fbpx
Shadow Shadow

"جێبەجێکردنی زۆرێک لە خاڵەکانی کارنامەکە کارێکی قورسە"

مەسرور بارزانی دەتوانێت کارنامەکەی جێبەجێبکات؟

15:08 پێنج شه‌ممه‌ 11 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕای جیاوازی چاودێرانی سیاسی و شەقامى بەدواى خۆیدا هێناوە، بەشێک پێیانوایە جیاواز لە کابینەکانی ڕابردوو کارنامەیەکی زۆر تۆکمە پێشکەش کراوە، هەندێکیتریش پێیانوایە جێبەجێکردنی کارنامەکە کارێکی قورسە.

.

دوێنێ چوارشەممە مەسرور بارزانی، وەک سەرۆکی نوێی حکومەتی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و کارنامەی حکومەتەکەی ئاشكراکرد، چاودێرانی سیاسیش ڕای جیاوازییان لەسەر کارنامەی کابینەکە هەیە.

.

عەدالەت عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی پێیوایە کارنامەکە یەخەی پارتی و یەکێتی دەگرێتەوە بۆیە جێبەجێکردنەکەی قورسە، ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “جێبەجێکردنی زۆرێک لە خاڵەکانی کارنامەکە کارێکی قورسە، چونکە ئەگەر سەرنجی بدەینێ کە جەخت لەوە دەکاتەوە، دژایەتی گەندەڵی دەکات و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی چاکسازی دەدات، ئەمە ڕێک یەخەی پارتی و یەکێتی دەگرێتەوە، چونکە گەندەڵکارانی هەرێم بەرپرسانی پارتی و یەکێتی خۆیانن، ئیتر چۆن سەرۆکی حکومەت ڕوبەڕووی خۆیان دەبێتەوە؟”.

.

هاوکات بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر لەسەر کارنامەکەی مەسرور بارزانی کە وێنەیەکی تایبەتی بۆ ناس کورد نێردراوە، ئاماژە بەوەکراوە،  کارنامەی کابینەی ھەشتەم هیچ بەڵێنێکی دیاریکراوی تێدا نەبوو، کە ماوەیەکی بۆ دیاریکرابێت بۆ جێبەجێکردن، تا ئەگەر جێبەجێنەکرا، پەرلەمان لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، “ھەر ئەو خاڵەشە بەرەنجامی شکستی حوکمڕانی کوردیە لە رابردوودا”.

.

مەسرور بارزانی دەتوانێت کارنامەکەی جێبەجێبکات؟

 

.

لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکى پێشووى پارتى پێیوایە کارنامەکەی مەسرور بارزانی زۆر بەهێزە، ئەگەر هاوکاری بکرێت، دەتوانێت زۆرێک لە خاڵەکانی جێبەجێبکات.

.

ئاری هەرسین، پەرلەمانتارى پێشوى پارتى، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، کارنامەکەی مەسرور بارزانی کارنامەیەکی زۆر بەهێز و باشە، ئەگەر بتوانرێت زۆربەی خاڵەکانی جێبەجێبکرێت، دەکرێت ببێتە باشترین کارنامە بەراورد بە کابینەکانی پێشوو.

.

“پێویستە شتێک بزاندرێت مەسرور بارزانی ‘سپایدەرمان’ نییە بە تەنها ڕوبەڕوی سەختییەکان ببێتەوە، بەڵکو پێویستە لایەنەکانی دیکە و وەزیرەکان هاوکاری بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، چونکە کارکردن لە حکومەتدا وەک تیپی تۆپی پێ وایە، پێویستە بە تیم کار بکەن، نەوەک بە بیرکردنەوەی حزبی کاربکەن”، ئارى هەرسین واى وت.

.

وتیشی: “ئەوەندەی من کاک مەسرور بناسم، دەزانم زۆر جددیە لە کارەکانیدا و هەوڵی تەواو دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، بەڵام ناتواندرێت بەڵێنی دیاریکراو بدرێت و لە هیچ وڵاتێکدا بەڵێنی لەوشێوەیە نییە، کاتی بۆ دیاریبکرێت و بڵێن دوای دوو ساڵ ئەو کارە تەواو دەکەین”.

.

مەسرور بارزانی دەتوانێت کارنامەکەی جێبەجێبکات؟

 

.

هەرچەندە عەدالت عەبدوڵا پەرلەمان و پێکهاتەکەی بە لاواز بەرامبەر حکومەت وەسفکرد، بەڵام ئاری هەرسین پێیوایە پەرلەمان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن هاوکارێکی باشی جێبەجێکردنی کارنامەکەى مەسرور بارزانى بن.

.

لە توێژینەوەکەی دەزگای ستاندەردا ئاماژە بەوەکراوە: “ڕۆڵی سلبی ولاوازی ئەندامانی پەرلەمان زۆر بەئاشکرا لە کارنامەکەی حکومەتدا ڕەنگی داوەتەوە، چونکە پەرلەمان لەکاتی پێکھێنانی ھەر حکومەتێکی نوێ، بە پلەی یەکەم متمانە دەدات بە بەرنامە و کارنامەی حکومەت، پاشان متمانە دەدات بە وەزیرەکانی کابینەکە”.

.

هەروەها عەدالەت عەبدوڵڵا پێیوایە پەرلەمان ناتوانێت لێپێچینەوە لە وەزیرەکان و حکومەت بکات، چونکە لە خولی پێشوودا هیچ وەزیرێک بانگهێشتی پەرلەمان نەکراوە و حکومەت حساب بۆ پەرلەمان ناکات، دەشڵێت: “پێکهاتەی خولی ئێستای پەرلەمانیش خراپترە لە ڕابردوو، چونکە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان لای دەسەڵاتە و ئۆپۆزسیۆن وەک خولەکانی پێشوو چالاک نییە”.

.

دوێنێ چوارشەممە مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و ڕاگەیاند، لە کارنەمەکەیدا بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، خزمەتکردنى هاوڵاتییان ئەرکى لەپێشینەیە و حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان شەفاف دەبێت، هەروەها ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران، گرنگترین کاری ئەو دەبێت لە کابینەکەدا.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل