Shadow Shadow

چۆن و کەى مووچە پاشەکەوتکراوەکان خەرجدەکرێت؟

ناس کورد میکانیزمى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ پاشكه‌وتكراوه‌كانى فه‌رمانبه‌ران ئاشکرا دەکات [تایبەت]

19:46 پێنج شه‌ممه‌ 22 ئاب 2019
article image

 

ناس کورد-

 

فراكسیۆنى یه‌كێتى  له‌په‌رله‌مانى كوردستان ،پڕۆژه‌ یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانى فه‌رمانبه‌رانى گه‌یاندووه‌ته‌ حكومه‌ت، فراكسیۆنى پارتیش ده‌ڵێت “ئەگه‌ر له‌توانایى حكومه‌تدا بێت ئه‌وان پشتیوانى پڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن”

.

 

كاروان عوسمان، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان له‌په‌رله‌مانى كوردستان بە ناس كوردى راگەیاند ” له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ یاساى گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان ڕە‌هه‌ندێكى دارایى هه‌یه‌ و به‌پێى په‌پڕە‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانیش هه‌ر پڕۆژه‌ یاسایه‌ك كه‌ ڕە‌هه‌ندى دارایى هه‌بوو ئه‌وا ده‌بێت سه‌ره‌تا ڕە‌وانه‌ى حكومه‌ت بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕە‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بدات ئینجا خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت”.

.

 

وتیشى “پڕۆژه‌ یاساكه‌مان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كراوه‌ و حكومه‌تیش ڕەوانه‌ى وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیدارى ده‌كات و له‌قۆناغى تاوتوێ كردندایه‌”.

.

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى بە پێویستیزانى بەهۆى ئەوەى مووچەى فەرمانبەران به‌ بڕیار و ڕێنمایى بڕدراوه‌ یاخود پاشه‌كه‌وتكراوه‌ و به‌یاسا نه‌كراوه‌، په‌رله‌مانى كوردستان یاسایه‌كى له‌باره‌وه‌ ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌ به‌یاسایى بكرێت دواتریش یاسایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى په‌سه‌ند بكرێت.

.

 

لە ساڵى 2016دا و بەهۆى شەڕى داعش و ئەو قەیرانە داراییەى کە ڕووى لە هەرێمى کوردستان کرد، حکومەتى هەرێم بریاریدا بەشێک لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پاشەکەوت بکات و کار بە سیستمى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران کرد هەتا رۆژى 8ى ئادارى 2019 لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى وەزیراندا بڕیاردرا پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران لاببرێت.

.

بەوتەى کاروان عوسمان، بڕیارى تاكلایه‌نه‌ى حكومه‌ت بۆ پاشه‌كه‌وتكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دیوى یاسایى نیه‌ و گه‌ر بێتوو ئێستا فه‌رمانبه‌رێك بچێته‌ دادگا و بیه‌ویت سكاڵا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كه‌ى تۆمار بكات هیچ یاسایه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستتدا نیه‌ و پڕۆژه‌كەى ئەوان‌ ئه‌و خاڵه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كات.

.

هاوکات پەرلەمانتارێکى ترى فراکسیۆنەکە بەشێک لە ناوەڕۆک و میکانیزمى پڕۆژەى فراکسیۆنەکەى بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، پڕۆژه‌كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانى له‌به‌رچاو گرتووه‌ و حسابى بۆ بارودۆخى حكومه‌تیش كردووه‌ و ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌شى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ دیارى نه‌كردووه‌.

.

زیاد جه‌بار ئه‌ندامى فراكسیۆنى یەکێتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان بە ناس كوردى وت “ناوه‌ڕۆكى پڕۆژەى فراکسیۆنەکەمان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌وه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران كه‌سود له‌پاره‌كه‌ ببێنت گه‌ر به‌كاشیش نه‌بێت”.

.

وتیشى ، بەگوێرەى پڕۆژه‌ یاساكه‌یان سه‌رجه‌م كێشه‌كانى نیشته‌جێ بوون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى سندوقى نیشته‌جێبوونیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌ و گه‌ر بێتو پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت زۆر گرفتى چینه‌كانى تریش چاره‌سه‌ر ده‌بن.

.

 

زیاد جەبار جەختى کردەوە، خاڵێكى ترى پڕۆژەكه‌ ئه‌وه‌یه‌ موچه‌خۆرانیش قه‌رزارى حكومه‌تن به‌ڵام هیچ قه‌رزێك ناگاته‌ ئاستى ئه‌و قه‌رزه‌ى كه‌ حكومه‌ت قه‌رزاره‌، له‌و حاڵه‌تانه‌شدا ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو گیراوه‌ قه‌رزى سندوقى نیشته‌جێ بوون و پاره‌ى ئاو و كاره‌با و چه‌ند خزمه‌تگوزاریه‌كى تریش بتوانرێت به‌و پاشەكه‌وته‌ بدرێته‌وه‌.

.

فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان کە گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانین و ئاسته‌مه‌ زۆر پڕۆژه‌ به‌بێ پشتیوانى ئه‌وان تێبپه‌ڕێنرێت، ئاماژە بەوە دەکەن، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك له‌خزمه‌تى هاوڵاتیانى كوردستاندا بێت و له‌لایه‌ن هه‌ر فراكسیۆنێكیشه‌وه‌ پێشكه‌شى په‌رله‌مان بكرێت ئه‌وان پشتیوانى لێ ده‌كه‌ن.

.

حەسیبە سەعید ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند”بۆ ئه‌وه‌ى خۆڵ نه‌كه‌ینه‌ چاوى خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌بێت پڕۆژه‌كان كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌تواناى حكومه‌تدا بێ و گه‌ر بێتوو پڕۆژه‌ یاسایه‌كى یه‌كێتیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بڕە‌كه‌ى دیارى كرابێت به‌جۆرێك حكومه‌ت بتوانێت بیداته‌وه‌ به‌موچەخۆران، ئێمە پشتیوانى لێ ده‌كەین”.

.

به‌وته‌ى حه‌سیبه‌ سه‌عید ئه‌و قه‌رزانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ ئاسته‌نگێكى له‌سه‌ر دانه‌وه‌ى موچه‌ پاشكه‌وتكراوه‌كان دروست كردووه‌ و بۆ دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش به‌شێوه‌یه‌ك حكومه‌ت پێ بكرێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانى ده‌كه‌ن.

.

پێشتریش فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند، پڕۆژه‌ یاسایه‌كیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى موچه‌ پاشكه‌وتكراوه‌كان پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردووه،‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ پێش ده‌ستپێكردنى پشووى هاوینه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ نه‌كراوه‌  و له‌ڕێكکه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتیشدا بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان ئاماژه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانى فه‌رمانبه‌ران كراوه،‌ به‌ڵام تا ئێستا فراكسیۆنى گۆڕان هیچ هه‌وڵێكى خۆى له‌و باره‌وه‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل