fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئەنجامى پشکنینى کۆرۆنا لەسەرجەم خاڵە سنورییەکانى هەرێم ئاشکراکرا

10:09 شه‌ممه‌ 22 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو کەسانەى لەئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێم، لە خاڵە سنورییەکان پشکنیى تایبەتیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە هیچیان هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین، بەڵام ڕێگایان پێنادرێت بچنەوە شوێنەکانیان و دەبێت ماوەى 14 ڕۆژ لە شوێنى تایبەت بە چاودێرى تەندروستى بمێننەوە.

.

دواى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ئێران، حکومەتى هەرێم گەشتى هاتن و چوونى بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکرد، بڕیاریشیدا ئەو هاوڵاتییانەى هەرێم کە لەو وڵاتەوە دەگەڕێنەوە لە خاڵە سنورییەکان پشکنینى تەندروستیان بۆ بکرێت و ماوەى 14 ڕۆژ لەگەرەنتیەى تایبەت بهێڵرێنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەى کە هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین.

.

محەمەد قادر وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند “دوێنێ لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان پشکنین بۆ زیاتر لە 200 کەس کراوە کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، دەرکەوتووە کە هیچ حاڵەتێکى گومانلێکراو نییە و هیچیان هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین”.

.

ئەو کەسانەى لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، لەناوچە جیاجیاکان لەهۆتێلى تایبەت هێڵراونەتەوە لەژێر چاودێرى وردى تەندروستیدا، بۆ ئەوەى دڵنیابنەوە لەوەى هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین.

.

محەمەد قادر وتى “ئەو کەسانە رێگەیان پێنادرێت تێکەڵى خەڵکى بن، هێشتنەوەیان لەو شوێنانە تەنها بۆ ئەوەیە لەژێر چاودێرى تەندروستدا بن، حکومەت خەرجى مانەوە و خۆراکیان بۆ دابیندەکات و بودجەى تایبەتى بۆ تەرخانکردووە، دواى تەواوکردنى ئەو ماوەیە رێگە بەو کەسانە دەدرێت بگەرێنەوە ماڵەکانیان”.

.

رونیشیکردەوە “هەر کەسێک گومانى توشبوون بە ڤایرۆسەکەى لێبکرێت، چارەسەرى پێویست و پشکنینى بۆ دەکرێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە هیچ نیشانەیەکى توشبوونى پێوەدیارنەبوو، تەنها لەرووى تەندروستییەوە چاودێرى دەکرێت و دواى 14 رۆژەکە رێگەى پێدەدرێت بگەرێتەوە ناو کۆمەڵگا”.

ئەنجامى پشکنینى کۆرۆنا لەسەرجەم خاڵە سنورییەکانى هەرێم ئاشکراکرا

ئەو هاوڵاتییانەى لە دەروازەى سنورى حاجى ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان لە دوو هۆتیلى شارى سۆران جێگیرکراون و لە ژێر چاودێرى تەندروستیدان.

.

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند “دوو تیمی پسپۆری پزیشكی  پشكنین بۆ هەموو ئەو كەسانە دەکەن كە لە ئێران گەڕاونەتەوە. خۆشبەختانە لە پشكنینەكاندا هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوە و پێویست بە دڵەڕاوكێ‌ ناكات”.

.

هەرێمى کوردستان و ئێران چەند دەروازەیەکى نێودەوڵەتى و دەیان دەروازەى نافەرمى پێکەوە دەیان بەستێتەوە، جگە لە گەشتى ئاسمانى لەنێوانیاندا، لە ئێستاشدا هاتوچۆ لەتەواوى ئەو دەروازانە وەستێنراوە.

.

بەپێى بڕیارەکانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و ناوخۆى هەرێم، پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی بۆ ناو هەرێم تاکاتێکی نادیار راگیراوە، ئەوانەشی نشینگەی هەرێمیان هەیە ڕێگەیان پێ نادرێت بێنەناو هەرێمەوە جگە لەشاند و دیپلۆماتکاران کە پشکنینی تەواویان بۆ بکرێت.

.

هەروەها بریاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی کە لەبەرواری ۲۰۲۰/۲/٥ سەردانی ئێرانیان کردووە. ئەو هاوڵاتی یە عێراقیانەشی لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەر لەدەروازەکەدا بەووردی پشکنینیان بۆ دەکرێت لەلایەن تیمی تایبەتی تەندروستی بۆ دڵنیابوون لەتوشنەبونیان بەو ڤایرۆسە. لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار.

.

هەر بەپێى بڕیارەکان، تیمی تەندروستی تایبەت لەدەروازە پشکنینی تەواو ئەنجام دەدەن بۆ ئەو گەشتیارانەی دەگەنەوە خاکی هەرێم، پشکنینی بەردەوامیش ئەنجامدەدەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەدەروازەکەدا لەئەرکدان.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل