Shadow Shadow

ناس كورد ئەو دۆسیانە ئاشكرا دەكات كە نەجمەدین كەریم بەهۆیەوە دەستگیركراوە

12:51 چوار شه‌ممه‌ 22 ئایار 2019
article image

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا
نەجمەدین كەریم پارێزگاری لەكارلادراوی كەركوك بەهۆی ژمارەیەك لە دۆسیەی سەردەمی پارێزگاری ئەو شارە دەستگیركراوە كە لەلایەن دەستەی دەستپاكی عێراقەوە لە ساڵی 2017ەوە لەدژی جوڵێنراوە.

.
ناس كورد زانیوویەتی، ساڵی پار نیازی معمار ئۆغڵۆ بڕیاردەری پێشووی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری توركمان لەسەر پارێزگای كەركوك، ژمارەیەك لەدۆسیەی لەسەر پارێزگاری كەركوك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد‌و لەوێوە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرا.

.

بەپێی زانیارییەكانی (ناس كورد) دۆسیەكان تایبەتن بە بابەتی گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی پۆستی پارێزگار بۆ بەرژەوەندی كەسی و بەوتەی ئەو كاتی پەرلەمانتارەكەی عێراق تەنانەت بڕیاری لادانی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەهۆی ئەو دۆسیانە بووە و هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی سیاسی و ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە نەبووە.

.

دۆسیەكان بۆ ماوەی ساڵانی (2013 و 2014) دەگەڕێتەوە كە 64 داوای یاسایی لەسەر پارێزگاری كەركوك تۆماركرا بوو کە هەندێکیان داخران و هەندێکى تریان بە کراوەیى ماوونەتەوە.

.
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، نەجمەدین كەریم سێ‌ فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە بەتۆمەتی دزین و سپیكردنەوەی پارە.

.
شوان داودی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند “دەستەی دەستپاكی عێراق سێ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك دەركرد، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەهەدەردانی سامانی گشتی، كاتێك لە پەرلەمانی عێراق متمانەی لێسەندرایەوە وەك پارێزگار لەسەر كەیسەكانی دزین و گەندەڵی بوو، بەهیج شێوەیەك پەیوەندی بە پرسی نیشتمانی ونەتەوەیی كورد و هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان نەبوو لەدامودەزگاكانی كەركوك”.

.

بەوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، نەجمەدین كەریم بە دەیان ملیۆن دۆلاری لە بانكەكانی كوردستان و دەرەوە شاردۆتەوە و تۆمەتباری دەكات بە دزینی لەو چەند ساڵەی رابردوو كە پارێزگاری ئەو شارە بووە.

.

شوان داوی هەواڵی دەستگیركردنەكەشی لە فڕۆكەخانەی بەیروت، پشتڕاستكردەوە و جەختی كردەوە، ڕۆژی پێش دەستگیركردنەكەی گەیشتۆتە بەیروت، دواتر ویستوویەتی گەشت بكات بۆ وڵاتی نەمسا، و پۆلیسی ئەنتەرپوڵ پێی زانیوە كە داواكراوە، فەرمانی دەستگیركردنی هەیە لە حكومەتی عێراقییەوە، دەستبەجێ لە فڕۆكەكە دایانگرتووە.

.
پێشتر (ناس كورد) بڵاوی كردەوە، سەرباری ڕەتكردنەوەی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لەلایەن نووسینگەی ڕۆژنامەوانییەكەیەوە، بەڵام (ناس كورد) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای عێراقی و لوبنانییەوە زانیوویەتی “نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك بە تۆمەتی گەندەڵی و سیپكردنەوەی پارە لە فڕۆكەخانەی بەیروت دەستگیركراوە”.

.

ئەو سەرچاوانە بە (ناس كورد)یان ڕاگەیاند، نەجمەدین كەریم لە فڕۆكەخانەی بەیروت لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیركراوە لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراقی كە بۆ ساڵی 2018دەگەڕێتەوە و تایبەتە بە گەندەڵی و سپیكردنەوە و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

.
(ناس كورد) زانیوویەتی، بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لوبنان بۆ ئازادكردنی ناوبراو و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە تاوەكو میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئازادكردنی.

.

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، بەرپرسانی لوبنان بەرپرسانی بەغدادیان ئاگاداركردووەتەوە كە نەجمەدین كەریم ڕادەستی بەغدا دەكەنەوە بەهەمان شێوەی عەبدولفەلاح سودانی، وەزیری پێشووی بازرگانی عێراق كە هەر لە بەیروت و بەهەمان تۆمەت دەستگیركرا.

.

هاوكات عەلی عامری، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان بە میدیای فەرمی حكومەتی عێراقی وتووە، بەدواداچوون بۆ بابەتی دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی كەركوك دەكەن كە لە فڕۆكەخانەی بەیروت و لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیركراوە.

.

لەلایەكی ترەوە و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە بە هەوڵێكی چەواشەكاری ناودەبات و سەرلەبەری هەواڵەكەی رەتكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد “دكتۆر نەجمەدین كەریم، بۆ كاری ئاسایی و دیبلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە كوردستان”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل