ناس كورد- ئەحمەد مستەفا
بەوتەی سەرچاوەیەكی بەرپرس لەئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەكردووە و گفتوگۆ لەو بارەیەشەوە لەناو ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجومەنی هەرێم بۆ نەوت و گاز، نەكراوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند”تا ئێستا یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغداد و كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” نەكراوە”.
ئاماژەی بەوەش كرد كە لەو بارەیەوە تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران و خودی دەستەی سەرۆكایەتی حكومەت و ئەنجومەنی هەرێم بۆ نەوت و گاز گفتوگۆی بژاردەیەكی لەو جۆرەیان نەكردووە و هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێك لە دەزگا میدیاییەكان، هەواڵی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمیان بە بەغدا بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند “ماوەی چەند رۆژێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كردووە لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە”.