fbpx
Shadow Shadow

مەسرور بارزانى وەک ئەوەى باس دەکرێت توند و توڕەیە؟ [تایبەت]

20:52 یه‌ك شه‌ممه‌ 04 ئاب 2019
article image

ناس کورد –

هێشتا مەسرور بارزانى، تەنها راسپێردرابوو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێم و دەستبەکارنەبوو بوو لەو پۆستە، وێنەیەکى وا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەم کەسایەتییە کە کوڕە گەورەى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە درابوو کە کەسێکى توندە و حسابى زۆر بۆ کات دەکات و گەندەڵکاران دەداتە دادگا و فۆبیایەکیان لەلاى فەرمانبەران و بەڕێوەبەر و کاربەدەستانى حکومەت بەرامبەر بەو دروستکردووە.

.

مەسرور بارزانی، گەنجترین سەرۆک وەزیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو گەنجەی سێهەمین نەوەی نێو بنەماڵەکەیەتی کە جڵەوی دەسەڵاتی هەرێمە کوردییەکەی باکوری عێراقى گرتووتە دەست.

.

رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە دەنگی 88 پەرلەمانتار بووە سەرۆکی نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەوەش دوای نێچیرڤان بارزانی بووە سێهەمین سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی 27 ساڵی حوکمڕانى کوردیدا.

.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو سیمایەى کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆى نەخشێنرابوو، مەسرور بارزانی رۆژی 10ی تەموزی 2019 لە یەکەمین وتاریدا وەکو سەرۆک وەزیران دوای سوێند خواردنی رایگەیاند: “لەمەودوا لە گەندەڵی بێدەنگ نابین و لەمەودوا ئەو ئەجێندا و بەڵێنانە جێبەجێ دەکەین، کە لەکاتی هەڵبژاردن داومانە و هەروەها ڕێگە بەهیچ وەزیرێک نادەین لەدەرەوەی بەرنامەی حکومەت کار بکات، چونکە وەزیرەکان هی هەر حیزبێک بن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە و نابێت بەرژەوەندی وەزیرەکان لەسەرو بەرژەوەندی هاوڵاتیانەوە بێت و موڵک و سامانی گشتی بەکاربهێنن بۆ خۆیان”.

.

دوای کەمتر لە دوو هەفتەش لەو وتارەی، لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا “سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە و سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتیشی پابەند کرد بەوەی، لە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمیدا و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵێت، یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات و فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن”.

 

مەسرور بارزانى وەک ئەوەى باس دەکرێت توند و توڕەیە؟ [تایبەت]

.

لە بڕیارێکی دیکەشدا رایگەیاند: “دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن”.

.

دوای دەرکردنی ئەم بڕیارانەش وێناکردنێکی جیاواز بۆ خودی مەسرور بارزانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروست بو، تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێت: “کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی نوێ کەسایەتییەکی توندە و هەر لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە، کۆمەڵێک بڕیاری توندی بەرامبەر وەزیرەکان و فەرمانبەرەکان دەرکردووە و زیاتر سیمای حکومەتیکی ‘پۆلیسی’ پێوە دیارە”.

 

.

بەهمەن کاکە عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە ناس کوردى راگەیاند: “لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا 45 کورسیمان بەدەستهێنا، دروشمی بەدەستهێنانی ئەو کورسیانەشمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ‘بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز’ بوو، بۆیە مەسرور بارزانی هەر لەسەرەتاوە دەستی کردووە بە رێکخستنەوەی حکومەت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی کە لە حکومەتەکانی رابردودا هەبوون ئەویش بە ئامانجی دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز”.

.

وتیشى، مەسرور بارزانی لە سەرجەم وتارەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتێکی بەهێز دروستدەکات، ئەویش بەو مانایە نییە کە حکومەتێکی توند و رەق بێت بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە کە حکومەتێک دروستدەکات لەڕوی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەهێز بێت هەروەها دەیەوێت حکومەتەکەی خزمەتی هاوڵاتی بکات و هەروەها حکومەتی هاوڵاتی بێت.

.

لەبارەى بڕیارەکانیشیەوە، پەرلەمانتارەکەى پارتى روونیدەکاتەوە، سەرۆکی نوێی حکومەت ئەو لێپرسینەوە و سزایانەی بڕیاری لێداوە بۆ فەرمانبەران تەنها فەرمانبەرانی شارێکی تایبەت و ئاستێکی تایبەت ناگرێتەوە، بەڵکو لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەبێت و بڕیارەکە لە فەرمانبەرێکی ئاساییەوە تاوەکو وەزیرەکانی حکومەت دەگرێتەوە، هەروەها لە هەموو فەرمانگە و وەزارەتێکی سەرجەم پارێزگا و شارۆچکەکاندا لێپرسینەوە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت بەهەموان حکومەتێکی بەهێز دروست بکرێت.

.

ئەو لەو بڕوایەدایە، ئەوەی سوود دەبینێت لەو چاکسازی و جدیکردنەوانەی دەوام کە کاک مەسرور زۆر لێی جدییە هاوڵاتیانن.

.

سەرکردەیەکى یەکێتى لەو بڕوایەدا نابێت وێناى سەرۆک وەزیران و بەرپرسانى حکومەت بەجۆرێک بکرێت، کە خەڵک لێى بترسێت و بە بڕیارە رەقەکانى بناسرێتەوە.

مەسرور بارزانى وەک ئەوەى باس دەکرێت توند و توڕەیە؟ [تایبەت]

.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ناس کوردى وت: “هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی حکومەت بۆ ئەوەی بزانرێت کە چۆنە و چی پێ دەکرێت؟، پێویستە 100  رۆژ بەسەر کابینەکەدا تێپەڕ ببێت، بەڵام ئەو بڕیارانەی تا ئێستا دەبینرێت شتی باشە و خەڵک پێی خۆشە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت چاوەڕی بکەین کە بزانین ئەم جدی بونەی ئێستا بەردەوام دەبێت و سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا و ئەو کاتە دەردەکەوێت کە ئەو حکومەتە دەتوانێت تا چەندێک قسە و بڕیارەکانی خۆی جێبەجێ بکات”.

.

ئەسەسەرد، هێنانە پێشەوە و بەخشینەوەى پۆست بە ئاشتى هەورامى وەزیرى پێشووى سامانە سروشتییەکان بە خاڵێکى لاواز و هەڵەى ئەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەزانێت.

.

لەو بڕوایەشدایە، نەدەبوو هیچ کام لە وەزیرانی پێشوی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەکانی ئەو پۆستانەیان وەرگرنەوە، دەشڵێت: “لە وەزارەتەکانی ئەواندا زۆرترین گەندەڵی هەبوە و زۆرینەی کێشەکانی کابینەی رابردوو ئەو دوو وەزیرە دروستیان کردوە و ئەم کابینەیەی ئێستاش سەرقاڵی چارەسەری  کێشەکانی ئەوانن بۆیە دەبوو ئەوان پۆستیان وەرنەگرتایەتەوە”.

.

وەزیرێکى نوێى کابینەکەى مەسرور بارزانى کە تائێستا سێ کۆبوونەوەى کردووە، هەڵسوکەوتى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کۆبوونەوەکاندا بە جددى دەبینێت و دەڵێت: “ئێمە وەکو وەزیرەکان هەستدەکەین کە هەر بە راستی دەیەوێت چاکسازی بکات و ئەو بڕیارانەی کە دەیدات جێبەجێی بکات”.

.

ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێمى حکومەتى هەرێم بۆ ناس کوردى ڕوونکردەوە، ئەو بڕیارانەی حکومەتی هەرێم دەیدات سەرجەمیان بڕیارى باشن و کاتی بڕیارەکانیش لەکاتێکی گونجاودا بووە، دەشڵێت: “دەمانەوێت بەشێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکرێت و هەروەها لە بڕیارەکانیشدا سەرجەم وەزیرەکان بەشداریان پێدەکرێت و بڕیاری سەرجەم حکومەتە”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل