fbpx
Shadow Shadow

کوژراوەکان کێن و تەقینەوەکە "تیرۆریستى" بووە یان نا؟

ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەسەر تەقینەوەکەى سلێمانى بڵاودەکاتەوە

17:43 چوار شه‌ممه‌ 16 تشرینی یه‌كه‌م 2019

ناس کورد – ئەحمەد مستەفا

بەدواداچونێکى مەیدانى ناس کورد زانیارى ورد لەبارەى تەقینەوەکەى شەوى ڕابردووى، 15ی تشرینی یەکەمی 2019، سەر چیاى گۆیژە لە سلێمانى ئاشکرادەکات، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووانى دیکەش برینداربوون.

.

تەقینەوەکە لە شوێنێکدا ڕوویداوە کە لە ئێواراندا تا درەنگانى شەو خەڵکێکى زۆر بۆ بەسەربردنى کاتەکانیان ڕووى تێدەکەن و ژمارەیەکى زۆرى دەستگێڕیش لەو شوێنەدا خواردنى جۆراوجۆر دەفرۆشن.

.

ئەحمەد مستەفا، پەیامنێرى ناس کورد بەشێوەى مەیدانى چووە شوێنى تەقینەوەکە و ڕایگەیاند، شوێنەکە کە پێشتر پڕ بووە لە خەڵک، ئەمڕۆ کەسانێکى کەمى لێ بووە و فرۆشیارەکانیش چونەتەوە سەر کارەکانیان.

.

ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ ئەندامێکى هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە نەبووە، کە هێشتا ئاسەوارى تەقینەوەکەى لێ بەجێماوە و چاڵێکى بچوکى دروستکردووە.

.

بەهۆى تەقینەوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسى دیکەش برینداربوون، کە لە نەخۆشخانەى شار چارەسەریان بۆ دەکرێت.

.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەوانەى لە تەقینەوەکەدا بەرکەوتوون چوار کەس بوون، دوانیان گیانیان لەدەستداوە و دوانەکەى تریشیان برینداربوون لەژێر ڕێوشوێنى ئەمنى و تەندروستیدا چارەسەریان بۆ دەکرێت.

.

وتیشى “ئەو کەسانە چەک و تى ئێن تییان پێ بووە و دەستکارییان کردووە، لەو کاتەشدا پێیاندا تەقیوەتەوە”.

.

هێشتا ناسنامەى کوژراو و بریندارەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەوتەى سەرچاوەکەى ئاسایش، یەکێک لە کوژراوەکان خەڵکى قەڵادزێیە بەناوى (ى، ح) و لەدایکبووى ساڵى 1978ـە، ئەوەى تریان خەڵکى سنورى سلێمانییە و هێشتا ناسنامەکەى نازانرێت، بەڵام دەزانن کە کەمئەندام بووە و پێشتر بەشێکى قاچى لەدەستداوە.

.

بەپێی ئەو وێنانەى کە شەوى ڕابردوو دواى ڕووداوەکە ناس کورد تۆماریکردووە، دەردەکەوێت بەهۆى بەهێزى تەقینەوەکە بەشێک لە جەستەى کوژراوەکان پارچە پارچە بوونە و لەسەر زەوییەکە کەوتوون.

.

لەبارەى ئەوەى ڕووداوەکە تیرۆریستى بووە یاخود نا، سەرچاوەکەى ئاسایش وتى “ڕووداوێکى تیرۆریستى نەبووە”، بەبێ ئەوەى قسەى زیاتر لەو بارەیەوە بکات.

.

شەوى ڕابردوو دواى ڕوودانى تەقینەوەکە، هێزێکى زۆرى ئاسایش گەیشتنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمى هیچ زانیارییەکیان ئاشکرانەکردووە.

.

شایەتحاڵێک لە شوێنى تەقینەوەکە بە ناس کوردى وت “ئەو کەسانە هاتوون لە دوکانەکان شتیان کڕیوە و شتیان خواردووە، کە کەسى عەرەبیشیان لەگەڵدا بووە، هەر چواریان خەریکى شتێک بوون و دواتر پێیاندا تەقیوەتەوە”.

.

وتیشى “نەمانزانى ئەو شتە چى بووە کە ئەو کەسانە دەستکارییان کردووە، ئەوەندەمان بینى لەپڕ شتەکە تەقییەوە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل