fbpx
Shadow Shadow

"وەسڵی تاقمێک قەنەفە 70 وەرەقە نوسراوە کە خۆی بایی 25 بووە"

ناس کورد دۆسیەی بەهەدەردانی یەک ملیار دینار لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرادەکات

15:09 چوار شه‌ممه‌ 01 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد – شەهرام عەزیز

ناس کورد دۆسییەکی بەهەدەردانی پارە لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرادەکات کە تایبەتە بە نۆژەنکردنەوەی خانوی پەرلەمانتاران و ئۆفیسەکانی ناو پەرلەمان، کە نزیکەی یەک ملیار دیناری تێچووە.

.

بەپێی بەدواداچونەکانی ناس کورد، لە سەرەتای هەموو خولێکی پەرلەماندا، زۆرینەی کەلوپەلی خانوی پەرلەمانتاران دەگۆڕدرێت و پارەیەکی زۆری تێدا خەرجدەکرێت، جگە لەوەی گۆڕانکارییەکانی ئەم خولە گومانی ئەوەی لێدەکرێت پارەیەکی زیاتر لە خەرجییەکان نوسرابێت.

.

پەرلەمانتارێکی ئاگادار لە دۆسییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، “لەم خولەی پەرلەماندا، نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئاسایی و گۆڕینی هەندێک کەلوپەلی خانوی پەرلەمانتاران خەرجکراوە، کە ئەوەش بۆ ئەم دۆخەی هەرێم پارەیەکی ئێجگار زۆرە و هەندێک پەرلەمانتار گۆڕانکاری زۆریان کردووە”.

.

وتیشی، جگە لەوەی ئەگەر سەرجەم پارەکەش خەرج  کرابێت هێشتا زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا گومان لە چۆنیەتی خەرجکردنەکان دەکرێت، چونکە نمونەی تێدایە، کە تاقمێک قەنەفە کڕدراوە بە 70 وەرەقە، بەڵام کاتێک لە بازاڕ  پرسیار کراوە بە 25 وەرەقە بووە و چەندین نمونەی دیکەی لەو شێوەیە.”

.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەندێک کەلوپەل لەو خانوانەدا گۆڕدراون و فڕێدراون کە “پێنج ساڵی دیکەش دەتوانرێت بەکاربهێندرێت، نەک فڕێبدرێت و لەسەر بودجەی گشتی کەلوپەلی دیکە بکڕدرێت.”

.

لەبارەى دۆسیەکەوە، ئیسماعیل عەلی، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە بەهەردان کراوە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “گومان دەکرێت ئەو لیژنەیەی کە بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی خانووەکان لە پەرلەمان پێکهێندراون، بەهەدەردانیان بە پارەکەوە کردبێت”.

.

وتیشی، لیژنەیەک لەسەر ئەو دۆسیە پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە کراوە، لەدوای پشووەکانی سەری ساڵیشەوە “لیژنەی کاروباری پەرلەمان لەوبارەیەوە بڕیاردەدات و پێدەچێت دۆسییەکە بدەنە دەستەی دەستپاکی.”

.

ناس کورد زانیویەتی، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دۆسییەکە ئاگادار کراوەتەوە و بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بکەن و بیدەنە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل