fbpx
Shadow Shadow

چوار پێشنیاز بۆ کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکان دەخرێتە دەنگدانەوە

ناس کورد ئەو پێشنیازە ئاشکرا دەکات کە فراکسیۆنەکان لەسەرى “ڕێککەوتوون”

10:02 سێ شه‌ممه‌ 14 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

پەرلەمانى کوردستان چوار پێشنیازى گەڵاڵەکردووە بۆ کەمکردنەوەى موچەى خانەنشینى پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵاکان و ڕۆژى پێنجشەممە دەخرێنە دەنگدانەوە، زۆربەى فراکسیۆنەکانیش “ڕێککەوتنیان” لەسەر یەکێک لە پێشنیازەکان کردووە.

.

لەکۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا کە تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ (سیشه‌ممه‌) بەردەوام بوو، زۆرترین مشتومڕ لەسەر ماددە‌ی حه‌وته‌می پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر بوو، بەتایبەت پرسی خانەنشینى پلە باڵاکان، بەوپێیەى لە پڕۆژەکەدا خانەنشینى پلە باڵاکان بە 70%ى موچەکانیان جێگیرکرابوو.

.

لەکاتى گفتوگۆکاندا چەندین پێشنیاز خرانە ڕوو، زۆربەى زۆرى پەرلەمانتارانیش لەگەڵ کەمکردنەوەى ئەو ڕێژەیەدا بوون تاجیاوازى نێوان موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان و فەرمانبەرانى ئاسایی کەمبکرێتەوە.

.

ئەبوبەکر هەڵەدنى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند “لەکۆبوونەوەکەدا چوار پێشینیاز خرانە ڕوو، یەکێکیان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى خانەنشینى پلە باڵاکان، یەکێکى تر ئەوەیە هاوشێوەى بەغدا بێت، پێشنیازى سێیەم تایبەتە بە خانەنشینکردنى ئەو کەسانە بە رێژەى 25% لەگەڵ لەسەدا 2.5 ى ساڵانى خزمەت بەمەرجێک 70% زیاتر نەبێت”.

.

وتیشى “پێشنیازى چوارەم کە لەلایەن هەندێ فراکسیۆنەوە تەوافوقى لەسەرکراوە و پشتیوانى یەکتریان کرد، تایبەتە بە خانەنشینى پلە باڵاکان بە ڕێژەى 15%ى موچەکانیان لەگەڵ لەسەدا 1.5 ى ساڵانى خزمەت، ڕۆژى پێنج شەممە پێشنیازەکان دەخرێنە دەنگدانەوە، بەڵام ئاڕاستەکان بەرەو ئەوەن پێشنیازى چوارەم پەسەند بکرێت، بەو پێیەى رێککەوتنى لەسەر کراوە”.

.

بەوتەى هەڵەدنى، بەپێی پێشنیازى چوارەم، موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان لەنێوان ملیۆن و نیوێک بۆ سێ ملیۆن و نیو دیناردا دەبێت، ئەگەر کەسێک زۆر خزمەتیشى هەبێت.

.

تا ئێستا پلە باڵاکان لە هەرێمى کوردستان بە 80%ى موچەکانیان خانەنشین دەکران، ئەوەش بەوتەى بەرپرسانى حکومەت بارگرانى بۆ سەر بودجە دروستکردووە.

.

ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابورى لەکۆبوونەوەکەى پەرلەماندا ڕایگەیاند، بۆچوونى حکومەت لەو بارەیەوە لەگەڵ کەمکردنەوەدایە و پەرلەمان هەر بڕیارێک بدات لەو بارەیەوە ئەوان لەگەڵیدان.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل