Shadow Shadow

پڕۆژەی هاوبەشی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕانە

ناس كورد ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە

17:56 پێنج شه‌ممه‌ 28 ئادار 2019
article image

ناس كورد-

بە واژووی 68 پەرلەمانتار پرۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا.

پڕۆژە یاساكە یەكێكە لەپڕۆژە هاوبەشەكانی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان و ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بە واژووی 68 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان) پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و ئەندامانی فراكسیۆنەكانی (یەكێتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو) واژوویان لەسەر نەكردووە.
(ناس كورد) ناوەڕۆكی پڕۆژە پێشنیارەكەی بەردەست كەوتووە و لەمادەی یەكەمی پڕۆژە پێشنیارەكەدا هاتووە:
یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2018 هەڵدەوەشێتەوە و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوە.

لە ماددەی دووەمیشدا، ئاماژە بەوە كراوە :یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی 2017 هەڵدەوەشێتەوە.

لە ماددەی سێیەمدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، پەرلەمانی كوردستان – عێراق سەرۆكێك بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو ئەرك و دەسەڵاتانەی كە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان – عێراقدا هەیە تا پەسندكردنی دەستووری كوردستان – عێراق كە تێیدا شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی دیاری دەكرێت.

لە ماددەی چواری پڕۆژەكەدا و لە بابەتی رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا، هاتووە : لە پەرلەماندا سەرۆك بە دەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێردرێت.

بەپێی پڕۆژە پێشنیارەكە : لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەبێت پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بكاتەوە. دواتر لە ماوەی سێ رۆژدا كاندیدەكان سی ڤی خۆیان پێشكەش دەكەن. دوای دوو رۆژ لە داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، ناوی كاندیدەكان رادەگەیەنرێت. دوای ئەوە مافی تانە دان دەستەبەرە بۆ ئەوانەی ناویان رانەگەیەندراوە و دەتوانن لە دادگای تەمیز تانە بدەن و بڕیاری دادگا یەكلاكەرەوە دەبێت.

ئاماژە بەوەش كراوە : سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی ئاشكرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. ئەمەش دوای سێ رۆژ لە بڕیاری دادگای تەمیز بۆ یەكلاكردنەوەی تانەكان.

جەختیش كراوەتەوە :ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەكرێتەوە و ئەوەی جاری دووەم زۆرینەی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆكی هەرێم. ئەگەر یەك پاڵێوراویش هەبوو، هەر بە دەنگدانی ئاشكرا و بە دەنگی زۆرینە دەبێتە سەرۆكی هەرێم.

لە مادەی پێنجەمدا روونكراوەتەوە: ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ كۆتایهاتنی ماوەی ویلایەتی پەرلەمان دەبێت.

لە ماددەی هەشتەمی پرۆژەكەشدا ئاماژە بەوە كراوە : ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچواندنییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

ناس كورد ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل