

.

کورد ڕاگەیاندنى هەڵوێستى خۆى بۆ متمانەپێدان یاخود ڕەتکردنەوەى کابینەکەى عەلاوى، دواخستووە بۆ دواى ڕوونبوونەوەى هەڵوێستى عەلاوى لەبارەى پشکى کوردەوە.

.

لەبارەى دەنگدان یان رەتکردنەوەى کابینەکە لەلایەن کوردەوە، سەعدى پیرە وتى، “جارێ وەڵامى ئەوە نادەینەوە و هەڵدەیگرین بۆ دواى یەکلاییبونەوەى پرسەکان”.

.

تا ئێستا محەمەد تۆفیق عەلاوى هیچ زانیارییەکى لەبارەى وەزیرەکان و چۆنیەتى پێکهێنانى کابینەکەیەوە ئاشکرانەکردووە، تەنها جەختیکردووەتەوە کە وەزیرەکان کەسانى سەربەخۆ دەبن و ئەم هەفتەیەش کابینەکەى تەواو دەکات.

.

بەپێی رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، عەلاوى پێکهێنانى کابینەکەى تەواوکردووە و کارنامە چاکسازییەکەشى ئامادەکردووە، چاوەڕوانى کۆبوونەوەى پەرلەمانە بۆ متمانەپێدان بە کابینەکەى.

.

چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، عەلاوى لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنەکان داواى پشتیوانى بێمەرجى کردووە و هۆشداریداوەى لەوەى شکستى حکومەتەکەى، واتە شکستى سیستەمى سیاسی عێراق بەتەواوەتى.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل