fbpx
Shadow Shadow

مەسرور بارزانی دەیویست کەمترین موچەى خانەنشینی بکرێتە 400 هەزار دینار؟

17:57 شه‌ممه‌ 25 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی دابێت کەمترین موچەی خانەنشینی بکرێتە 400 هەزار دینار بەڵام “ڕەتیشینەکردووەتەوە”.

.

ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە: ” سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هاوشێوەی بەغدا كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت”.

.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە کۆبوونەوەکانی پێش پەسەندکردنی یاسای چاکسازیدا لەگەڵ حکومەت، وەک لیژنەی دارایی پێشنیازمان کرد کەمترین موچەی خانەنشینی بکرێتە 400 هەزار دینار، بەڵام پێشنیازەکە نەخرایە نێو یاساکە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکومەت نە ڕەزەماندی لەسەر دا نە ڕەتیشیکردەوە و هەڵگیرا بۆ دواتر”.

.

وتیشی: “سەرۆکی حکومەت پێی وتین کە بەرچاوتان ڕوونە چەند پارە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئێمەش وتومانە نەخێر، بۆیە زیادکردنی موچەی خانەنشینی دواخرا بۆ دوای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و هەرچەن پارە گەڕایەوە ئەوا لەو بڕە موچەی خانەنشینی زیادە دەکرێت”.

.

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەوە لە یاساکەدا چەسپێنراوە کەو ئەو پارەیە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانبکرێت، بەڵام نازانین دەبێت بە 300 هەزار دینار یاخود 400 هەزار دینار و ئەوە لەسەر ئەو پارەیە وەستاوە کە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە”.

.

زیاد جەبار ڕوونیشیکردەوە، 80 هەزار کەس هەن مانگانە 220 موچەی خانەنشینی وەردەگرن، ئەگەر بکرێتە 300 هەزار دینار ئەوا 10 بۆ 14 ملیار دیناری پێویستە و ئەگەریش بکرێتە 400 هەزار دینار، ئەوا 45 بۆ 50 ملیار دیناری پێویستە.

.

سەبارەت بەوەی بەهۆی پڕۆژەیاسای چاکسازییەوە ئەو بڕە پارەیە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد: “لەسەر ئەوە هیچ شتێک ڕوون نییە و هیوادارین بتوانرێت ئەو پرسەی پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام بەوشێوەیەش نییە کە لە ڕابردوودا دەیانوت 100 ملیار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و گەڕانەوەکە هێندە زۆر نابێت، چونکە ڕاستە زۆر کەس هەن کە بە پلە باڵا خانەنشین کراون و ئەو پلە و پۆستەیان نەبووە لە ڕاستیدا، بەڵام زۆرێک لەو کەسانەش پێشتر پێشمەرگە و خەباتگێڕ بوون و دواجار دەبێت خانەنشینییەکیان پێبدرێت”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل